بۆنی فەل لەهەرێمدا بازاڕی گەرمە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/02/2019‌ :: 1514‌ جار بینراوە

دواڕِۆژ، پشتیوان جەمال

لەدەرەوە و ناوه‌وه‌ دوكانەكە بەجۆرەها بۆنی "فەل" رازێنراوەتەوە و كاتێكیش دەڕۆیتە ناوەوە، بۆنی جۆراوجۆر مەستت دەكات، خاوەنەكەی وەسفی بۆنەكانی دەكات و دەڵێت "بۆنی فەل" لە بۆنی كەپس باشترن، دەشڵێت: "ساڵی رابردوو گەنجێك بایی 1000 دۆلار بۆنی كڕیوە".


ئێستا لەشاری سلێمانی نزیكەی 200 دوكان تایبەتن بە فرۆشتنی بۆنی "فەل" واتە خۆیان لەدەرەوەی وڵات بۆنەكە دێنن و لەگەڵ ماددەی دیكە تێكەڵی دەكەن و دەیفرۆشن، لەو ژمارەیەش چوار كەسیان بازرگانن.

بۆنی "فەل" لەنێو شوشەی كەمێك گەورەدان، بەڵام كاتێك كڕیار داوایان دەكات بە سرنجی دەرزی و بە ملیم دەكرێنە شوشەی تایبەت و لەگەڵ ماددەیەكی دیكە تێكەڵ دەكرێن دەدرێتە كڕیار.

ساڵی رابردوو 5  تەن بۆنی هێناوە
دارا جەمال، فرۆشیاری دوكانی بۆن لەشەقامی مەولەوی شاری سلێمانی بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەوان لەوڵاتانی (فڕەنسا، سویسرا، ئەڵمانیا) بە كیلۆ رۆحی بۆن كە لەنێو خەڵكیدا بە "بۆنی فەل" ناسراوە هاوردە دەكەن و لێرەش لەگەڵ ماددەی ئیسانۆڵ تێكەڵی دەكەن تا خەڵك بتوانێت بەكاری بێنێت، چونكە ئەو ماددەیە توانای بڵاوبوونەوە و مانەوەی بۆنەكە دیاری دەكات.

ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بەوەكرد: كاتێك فرۆشیار یان بازرگانێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەوە پەیوەندی دەبەستێت بۆ هاوردەی بۆن، دەبێت ئەو بازرگانە لە 15 كیلۆ كەمتر رۆحی بۆن هاوردە نەكات، وەك خۆیشی ئاشكرایكرد، ساڵی رابردوو لە 500 تا 600 جۆری بۆن 5  ته‌نی هاوردە كردووە.

نرخەكانیان چەندە؟
نرخی كیلۆیەك بۆن كە ئەو فرۆشیارە هاوردەی دەكات لەنێوان 180 تا 300 دۆلارە و لێرەش دوای تێكەڵكردنی لەگەڵ ئیسانۆڵ شوشەی 50 ملیم بە 20 هەزار دینار دەفرۆشن، بۆنی دیكەش هەیە هەر 50 ملیم بە 10 هەزار دینار.

"فەل فرۆشی لەكەپس زیاترە"
لەنێو دوكانی دارا جگە لەبۆنی فەل، بۆنی كەپسیش دانرابوو، بەڵام ئەوانە زیاتر لە وڵاتانی كەنداو هاوردە دەكرێن و نرخیشیان گرانترە، دوكاندارەكە دەیوت: "كەپسەكان كۆمپانیای ئیماراتین، بەڵام لەبەرئەوەی رێژەی بۆنیان كەمتر تێدایە و كەمتریش دەمێننەوە، بۆ نموونە ئەگەر بۆنێكی ئیماراتی دوو كاتژمێر بمێنێتەوە، فەل دوو رۆژ دەمێنێتەوە، بۆیە خەڵك زیاتر بۆنی فەل دەبات، بۆ ئەوەش گەرەنتی دەدەن".

ئەو دوكاندارە وتیشی: "بۆ نموونە هەندێك بۆنی ئیماراتی 100 ملیم بایی نزیكەی 45 هەزارە، بەڵام ئەو 100 ملیمە لە بۆنی فەل بایی 20 هەزارە".

گەنجێك بایی 1000 دۆلار بۆنی كڕیوە
دارا نموونەی گەنجێكی هێنایەوە كە ساڵی رابردوو بۆ كڕینی بۆن سەردانی كردوە و بایی زیاتر لە 1000 دۆلار بۆنی كڕیوە كە ئەو پارەیەش زۆر زۆر بووە، بەڵام بەوتەی ناوبراو، كچان زیاتر بۆنی كەپس بەكاردێنن.

لەنێو شەقامی مەولەوی چەند دوكانێكی فرۆشی بۆنی فەل كراوەتەوە، سدیق رەشید، خاوەنی دوكانێكی دیكەی فرۆشتنی بۆنی "فەل"ەو ماوەی سێ ساڵە ئەو كارە دەكات، بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: ئەوان لەوڵاتانی فڕەنسا و ئەڵمانیاوە بۆن ده‌هێنن، ئێستا 300 جۆر بۆن لە دوكانەكەیاندایە، بەتایبەتیش ماركەكانی (BOSS, LACOS) سەرفیاتیان هەیە.

ناوبراو روونیكردەوە: ئەوان كیلۆیەك بۆن بە سەرووی 200 دۆلار دەفرۆشن كە ئەوەش بەپێی جۆری بۆن و كۆمپانیاكە دەگۆڕێت، وەكو ئەو باسیكرد، لەبەرئەوەی لای كورد بەكارهێنانی بۆن نەبۆتە كلتور، بۆیە سەرفیاتی بۆن كەمترە بەتایبەتیش بۆنی فەل.

بۆنی كەنداو فرۆشی زیاترە؟
نەوزاد مەحمود، خاوەنی دوكانێكی پێداویستی جوانكارییە كە بۆنی كەپس لەوڵاتی بەریتانیاوە دێنن بەدواڕۆژی راگەیاند: بەپێی خواستی خەڵك بۆن دێنن و ئێستا خەڵك زیاتر بۆنی كەنداو بەكاردێنن، بەڵام نازانن ساڵانە بایی چەند دەفرۆشن، ئاماژەی بەوەشكرد، كڕیار هەردوو بۆنەكەی دەوێت هەم فەلەكە و و هەم كەپسیش.

ساڵانە بایی 500 دۆلار بۆن دەكڕێت
ئاڤان عەلی، كچە فەرمانبەرێكی تەمەن 36 ساڵە و بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: زۆربەی كات لەدەرەوەی وڵات بۆن دەكڕێت بۆ نموونە ئەگەر خۆی بڕواتە دەرەوە یان كەسوكاری بڕۆنە دەرەوە و بگەڕێنەوە پێیان دەڵێت: "جۆرە بۆنێكی دیاریكراو و تایبه‌تم بۆ بكڕن".

ئەو وتی: "ساڵانە بایی نزیكەی 500 دۆلار بۆن دەكڕم، بەڵام هەمیشە بۆنی كەپس دەكڕم، چونكە بەلامەوە خۆشترە، راستە ئێستا بۆنی فەلیش هاتووە هاوڕێكانم بەكاریانهێناوە دەڵێن بۆنی خۆشە، بەڵام هەرزانترە".

ساڵانە بایی 40 هەزار دینار بۆن دەكڕێت
نەریمان بەكر، گەنجێكی تەمەن 23 ساڵە و لە كۆمپانیایەك كار دەكات بەدواڕۆژی راگەیاند: ساڵانە بایی نزیكەی 40 هەزار دینار بۆن دەكڕێت و هەردوو جۆرەكەشی كڕیوە كەپس و فەل، نەریمان دەڵێت: ماوەیەك لەمەوبەر بۆنێكی كەپسم بە 14 هەزار دینار كڕی ئێستا تەواو بووە و بەنیازە بیكڕێتەوە، بەڵام بۆنە فەلەكەشی بەكارهێناوە و لەكەپسەكان بەلایەوە خۆشتر بووە.

زیاتر لە 200 دوكان بۆن دەفرۆشن
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: سەرچاوەی سەرەكی بۆن لەفڕەنسا، ئیتاڵیا، بولگاریا، توركیایە، لە هەر شارێكیش زیاتر لە 100 دوكان بۆن دەفرۆشن، چونكە بۆن لەگەڵ كۆزماتیك و جلوبەرگ و جوانكاری دادەنرێت، بەڵام ئامارێكی ورد سەبارەت بەهاوردەی رێژەی بۆن نییە.

بۆن تایبه‌تمه‌ندییەكى سه‌یر به‌كه‌سه‌كان ده‌دات، سه‌رنجى به‌رامبه‌رى پێڕاده‌كێشرێت، ژن و پیاو و گه‌نج و بیر، وه‌ك به‌شێك له‌ ئه‌ته‌كیەت له‌ هه‌رچوونه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ك بۆن لەخۆیان ده‌ده‌ن، بۆن جگه‌ له‌وه‌ى به‌ گوێره‌ى وه‌رزه‌كان جیاوازه‌، زۆرجار به‌پێى بۆنه‌كانیش (موناسەبە) بۆنیان ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ بازرگانى بۆن روو له‌ زیاتر بوژانه‌وه‌ بكات. 

پ:س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure