پارتى له‌سه‌ر پرسى رێككه‌وتنی سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی بڕیارده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 10/02/2019‌ :: 263‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

وابڕیاره‌ دواى نێوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌سه‌ر پرسى دواین ره‌شنووسى رێككه‌وتى سیاسى له‌گه‌ڵ یه‌كێتیى كۆببێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاگادار له‌سه‌ركردایه‌تى پارتى، كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ى ئاشكرابكات، (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى شوبات) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و لیژنه‌ى دانوستاندنى پارتى له‌ پیرمام له‌سه‌ر پرسى دواین ره‌شنووسى رێككه‌وتنى سیاسى نێوان پارتى و یه‌كێتى كۆده‌بنه‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆكردن و په‌سه‌ندكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى هه‌ردوولا ته‌وابووه‌ و لاى خۆیانه‌وه‌ یه‌كێتى په‌سه‌ندیان كردووه‌، ئه‌مڕۆش پارتى ده‌یه‌وێت دواى تێبینییه‌كان په‌سه‌ندیبكات و بیخاته‌ به‌رده‌م كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى نێوان هه‌ردوو حیزب.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ سێ رۆژى داهاتوودا كۆبوونه‌وه‌ى شاندى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى هه‌ردوولا به‌ڕێوه‌بچێت، به‌مه‌به‌ستى واژۆكردنى كۆتایى له‌سه‌ر رێككه‌وتنى سیاسى نێوان هه‌ردوولایه‌ن.

دوێنى سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا دوابه‌دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى رایگه‌یاند: لە دوو رۆژی داهاتوودا رەشنووسی رێککەوتننامەی پارتی و یەکێتی ئامادەدەکرێت، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتیدا تاووتوێبکرێتەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو، 5ى شوبات، شاندى باڵاى پارتى و یه‌كێتیى لیژنه‌یه‌كیان به‌مه‌به‌ستى نوسینه‌وه‌ى رێككه‌وتنێكى سیاسى نێوانیان راسپارد.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌ى كه‌ بڕیاره‌ له‌ نێوان پارتى و یه‌كێتى واژۆبكرێت، بۆ ماوه‌ى چوار ساڵه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى ئاماده‌كراوه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى باس له‌ رێككه‌وتنێكى گشتگیر له‌نێوان هه‌ردوولا ده‌كات له‌سه‌ر پرسى (په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كان و هه‌رێم و پرسى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و دۆسیه‌ى نه‌وت و چاكسازى و كەركوك‌ و ناوچە جێناكۆكەكان و به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان).

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure