وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم مژده‌ به‌ تووشبووانی شێرپه‌نجه‌ ده‌دات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 6 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1676‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ پێنج هه‌زار و 500 كه‌س تووشی نەخۆشی شێرپه‌نجه‌ بوون، به‌ڵام وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم له‌ به‌رنامه‌یدایە ئه‌مساڵ چه‌ندین سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان بكاته‌وه ‌و وته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ڵێت: "چیتر توشبووان پێویستیان به‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات نابێت".

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم، له‌ ساڵی 2018دا له‌ هه‌رێم پێنج هەزار و 658 حاڵەتی تووشبووی نوێ بە شێرپه‌نجه‌ تۆمارکراوە، واته‌ له‌هه‌ر 100 هه‌زار كه‌س، 105 كه‌س تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ بوون، ئه‌مه‌ش به‌راورد به‌  ساڵی رابڕدوو رێژه‌كه‌ زیادیكردووه‌.

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، لە ساڵی 2017دا، چوار هه‌زار و 991 تووشبووی به ‌نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ تۆماركراوبوو، واته‌ له‌هه‌ر 100 هه‌زار كه‌س، 104 کەس نه‌خۆشی شێرپه‌نجهی هەبووە، به‌ڵام رێژەی توشبوان به‌ شێرپه‌نجه‌ لە ژناندا زۆرترە وه‌ك لە پیاوان، به‌جۆرێك   له‌هه‌ر 100 هه‌زار كه‌س، 104 ژن توشبووی شێرپەنجە بوون‌، به‌ڵام بۆ هه‌مان رێژه‌ پیاوان 91یان تووشی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بن و هه‌ردوو جۆری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك و سیییه‌كان له‌ پێشه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌كانی شێرپه‌نجه‌وه‌ دێت له‌كوردستان.

شێرپەنجە چەند جۆرێکی هەیە، بەڵام شێرپەنجەی پەنکریاس، شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی مێشک، شێرپەنجەی سییەکان له‌ مه‌ترسیدارترین جۆره‌كانیه‌تی، بەڵام به ‌وته‌ی پسپۆڕان ده‌تواندرێت رێگه‌ی لێ بگرێت ئه‌گه‌ر هاتوو زوو پكشنینی بۆ بكرێت.

له‌باره‌ی جۆر و نیشانه‌كانی شێرچه‌نجه‌، دكتۆر محه‌مه‌د سدیق، پسپۆڕی خانه‌كانی شێرپه‌نجه‌یی به‌ دواڕۆژی وت: "شێرپەنجە بەهۆی گەشەی خانەکانەوە بەشێوەی خراپ و نائاسایی بڵاودەبێتەوە، کە خانەکانی چواردەوری تێکدەشکێنێت و لە لەشدا تەشەنەدەکات و زیاتر له‌ 100 جۆری هه‌یه‌، به‌ڵام باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە ئافره‌تان شێرپەنجەی مەمک، ملی منداڵدان و كۆڵۆن و سییه‌كانن، هه‌روه‌ها له‌ پاوانیش  شێرپەنجەی سییەکان، كۆڵۆن و سورێنچك و رێكه ‌و گه‌ده‌یه‌ و هه‌ردوو جۆری شێرچه‌نجه‌ی سییه‌كان و مه‌مك له‌ كوردستان به‌ربڵاوترینن‌".

له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی شێرپه‌نجه‌ له‌ كوردستان، ئه‌و پسپۆڕه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: زۆر هۆكار هه‌ن بۆ دروستبوون و ته‌شه‌نه‌كردنی شێرپه‌نجه‌، به‌ڵام له‌ گرنگترین هۆكاره‌كان؛ برتیین له‌ پیسبوونی ژینگه ‌و جگه‌ره‌كێشانی زۆر و خواردنی مادده‌ كهولییه‌كان و قه‌ڵه‌ویی و وه‌رزشنه‌كردن.

وتیشی: "جگه‌ له‌و هۆكارانه‌؛ دوو هۆكاری دیكه‌ هه‌ن بۆ شێرپه‌نجه‌، له‌وانه‌: نه‌خۆشییه‌ ڤایرۆسەکانی وەک HPV و ڤایرۆسی جگەر HBV وHCV  کە تووشی جگەر ده‌بن، له‌گه‌ڵ بۆ ماوه‌یی كه‌ رێژه‌ی 5 تاوه‌كو 10%ی جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە بۆماوەیین".

به‌وته‌ی پسپۆڕان، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی زیادبوونی شێرپه‌نجه‌ له‌هه‌رێم، پیسپوونی ژینگه‌یه‌، لوقمان شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هۆكاره‌كانی پیسبوونی ژینگه‌ی هه‌رێم به‌هۆی زۆری مۆلیده‌ و ئۆتۆمبێل و چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌ هه‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ردوو ئه‌ركی خۆمان جێبه‌جێكردووه‌ كه‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان و چاودێریكردنی ژینگه‌ی هه‌رێمه‌".

وتیشی: "ئێمه‌ چاودێری كارگه ‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ده‌بنه‌ هۆی پیسبوونی ژینگه‌ و سزای توندی ماددی ئه‌و كه‌سانه‌ش دراوه‌ كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكار، ئه‌وانه‌ی سزاكه‌ش ناده‌ن له‌ دادگا سكاڵایان له‌دژی تۆمارده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ ته‌نیا به‌ ده‌سته‌ی ژینگه‌ ناكرێت به‌ڵكو ده‌بێت داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و رێكخراوانی مه‌ده‌نی پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ رێگری له‌ پیسبوونی زیاتری ژینگه‌ی هه‌رێم".

سندوقی كۆمه‌كی تووشبووانی شێرپه‌نجه‌، به‌ یاسای ژماره‌ 11ی ساڵی 2012 په‌رله‌مانی كوردستان دامه‌زراوه ‌و به‌پێی یاساكه‌، ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ ده‌بێت ته‌نیا بۆ بواری شێرپه‌نجه‌ خه‌رجبكرێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 72 ملیار دینار و یه‌ك ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دۆلاری له‌ سندوقی كۆمه‌كی تووشبوانی شێرپه‌نجه‌ خه‌رجكردووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن خێرخوازان و كۆمه‌كبه‌خشان كۆكراوه‌ته‌وه‌.

شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی ته‌ندروستی و ژینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: حكومه‌ت له‌جێگه‌ی هاوكاریكردنی تووشبوانی شێرپه‌نجه‌، زیانی زۆری پێگه‌یاندوون و سه‌رجه‌م ئه‌و پاره‌یەی بردووه‌ كه‌ له‌ سندوقی كۆمه‌كی شێرپه‌نجه‌ دانرابوو".

وتیشی: "له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان توانیمان یاداشتێك بۆ داواكاری گشتی هه‌رێم به‌رزبكه‌ینه‌وه‌و له‌سه‌ر یاداشته‌كه‌ داواكاری گشتی هاتۆته‌ده‌نگ و رێككاری گرتۆته‌به‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاره‌كه‌، به‌ڵام تائێستا هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌".

له‌باره‌ی خه‌رجكردنی ئه‌و پاره‌یه‌ و چاره‌سه‌ركردنی تووشبووانی شێرپه‌نجه‌، دكتۆر خاڵس قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ زۆربه‌ی وڵاتان له‌هه‌ر 100 هه‌زار كه‌س، 200 كه‌س تووشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ له‌هه‌رێم ئه‌و رێژه‌یه‌ زۆر كه‌مه‌و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هاوڵاتیان هۆشیاریان زیاتربووه‌ و زووتر له‌سه‌نته‌ر و نه‌خۆشخانه‌كان چاره‌سه‌رده‌كرێن.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم شه‌ش نه‌خۆشخانه‌ و سه‌نته‌ری تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری شێرپه‌نجه‌ هه‌یه‌و هه‌یه‌ و له‌مساڵدا له‌ هه‌ولێر دوو سه‌نته‌ری تیشك و دوو ئامێری چاره‌سه‌ركردن له‌رێگه‌ی تیشكه‌وه‌ ته‌واوده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌ دهۆك و سلێمانی ئامێری دیكه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردن داده‌نرێت، جگه‌ له‌وه‌ی سه‌نته‌ری چاندنی مۆخی ئێسك له‌ نه‌خۆخشخانه‌ی نانه‌كه‌لی له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌یه‌كی دیكه‌ی تایبه‌ت له‌ سلێمانی بۆ تووشبووان ده‌كرێته‌وه‌.

له‌باره‌ی خه‌رجكردنی پاره‌ی سندوقی شێرپه‌نجه‌، خاڵس قادر وتی: "له‌ سندوقی شێرپه‌نجه‌ پاره‌ هه‌یه‌ و هه‌موو پڕۆژه‌كان له‌پاره‌ی سندوقه‌كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ته‌نانه‌ت كڕینی ده‌رمان و  گرێبه‌سته‌كانیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی تووشبووان هه‌ر له‌و پاره‌یه‌ بووه‌، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شێوه‌ی نه‌قدی نییه ‌و هیچ كاتێكیش پاره‌كه‌مان به‌ده‌ست وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ نووسراومان كردووه‌ و له‌ پاره‌ی سندوقه‌كه‌، حكومه‌ت پاره‌ی كۆمپانیاكان و كڕینی ده‌رمان و له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ری تووشبووان ده‌دات".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، راشیگه‌یاند: تائێستا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س بۆ چاره‌یسه‌ركردنی شێرپه‌نجه‌ نێردراونه‌ته‌وه‌ ده‌روه‌ی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی ئه‌و نه‌خۆشخانه ‌و سه‌نته‌رانه‌، له‌حاڵه‌تی زۆر ده‌گمه‌ن نه‌بێت، نه‌خۆش نانێرینه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵكو له‌ هه‌رێم چاره‌سه‌رده‌كرێن.

پ: ك. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure