شێوازى كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك گۆڕدرا

هەواڵ / کوردستان :: 10/02/2019‌ :: 339‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


به‌هۆی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كان و ترسی ته‌واو نه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی بۆ ئه‌نجامدانی، ئه‌گه‌ری زۆره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك كه‌ بڕیارە  ڕۆژی 18ی شوبات لەهه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، بگۆڕدرێت به‌ دانیشتنی لیستی برایه‌تی له‌ هه‌ولێر.

له‌كۆبوونه‌وه‌ی سێشه‌ممەی‌ ڕابردوودا، 5ی شوبات، شاندی باڵای پارتی و یه‌كێتیی بڕیاریدا له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 18ی شوباتی هه‌فته‌ی داهاتوو، كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش لەباره‌ی كارا كردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌هه‌ولێر ساز بكرێت، به‌ڵام کات و شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوك مشتومڕی زۆری لەنێو لایەنەکانی پارێزگاکە دروستکردووە.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، به‌هۆی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ توركمانی و عه‌ره‌بییه‌كان و ترسی ته‌واو نه‌بوونی رێژه‌ی یاسایی بۆ ئه‌نجامدانی، ئه‌گه‌ری زۆره‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بگۆڕدرێت به‌ دانیشتنی لیستی برایه‌تی له‌ هه‌ولێر.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادارەوە زانیویه‌تی ئه‌گه‌ر رۆژی 18ی شوبات له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك داده‌نێن، له‌نێو باڵه‌خانه‌ی پارێزگای كه‌ركوك، نایانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ناو ببرێت، به‌ڵكو وه‌كو ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ن.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێكنه‌كه‌وتوون كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ته‌نها ده‌بێت له‌ پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن خۆیان شوێنه‌كه‌ دیاریبكه‌ن، چونكه‌ پرسه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئه‌وانه‌وه‌.

وتیشی: "ئاگاداری ئه‌وه‌ نیم كه‌ لیستی برایه‌تی به‌ نیازی چین له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌میاندا ماوه‌".

لای خۆیه‌وه‌ ڕێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: جارێ له‌ قۆناغی دیراسه‌كردندان تاوه‌كو بزانن كۆبوونه‌وه‌ چۆن و له‌ چ كات و شوێنێك ئه‌نجامبده‌ن، بۆیه‌ جارێ نایایه‌وێ پێش ڕووداوه‌كان بكه‌ون.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure