سلێمانی: لایەنە پەیوەندیدارەکان پەناگە بۆ سەگە بێخاوەنەکان دابین ناکەن

هەواڵ / کوردستان :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 375‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لەسلێمانی رایدەگەیەنێت: بۆ چارەسەری كێشەی سەگی بێخاوەن دەبێت پەناگەیان بۆ دروستبكرێت كە ئەركی شارەوانییە، بەڵام شارەوانیش دەڵێت: "دروستكردنی پەناگە پەیوەندی بە ڤێتێرنەری هەیە".


بەوتەی بەشێك لە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی، ماوەیەكە لەنێو شەقام و گەڕەكەكانی سلێمانی بوونی سەگی "بێخاوەن" لەزیادبووندایە، د.ئاری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: سەگی بێخاوەن پێشتر هەر لەنێو شاردا هەبووە و هۆکاری بوونی ئەو سەگە بێخاوەنانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەکەس نایانگرێتە خۆیان و پەناگەیەکیشیان نییە تیایدابن كە لەهیچ وڵاتێكدا شتی وانییە.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەو سەگانە لەدەرەوەی شار خواردنیان دەستناكەوێت، لەبەرئەوە بەناچاری دێنە نێو شار بۆ خواردن، سەگیش ماوەی ئاوسبوونی كەمە و زوو زاووزێ دەكات و زیاد لە توتکێکی دەبێت.

بەوتەی د.ئاری، ئەوان نایانەوێت سەگ لەناو ببەن، بەڵكو باشتر وایە پەناگەیان بۆ دروست بكرێت و وتی: "هەندێك رێكخراوی ئەو بوارە هەن كە دەیانەوێت پەناگە بۆ سەگ دروستبكرێت كە ئەوە ئەركی شارەوانییە، بۆ نمونە لەشاری ئامەد بەو جۆرەیە و ئەگەر كێشەی تەندروستییان هەبێت ڤێتێرنەری هاوكارییان دەكات".

لە بەرامبەردا سەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: كاتێك سەگێكی بێخاوەن (دەتۆپێت) ئەركی ئەوان شاردنەوەیەتی لەناوچەی تانجەرۆ، بەڵام دروستكردنی پەناگە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری هەیە، بۆیە ئەگەر ڤێتێرنەری یان ریكخراو یان هاووڵاتی ئاسایی داوای زەوییان کرد بەمەبەستی دروستكردنی پەناگە، ئەوان بۆیان دابین دەكەن.

 

پ: ئەڤین



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure