دواڕۆژ سیناریۆكانی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاشكراده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 581‌ جار بینراوە
لۆگۆی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


چه‌ند سیناریۆیه‌ك به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كراون كه‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌یانه‌وێ له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی نێو په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكه‌ن، یه‌كێك له‌ سیناریۆكانیش كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك و هه‌ڵبژاردنێتی لەناو په‌رله‌مانی كوردستانەوە، ئه‌گه‌ریشی زۆره‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بمێنێته‌وه‌.

 

له‌ 11ی ته‌مموزی 2018، یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پەسەندكرا و به‌پێی یاساكه‌ش تاوه‌كو وه‌رزی یه‌كه‌م له‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، ئەو یاسایە به‌ هه‌ڵپه‌سێردراویی ده‌مێنێته‌وه‌.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ڕابردوویان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایەتی په‌رله‌مان له‌ 18ی شوبات هه‌ڵده‌بژێردرێت، له‌كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موار بكەنەوە ‌و سه‌رۆك له‌نێو په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، دواتر ده‌ستبكرێت بەڕاسپاردنی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، چه‌ند سیناریۆیه‌ك له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری یاسا و ده‌ستوور له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی  دراوه‌ته‌ مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و دوو حیزبه‌ و دواتر له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت كە سیناریۆكانیش به‌مشێوه‌یەن:

 

سیناریۆی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ساڵی 2005 كه‌ له‌ 19 مادده‌ پێكهاتووه‌، هه‌روه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، سه‌رۆك هه‌مان ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێشووتری هه‌بێت، به‌و مه‌رجه‌ی له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرێت كه‌ ئه‌مه‌ش به‌هێزترین بژارده‌یه‌.

 

سیناریۆی دووه‌م بریتییە لەوەی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری تێدا ئه‌نجامبدرێت ئه‌ویش به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌نێو په‌رله‌مان و نه‌هێشتنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی وه‌كو (ده‌سه‌ڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی ڕۆژی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڕانه‌وەی‌ یاسا بۆ په‌رله‌مان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی پەرلەمانی کوردستان، ده‌سه‌ڵاتی دامەزراندن بە پلەی تایبەت و بەرزکردنەوەی پلە لە ئەنجوومەنی وەزیران و كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی دیكه‌)، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی ده‌وێت پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بداته‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆیه‌ پێناچێت ئه‌و سیناریۆیه‌ سه‌ربگرێت.

 

سیناریۆی سێیه‌م ئه‌وه‌یه كە یاساكه‌ وه‌ك خۆی كاری پێبكرێت، ته‌نیا ئه‌و بڕگه‌یه‌ی تایبه‌تە به‌ شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه ‌و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمیش بخرێته‌ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێم.

 

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی نوێی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردێت، ڕاسته‌وخۆ دوای دانیشتنی یه‌كه‌م، یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌موارده‌كرێته‌وه ‌و له‌ دوای ئه‌و به‌رواره‌ به‌ ( 10 بۆ 15)  ڕۆژ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ نێو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت و پاشان سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌ڵبژێردراو كاندیدی ڕاسپێردراوی سه‌رۆكی حكومه‌ت ڕاده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ.

 

هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، باسیان له‌وكردوه‌ کە له‌م خوله‌دا پارتی رازییه‌ سه‌رۆك له‌ ناو په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كێتیی و گۆڕان هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌، به‌ڵام پارتی له‌ گفتوگۆكاندا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌: مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌نێو په‌رله‌مان یان له‌ناو خه‌ڵك ده‌بێت له‌ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان یه‌كلابكرێته‌وه‌، ڕازیبوونیان به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان ته‌نیا له‌و خوله‌دا ده‌بێت.

 

لای خۆیه‌وه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێـتی به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شاندی پارتی قسه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستور ده‌نوسرێته‌وه‌ له‌ نێو ده‌ستور ده‌سه‌ڵات و شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هەرێم دیاریبكرێت، نه‌ك به‌ر له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور ئه‌و كاره‌ بكرێت.

 

باسی له‌وه‌شكرد: ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا ڕوونە، ئەوەیە یاسا كۆنه‌كه‌ وه‌كو خۆی هه‌موار بكرێته‌وه‌ به‌ چه‌ند گۆڕانكارییه‌كی كه‌مەوە.

 

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد: كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئه‌و پۆسته‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ لایه‌نه‌كان نه‌توانن كاندید پێشكه‌شبكه‌ن و دوای یه‌كه‌م دانیشتن ده‌یانه‌وێ دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كارابكه‌نه‌وه‌.

 

روونیشیكرده‌وه: بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم یه‌كێتیی پێشنیازی کردوە هەر لایەنێك کاندیدی هەیە، دەرگا کراوەیە بۆیان، یەکێتیش ته‌نیا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت وەردەگرێت.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure