رواندز: كۆڕبه‌ندێكی گه‌شتیاری به‌ڕێوه‌چوو

هەواڵ / ئابوری :: 10/02/2019‌ :: 193‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی شوباتی 2019) به‌ ئاماده‌بوونی 30 كۆمپانیای گه‌شتیاری بیانی و ناوخۆیی، كۆڕبه‌ندێكی گه‌شتیاری ئه‌نجامدرا، ئه‌وه‌ش به‌ ئامانجی بره‌ودان به‌ كه‌رتی گه‌شتیاریی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م ئه‌و كه‌رته‌.  


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: "وه‌ك گه‌شتوگوزاری سۆران و بنكه‌ی گه‌شتوگوزاری رواندز، كۆڕبه‌ندێكی گه‌شتیاریمان بۆ كۆمپانیاكانی ناوخۆیی و بیانی رێكخست، تیایدا كێشه‌ و ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م بره‌ودان به‌ كه‌رتی گه‌شتیاریی باسكرا و ئاماژه‌ش به‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان كرا". 

وتیشى: "ئامانجێكی دیكه‌ی كۆڕبه‌نده‌ گه‌شتیارییه‌كه‌ چۆنیه‌تی راكێشان و هێنانی گه‌شتیاران بوو به‌ شێوه‌ی گروپ بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران". 

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی كۆمپانیاكانی گه‌شتیاری بیانی، وه‌لید مسته‌فا، خاوه‌نی كۆمپانیای به‌له‌د ئه‌مینی گه‌شتیاری عێراقی به‌دواڕۆژی وت: "كۆمپانیاكه‌ی ئێمه‌ له‌ باشور و ناوه‌ڕاستی عێراق ساڵانه‌ 250 هه‌زار گه‌شتیار بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنێت، به‌ڵام زۆرجار كێشه‌ و گرفتمان بۆ دروستده‌بێت به‌ تایبه‌تی له‌ بازگه‌كان، بۆیه‌ له‌و كۆڕبه‌نده‌دا جه‌ختمان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كانیش له‌و كۆڕبه‌نده‌دا به‌شداربوون". 

رونیشیكرده‌وه‌: زۆرجار له‌ هه‌ندێك له‌ بازگه‌كان، به‌ گه‌شتیاران ده‌ڵێن سه‌رجه‌متان دابه‌زن و وه‌رنه‌ خواره‌وه‌ ئه‌مه‌ش بۆ كۆمپانیا ناخۆشه‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ی بێزاربوونی گه‌شتیار، چونكه‌ ناكرێت له‌هه‌موو بازگه‌كان سه‌رجه‌م گه‌شتیاران له‌ پاس بێننه‌ خواره‌وه‌. 

ئه‌و خاوه‌ن كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌ داواشیكرد: كه‌سانێك له‌ بازگه‌كان دابنێن كه‌ زمانی عه‌ره‌بی بزانێت بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتیاران لێیان تێبگه‌ن و ئه‌وانیش له‌ گه‌شتیاران بگه‌ن.  

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure