وێنە.. پێشمەرگەیەك لە سویدەوە پێداویستی پزیشكی دەگەیەنێتە هەڵەبجە

هەواڵ / کوردستان :: 11/02/2019‌ :: 633‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید


دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە هەوڵی بەرپرسانی كەرتی تەندروستی هەڵەبجە و وەزیری تەندروستی، ئەمڕۆ پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتی نشتیمانی كوردستان توانی زیاتر لە 10 تەن پێداویستی پزیشكی بگەیەنێتە هەڵەبجە.


د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: وەك ئەركێكی نیشتمانی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەڵەبجە، پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە ناوی (سەلاح حسێن جەلیلەیی) دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە هەوڵ و تێكۆشان بۆ گەیاندنی پێداویستی پزیشكی بۆ شاری هەڵەبجە، توانی ئەمڕۆ بڕی 10 تەن و 170 كیلۆ پێداویستی پزیشكی بگەیەنێتە دەستمان.

ئاماژەی بەوەشكرد، وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەڵەبجە و چەند ڕێكخراو و كەسایەتییەك هاوكاری باشمان بوون لە گەیاندنی ئەم یارمەتییە تەندروستییانە لە وڵاتی سویدەوە بۆ هەرێمی كوردستان و پاشان گواستنەوەیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، هاوكات هۆكارێكی باش دەبن لە سود گەیاندن بە كەرتی تەندروستی هەڵەبجە بەتایبەت بۆ كەسانی بەساڵاچوو و خاوەن پێداویستی تایبەتی، چونكە زۆربەی كەرەستە پزیشكییەكان خۆیان لە پێداویستی كەسانی بەساڵاچوو خاوەن پێداویستییەكان دەبیننەوە.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، هەر ئەمڕۆ سەرجەم ئەو پێداویستییە پزیشكییانەی كە لە وڵاتی سویدەوە نێردرابوون گواستمانەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی ناحیەی بیارە و دواتر بە پێكهێنانی لیژنەیەك سەرجەم ئەو كەسانەی كە پێویستییان بەو ئامێرە پزیشكییانە هەبێت دابەشدەكرێن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە