فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی كه‌ركوك زیندودەکرێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 11/02/2019‌ :: 211‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی كه‌ركوك له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ نیگه‌رانی كوردی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایش ده‌ڵێت: "كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌شاره‌كه‌ بۆ پاراستنی سامانه‌ نه‌وتیه‌كه‌یه‌تی"
.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی كه‌ركوك و لیوا روكن "سه‌عد حه‌ربیه‌"یش وه‌كو فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كان دیاریكراوه‌.

لیوا روكن سه‌عد حه‌ربیه‌ به‌بنه‌چه‌ خه‌ڵكی پارێزگای بابله‌، له‌ ئازاری 2014 كراوه‌ به‌فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی 10ی سوپای عێراق له‌ رومادی، پاش دوو مانگ له‌و به‌رواره‌ به‌فه‌رمانی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی عێراق ده‌كرێته‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی بابل. له‌ساڵی 2016 ده‌كرێته‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی رۆژئاوای به‌غدا، ماوه‌ی دوو ساڵیشه‌ فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نباره‌.

بورهان مەزهەر عاسی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ رێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ زانیومانه‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌ركوك پێكهێنراوه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌ڵام له‌واقیعدا هیچ شتێك تاوه‌كو ئێستا نیه‌.

وتیشی: "ئاگاداری جوڵه‌پێكردن و ئاڵوگۆڕكردنی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان نین، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانین كه‌ حكومه‌تی عێراق مه‌به‌ستێتی ئه‌و سامانه‌ نه‌وتیه‌ی له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌ پارێزراوبێت، جێگیركردنی هێزی زۆریش له‌ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ به‌هۆی پێگه‌ گرنگه‌كه‌یه‌تی كه‌ هێڵی به‌ستنه‌وه‌ی عێراق-هه‌رێمە و هاوکات هاوسنورێتی له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ و نه‌ینه‌وادا".

ئه‌گه‌رچی هێزه‌كانی پۆلیسی ئیتیحیادی و حه‌شدی شه‌عبی و حه‌شدی عه‌شایه‌ری له‌ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگای كه‌ركوكن، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌جوڵه‌پێكردنی هێزی زیاتری سه‌ربازی بۆ شاره‌كه‌.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بڕیاره‌ فیرقه‌ی 14ی سوپای عێراق و فیرقه‌ی تایبه‌تیش ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ بكات، سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌یش مه‌له‌فی ئه‌منی سه‌نته‌ری كه‌ركوكی راده‌ستی لیوای 61ی تایبه‌ت كرد كه‌ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌.

هه‌رێم كه‌مال ئاغا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بێ ئاگایی خۆی له‌و هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت نیشاندا و به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هێشتا بڕیاری پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی كه‌ركوك نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستمان چونكه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ئاسایش و به‌رگرییه‌وه‌ هه‌بێت له‌دوای ده‌رچونیانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی لیژنه‌كه‌مان ده‌كرێت.

وتیشی: "پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی سه‌ربازی له‌ كه‌ركوك ئه‌گه‌ر راست بێت ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ قه‌یرانه‌كان قوڵده‌كاته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیش ناكات، چونكه‌ شاره‌كه‌ پێویستی به‌ئارامی زیاتر هه‌یه‌ و ده‌بێت له‌عه‌سكەرتاریه‌ت دوربخرێته‌وه‌ نه‌وه‌ك بكرێته‌وه‌ به‌سه‌ربازگه‌، دواتر كه‌ركوك میحوه‌ری شه‌ڕیش نیه‌ له‌گه‌ڵ داعش".

كه‌ركوكیه‌كان ئه‌زمونێكی تاڵیان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراقدا هه‌یه‌ و له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوشدا مامه‌ڵه‌ی ناته‌ندروستی ئۆپراسیۆنه‌كانی دیجله‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتیاندا ئاڵۆزی لێكه‌وته‌وه‌ تاوه‌كو كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی قوربانیشی لێبكه‌وێته‌وه‌، دواتر و له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی گروپی داعش هه‌ڵاتن و ناوچه‌كانی باشور و رۆژئاوای كه‌ركوكیان راده‌ستی ئه‌و گروپه‌ كرد و ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌یش نه‌بوایه‌ كه‌ركوكیش هاوشێوه‌ی شاره‌كانی موسڵ و تكریت داگیرده‌كرا.

ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌دواڕۆژی وت: "هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ په‌له‌كردن له‌دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و دانانی پارێزگارێكی كورد و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ كه‌ركوك مه‌به‌ست لێی رێگریكردنه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌نرێن بۆ به‌سه‌ربازگه‌كردنی شاره‌كه‌".

وتیشی: "ئێمه‌ وه‌كو كورد جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن كه‌ركوكییه‌كان خۆیانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت و عه‌سكه‌رتاریه‌تیش ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ پێمانوایه‌ سه‌رده‌مه‌كه‌ گۆڕاوه‌ و پارێزگاكه‌یش تینوی ئیداره‌ی هاوبه‌ش و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نیه‌".

پێكهێنانی ئه‌م فه‌رمانده‌ییه‌ و جوڵه‌پێكردنی هێزی زیاتری سه‌ربازیش بۆ كه‌ركوك له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری عێراق له‌دانوستاندان سه‌باره‌ت به‌پێكهێنانی هێزی هاوبه‌ش له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی دیكه‌.

به‌پێی زانیاریه‌كانی دواڕۆژ، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌ سێ قۆناغ جێبه‌جێده‌كرێت كه‌ له‌سه‌رەتادا ژورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش پێكده‌هێنرێت و له‌قۆناغه‌كانی دوایشدا هێزه‌كانی هه‌ردوولا له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر كه‌مده‌كرێته‌وه‌ و پاشان ده‌كرێنه‌ یه‌ك هێزی هاوبه‌ش بۆ پاراستنی ده‌وروبه‌ری شاره‌كە.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure