چوار كه‌س ململانێ له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/02/2019‌ :: 1073‌ جار بینراوە
په‌رله‌مانى كوردستان

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

هه‌شت لایه‌نى نێو پێكهاته‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ كێبڕكێدان بۆ وه‌رگرتنى پۆستى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و كانديدانى هه‌ریه‌ك له‌ لیستى گه‌شه‌پێدانى توركمانى و چاكسازى توركمانى و هاوپه‌یمانى یه‌كێتیى نه‌ته‌وه‌یش زۆرترین چانسیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌.

به‌پێى بڕیارى كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردووى نێوان هه‌ردوو شاندى باڵاى پارتى دیموكراتى كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌م خوله‌دا ده‌درێته‌ پێكهاته‌كان، به‌ڵام به‌هۆى ناكۆكى نێوانیان تاوه‌كو ئێستا دیارنییه‌ كێ ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت و چوار كه‌سیش زۆرترین چانسیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌: "هه‌ریه‌ك له‌ محه‌مه‌د سه‌عده‌دین له‌ پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمانى، مونا قه‌هوه‌چى له‌ لیستى چاكسازى توركمانى، رۆمیۆ هه‌كارى له‌ لیستى هاوپه‌یمانى یه‌كێتى نه‌ته‌وه‌یى مه‌سحییه‌كان و ئایدن مه‌عروف له‌ به‌ره‌ى توركمانى زۆرترین چانسیان هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌".

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، پارتى و به‌شێك له‌ پێكهاته‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دوو ساڵ بۆ توركمان و دوو ساڵیش بۆ مه‌سیحییه‌كان بێت، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌و پێكهاته‌ى كه‌ پۆستى جێگرى دووه‌می سه‌رۆكى په‌رله‌مان وه‌رناگرێت پۆستێكى دیكه‌ى وزارى له‌ كابینه‌ى نوێى پێبدرێت، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌نى نێو پێكهاته‌كان ئه‌و پێشنیازه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

رۆمیۆ هه‌كارى، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی یەکێتی نەتەوەیی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ خاوه‌نى زۆرترین كورسى په‌رله‌مانه‌ له‌ پێكهاته‌كان، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تاوه‌كو ئێستا به‌ فه‌رمى باس له‌ ناوى كاندیده‌كان نه‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتیى، به‌ڵام باوه‌ڕیش ناكه‌ن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى توركمانه‌كان بكه‌ونه‌ كێشه‌وه‌.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین پۆستى دووه‌مى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان دوو ساڵ به‌ دوو ساڵ له‌ نێوان پێكهاته‌ى مه‌سیحى و توركمان دابه‌شبكرێت، واباشتره‌ ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و پۆسته‌ وه‌رده‌گرێت بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ ئایدن مه‌عروف، له‌ به‌ره‌ى توركمانى كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كان بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: تاوه‌كو دانوستاندن له‌گه‌ڵ براوه‌ى هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت ناتوانن باس له‌وه‌بكه‌ن كه‌ چۆن ئه‌و پۆسته‌ ئیستحقاقى چ لایه‌نێكه‌ و پێكهاته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ نێوخۆیان كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌.

هاوكات مونا قەهوه‌چی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی لیستی چاكسازی توركمانی پێشنیاری دوو ساڵ بە دوو ساڵ بۆ بەڕێوەبردنی پۆستى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ره‌تده‌كاته‌وه‌ و بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "چاوه‌ڕێی شاندی پارتی-ن، تاوه‌كو بۆچوونی ئه‌وان بزانن له‌باره‌ى پێشنیازى پێدانى پۆستى جێگرى دووه‌می سه‌رۆكى په‌رله‌مان".

وابڕیاره‌ ڕۆژى دووشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو، 18ى شوبات په‌رله‌مانى كوردستان دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامبدات، به‌مه‌به‌ستى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure