بۆچی خانمان پۆشاکی سپییان پۆشی؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 10/02/2019‌ :: 245‌ جار بینراوە

لە پشتەوەی، نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە جلوبەرگێکی سپییەوە دانیشتبوو، لە بەردەمیشی، کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئافرەت بە جلوبەرگی سپی و تەنانەت تیفانی کچیشی بەهەمان جلوبەرگەوە دەرکەوت و لەوە نەدەچوو تەنیا رێککەوت بێ. ئەمانە لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری ساڵانەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێس روویدا.

ئەم نمایشە ئازایانە كە لەلایەن گروپی كاری ژنانی دیموكراتەكانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران سازكرابوو تیایدا دەیان ئەندامی تری ئەو ئەنجومەنە بەدی دەكرا كە پشتیوانیان لە ژنان دەكرد. لەو دیموكراتانەی كە بەشداریان كرد بریتی بوون لە هەریەك لە ئەلكساندریا ئۆكسایۆ كۆرتزی نوێنەری ویلایەتی نیویۆرك و ئیلهام عومەری نوێنەری ویلایەتی مینیسۆتای سەر بە كۆمارییەكان كە جلی سپی و حیجابی شینی پۆشی بوو.

تەنانەت نوێنەری کۆمارییەکانیش (دین فیلیپس)ی مینیسۆتا خۆی خستەناو کۆمەڵەکەوە و چاکەتێکی سپی و ئێخە چاکەتێکی ڕەشی پۆشیبوو، قۆپچەی چاکەتەکەشی نوسرابوو (بەڵێ  ERA) کە ئاماژەیەکە بە (Equal Rights Amendment) واتە چاکسازی لە مافی یەکسانیدا. پاشان ئەو پیاوانەشی پۆشاکەکانیان سپی نەبوو قردێلەی سپییان بەسەردا دابەش کرا.

جێی ئاماژەیە ئەم کارە جیاوازیی نێوان دوو حیزبەکەی بە ڕوونی نیشاندا، بووە هۆی دابەشبوونێکی ڕوون لە ئەنجومەندا و لە هەمان کاتدا سەرەنجی ڕاکێشا بۆ بژاردەی مێلانیا و ئیڤانکا بۆ پۆشینی پۆشاکی ڕەش. ڕۆڵی ڕەنگی سپی لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتوەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا.

ئەم ڕەنگە پەیوەستە بە بزوتنەوەی داکۆکی لە مافەکانی خانمان بۆ دەنگدان. داکۆکیکارانی ڕابردوو بۆ مافی خانمان ئەم پۆشاکە سپییەیان پۆشیوە وەکو ئاماژەیەك بۆ پاکژی، هەروەها زۆرجار ڕەنگی پەمەییشیان لەبەر کردووە وەکو ئاماژە بۆ شکۆمەندی و هەروەها ڕەنگی سەوز بۆ هیوا. داکۆکیکارانی مافی خانمان ڕەنگی سپیشیان بەکارهێناوە بۆ دڵنیاییدان بە هاووڵاتیان کە مەبەست و ویستیان ئاشتیخوازیە نەک شەرانگێزی.

(لویس فڕانکێڵ)ی نوێنەری فلۆریدا و سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت: ئەو کارەی ڕۆژی سێشەممە وەکو پاڵپشتییەك بووە بۆ ئەو بزوتنەوەیە.

ئەم خانمە پێش وتارەکەی ڕۆژی سێشەممە بە CNNی ڕاگەیاند: پۆشینی ڕەنگی سپی پەیامێکی ڕێزدارانەیە بۆ یەكبوون و پاڵپشتی دەربڕین بۆ هەموو خانمانی وڵات و ڕاگەیاندنێکە لەسەر ئەوەی بێدەنگ نابین لە بەرامبەر ئەو مافانەی بە سەختی بەدەستمان هێناون.

پۆشینی ڕەنگی سپی بووە بە هێمایەک بۆ خانمانی سیاسی. شێرلی چیزم، یەکەمین خانمی ئەفریقی-ئەمریکیە کە هەڵبژێردرێت بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا، لە ساڵی 1969 پۆشاکی سپی پۆشی بۆ کاتی سوێند خواردنەکەی. جێرالدین فێرارۆ هەمان کاری کرد کاتێك هەڵبژێردرا بە یەکەمین پاڵێوراوی جێگری سەرۆكی ئەمریکا.  

لەم ساڵانەی دواییدا، هیلاری کلینتۆن هەمان کاری کرد، دیارترینیان کاتێک پارتەکەی پاڵاوتنەکەی پەسەندکرد بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2016-دا.

هەروەها ئەمە یەکەمجاریش نیە ترەمپ شەپۆلێکی ڕەنگی سپیی ببینێت. لە 2017-دا کۆمەڵێك خانمانی دیموکرات پۆشاکەکانیان هاوتا کرد کاتێك ترەمپ وتارێکی هاوبەشی دەدا لە کۆنگرێسدا بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی مافەکانی نەوە خستنەوە و مووچەی هاوتا و چەند کێشەیەکی تری خانمان. 

سەرچاوە: سی ئێن ئێن

وەرگێڕانی: شارۆ محەمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure