توركمانه‌كان داواكارییه‌كانیان بۆ به‌شداری له‌ حكومه‌ت به‌ پارتی دا

هەواڵ / کوردستانی :: 11/02/2019‌ :: 245‌ جار بینراوە
وێنەی کۆبوونەوەکە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


توركمانه‌كانی هه‌رێم، داواكارییه‌كانیان بۆ پێدانی پۆست و به‌شداری له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بە پارتی دا، به‌رپرسێكی توركمانه‌كان ده‌ڵێت: "داوای پۆستێكی سیادی و وه‌زاره‌ت و چه‌ند پۆستێكی دیكه‌ ده‌كه‌ین".


(پێشنوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی شوباتی 2019) شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانی هه‌رێم كۆبۆوه‌.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، محه‌مه‌د ئیلخانلی، سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، توركمان سه‌رجه‌م داواكاری و مه‌رجه‌كانی خۆی بۆ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ شاندی پارتی داوه‌.

له‌باره‌ی داواكارییه‌كانی توركمان، محه‌مه‌د ئیلخانلی وتی: "ئێمه‌ مه‌رجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت پۆستێكی سیادی، واته‌ جێگری یه‌كێك له‌ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێم (حكومه‌ت، په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم) به‌ توركمان بدرێت، هه‌روه‌ها پۆستێكی خزمه‌تگوزاری و چه‌ند پۆستێكی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و راوێژكار له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانی دیكه‌ به‌ توركمان بدرێت".

له‌باره‌ی ره‌زامه‌ندی پارتی له‌سه‌ر مه‌رج و داواكارییه‌كانی توركمان، سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمان وتی: "شاندی پارتی ئاماده‌یی خۆیان بۆ جێه‌به‌جێكردنی داواكارییه‌كانی توركمان نیشانداوه‌، بۆیه‌ توركمان ئاماده‌یه‌ به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی 18ی ئه‌و مانگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بكات بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان".

بڕیاره‌ شانده‌كه‌ی پارتی كه‌ له‌ هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و دڵشاد شه‌هاب و فرسه‌ت سۆفی و عه‌لی حوسێن پێكهاتووه‌، سه‌ردانی مه‌سیحییه‌كان بكه‌ن له‌ هه‌ولێر.

توركمان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سیستمی كۆتا، پێنج نوێنه‌ری هه‌یه‌ و له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر سێ نوێنه‌ر و له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی نوێنه‌رێكی هه‌یه‌ و له‌سه‌رجه‌م كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ وه‌زیرێك به‌شداری توركمانه‌كان كراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure