نوێترین دورگە لەجیهاندا ئاشکرادەبێت

هەواڵ / چاوی تۆ :: 10/02/2019‌ :: 421‌ جار بینراوە

زانایان هێمای بوونی ژیانیان دۆزیەوە لە نوێترین دورگەی جیهاندا، ئەوەش پاش چوار ساڵ لە دروستبوونی بەهۆی تەقینەوەیەکی گڕکانییەوە.

ناوی ئەم دورگەیە بەشێوەیەکی نافەرمی بریتیە لە (هەنگا تۆنگا-هەنگا هاپای) و دەکەوێتە ناو شانشینی تۆنگا-وە و گوڵ و گوڵزاری ڕەنگ پەمەیی و گژوگیا و باڵندە و تەنانەت کونەپەپوشی تێدایە.

تۆنگا پێكدێت لە زیاتر لە 170 دورگە لە زەریای هێمندا و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئوستورالیاوە.

تیمێك لە دەستەی پەروەردەی دەریایی و ناسا-وە سەردانی تەپۆڵکە زەویەکەیان کرد لە تشرینی یەکەمدا، پێشتر تەنها لە ڕێی مانگی دەستکردەوە تەماشای دورگەکەیان دەکرد.

ئەی دورگەکە چۆن دروستبووە؟
هەنگا تۆنگا-هەنگا هاپای، لە کانونی یەکەمی 2014-دا دروستبوو پاش ئەوەی گڕکانێکی ژێرئاویی تەقییەوە و دوکەڵ و خۆڵ و بەردی کرد بە هەوادا.

کاتێك تەپوتۆزەکە نیشتەوە، کارلێکی کرد لەگەڵ ئاوی دەریاکەدا و پتەو بوو. پاش مانگێك ئەم دورگە نوێیە دروستبوو.

دان سلەیباک، لێکۆڵیەری سەر بە ناسا لە نێو ئەوانەدابوو کە سەردانی دورگەکەی کرد لە تشرینی یەکەمدا و وتی: هەموویان بە شێوەیەك ڕەفتاریان کردووە وەكو ئەوەی خوێندکاری نوێ بن.

ئەم لێکۆڵەرە پارچەیەك قوڕی گڕکانیی ڕەنگ کاڵی دۆزیەوە، شتێك کە بووە هۆی سەرسامکردنی.

سلەیباك لە پۆستێکی ناسادا دەڵێت: "بەڕاستی نەمانزانی ئەمە چیە و کەمێك سەرسامبووین بەوەی دەبێت لەکوێوە هاتبێت".

بەپێی وتەی خاتوو فینیکس-یش، روونکردنەوەی ژیانی ئاژەڵان و رووەکەکان ئاسانترە.

ئەم خانمە دەڵێت: "شتێکی سەیر نیە لێرە ڕووەك گەشە بکات، ئەمە ئەگەری زۆرە بە ئاژەڵەکانەوە هاتبێت، ئەگەری زۆرە بە پاشماوەی باڵندەکانەوە کەوتبێتە خوارەوە و زەویی گڕکانیش زەویەکی زۆر بەپیتە، هەروەها دیارە ئاژەڵەکانیش لە دوورگەکانی ترەوە هاتوون".

سەرچاوە: بی بی سی
وەرگێڕانی: شەیما محەمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure