دواڕۆژ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر هەڵەبجە ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 11/02/2019‌ :: 536‌ جار بینراوە
مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

دواى تێپه‌ڕبونى 31 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌چه‌كى كیمیایى و شه‌هیدبونى پێنج هه‌زار هاووڵاتى و برینداربونى به‌ سه‌دانى دیكه‌، به‌ڵام تا ئێستا حه‌وت بۆمبى نه‌ته‌قیوى ئه‌و كاته‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ گومانده‌كرێت بۆمبى كیمیایى بن.


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى مانه‌وه‌ى حه‌وت بۆمبى نه‌ته‌قیو له‌چه‌ند جێگه‌یه‌كى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئێستادا مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر خاك و ئاوى هه‌ڵه‌بجه‌ ماوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبونى كاتدا به‌رگى ئه‌و بۆمبانه‌ ده‌ڕزێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بۆمبى كیمیایى بن ئه‌وا له‌گه‌ڵ خاك و ئاوى ژێرزه‌وى هه‌ڵه‌بجه‌ كارلێك ده‌كه‌ن و كاره‌ساتى نه‌خوازراوى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، زۆر گرنگە لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌كان ئه‌و بابه‌ته‌ به‌جددى وه‌ربگرن و ئه‌و ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌ لاى هاووڵاتیان دروستبووه‌ نه‌یهێڵن.

رونیشى كرده‌وه‌: له‌ ئێستادا له‌كۆى 15 ژێرزه‌مینى هه‌ڵه‌بجه‌، هێشتا حه‌وت ژێرزه‌مینیان مه‌ترسی مانه‌وه‌ى ئه‌و گازانه‌یان له‌سه‌ره‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیانه‌وه‌ داخراون و  ساڵى رابردوو تیمێكى بریتانى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى كاریگه‌رى گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان له‌یه‌كێك له‌ ژێرزه‌مینه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا، دواتر ئه‌و تیمه‌ بریتانیه‌ هۆشداریاندایه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت ئه‌و ژێرزه‌مینانه‌ به‌كاربهێنرێن.

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ وتیشى: "دواى تێپه‌ڕبونى 31 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌دا تائێستاش كاریگه‌رى ئه‌و گازانه‌ هه‌ر ماوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر به‌ركه‌وتوانى چه‌كى كیمیایى و ئه‌و ژێرزه‌مینانه‌ى كه‌ هه‌واگۆڕكێ تیایاندا روونادات تیشكى خۆریان به‌رناكه‌وێت باران لێیان نادات، چونكه‌ به‌ وته‌ى ئه‌و تیمه‌ بیانیانه‌ى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ هاتون ئه‌وه‌یان پشتڕاستكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ شوێنه‌ داخراوه‌كاندا مه‌ترسى مانه‌وه‌ى گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان هێشتا له‌ ئارادایه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure