پلانێكی هاتووچۆی سلێمانی بۆ هەفتەیەكی دیكە دواخرا

هەواڵ / کوردستان :: 09/02/2019‌ :: 357‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

هەرچەندە بڕیاربوو لە سبەینێوە پلانێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بۆ كەمكردنەوەی فشاری شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئەو پلانە بۆ هەفتەیەكی دیكە دواخرا.


(ئەمڕۆ 9ی شوباتی 2019) هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندبوو: لەسبەینێ 10ی شوباتی 2019ەوە وەستانی ئۆتۆمبێل لای چەپی شەقامە خزمەتگوزارییەكانی بازنەیی مەلیك مەحمود قەدەغە دەكرێت و شۆفێر دەتوانێت لای راستی شەقامەكە رایبگرێت و هەر شۆفێرێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە. 

لای خۆیه‌وه‌ رائید كاروان محه‌مه‌د، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی (ئەمڕۆ 9ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو پلانە بۆ رۆژی 17ی شوباتی 2019 دواخراوه‌، ئەوەش لەبەر ئەوەیە لەم ماوەیەدا تابلۆی ئاگاداركردنەوە لەو شوێنانە دادەنێت تا زۆرترین شۆفێر ئاگاداری ئەو پلانە بێت.

لەڕۆژی 1ی شوباتی 2019ەوە هاتووچۆی سلێمانی ئاڕاستەی رۆیشتنی لەچەند شەقامێكی سلێمانی بۆ ماوەی چوار رۆژ وەكو تاقیكردنەوە گۆڕی، رۆژی 5ی شوباتیش گۆڕانكاری ئەو شەقامانە بەتەواوی جێگیركران. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure