125 گه‌وره‌ كۆمپانیا ئیمارات ده‌كه‌ن به‌ باره‌گای هه‌رێميی خۆیان

هەواڵ / ئابوری :: 10/02/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌میندارى گشتى ژووره‌ بازرگانیه‌كانى ئیمارات ئاماژه‌ به‌ پێشكه‌وتنه‌ بازرگانیه‌كانى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت: بووه‌ته‌ باره‌گاى ناوچه‌یى 125 گه‌وره‌ كۆمپانیا.


حه‌مید محه‌مه‌د بن سالم، ئه‌میندارى گشتى یه‌كێتى ژووره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانى ئیمارات رایگه‌یاند: چالاكیه‌كانی ساڵی رابردووى ئیمارات به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ ژووره‌كانى بازرگانى وڵاتانى تردا رۆڵێكى گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ له‌وه‌ى ئیمارات ببێته‌ پێشه‌نگى ناوچه‌یی و جیهانى له‌ زیاتر له‌ 15 ئاماژه‌ی گرنگى بازرگانیدا. 

وتیشى: ئه‌مانه‌ش وایانكردووه‌ ئیمارات ببێته‌ باره‌گاى ناوچه‌یی بۆ زیاتر له‌ 25%ى گه‌وره‌ترین 500 كۆمپانیای جیهان، جگه‌ له‌ دابینكردنى هه‌لى كار و زیادكردنى هه‌نارده‌كان و گه‌شه‌كردنى كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارى و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان له‌ ساڵانى رابردوودا. 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ سكرتاریه‌تى گشتى له‌ ماوه‌ى 34 ساڵى رابردوودا سیاسه‌تى گه‌شه‌پێدانى ئه‌م سیستمه‌ى گرتوه‌ته‌به‌ر تا بتوانێت له‌ رووى كوالێتیه‌وه‌ گه‌شه‌كردنێكى تازه‌ ببه‌خشێت به‌ كه‌رتى تایبه‌ت سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى ژن له‌ رابه‌رایه‌تیكردنى چالاكیه‌ بازرگانیه‌كاندا.

هه‌روه‌ك داتاى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى ئیمارات ده‌ڵێت له‌ ساڵى 2018دا زیاتر له‌ 25 هه‌زار ئافره‌ت ناونوسكراون وه‌كو خاوه‌نى پڕۆژه‌ى بازرگانى، له‌كاتێكدا ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ ساڵى 2015دا 21 هه‌زار كه‌س بووه‌. 

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure