کوڕێکی کورد لەڤالانتایندا کارێکی جیاواز بۆ خۆشەویستەکەی دەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/02/2019‌ :: 12758‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

 

"بۆ رۆژی ڤالانتاین گەنجێك 400 گوڵی بۆ خۆشەویستەكەی كڕیوە" ئەوە قسەی هیجران حسێن، فرۆشیاری دوكانێكی گوڵە لەشاری سلێمانی.

 

(رۆژی پێنجشەممەی كۆتایی ئەم هەفتەیە 14ی شوباتی 2019) رۆژی ڤالانتاینە كە بەڕۆژی خۆشەویستی ناسراوە و تێیدا عاشقەكان گوڵی سوور وەك وەفایەك و دەربڕینی خۆشەویستی پێشكەشی یەكدی دەكەن، لە كوردستان فرۆشیارانی گوڵ و گەنجانیش خۆیان بۆ ئەو رۆژە ئامادە دەكەن.
  
"گەنجێك 400 گوڵی بۆ خۆشەویستەكەی كڕیوە"
یەكێك لە دوكانەكانی فرۆشتنی گوڵ لەشاری سلێمانی لەئێستاوە بەردەم دوكانەكەی بۆ پێشوازیكردن لە عاشقان رازاندۆتەوە تا بتوانێت سەرنجی زۆرترین عاشق بەلای خۆیدا رابكێشێت.

هیجران حسێن، كارمەندی ئەو دوكانە بەدواڕۆژی راگەیاند: 4 تا 6 هەزار گوڵی سوریان بۆ رۆژی ڤالانتاین ئامادەكردوە، نرخی هەر گوڵێك لەئێستادا بە 2 هەزار دینارە بە شێوەی كۆ، بەڵام بۆ رۆژی ڤالانتاین تائێستا نرخەكە دیارینەكراوە، ساڵی رابردووش 7 هەزار گوڵیان فرۆشتووە.

هیجران باسی حاڵەتێكی سەیری كرد و وتی: "خەڵك هەیە بۆ فرۆشتن گوڵی سوور بە كۆ دەكڕن، بەڵام ئەمڕۆ گەنجێك هات 400 گوڵی بۆ خۆشەویستەكەی كڕی رەنگە زۆری خۆشبوێت، هەر گوڵێك بە 2 هەزار دینارە".

كینیا، وڵاتی سەرەكی گوڵی سوور
فرۆشیارانی گوڵ ئاماژە بەوە دەكەن: سەرچاوەی هاتنی گوڵی سوور بۆ هەرێمی كوردستان وڵاتی كینیایە، چونكە كوالێتی باشە، رۆدان بورهان، كارمەندی دوكانێكی دیكەی فرۆشتنی گوڵە بۆ دواڕۆژ ئاماژەی بەوەكرد، لەوڵاتی كینیاوە گوڵی سوور دێنن، چونكە كوالێتی باشترە و پاكتریشە.

رۆدان روونیكردەوە: ئەمساڵ 2 تا 3 هەزار گوڵی سوور دێنن، لەڕۆژی ڤالانتاینیش هەر گوڵێك بە 5 هەزار دینار دەفرۆشن، ساڵی رابردووش نزیكەی 3 هەزار گوڵیان فرۆشتووە.

گەنجان، كڕیاری سەرەكی گوڵی سوور
ئەو دوو فرۆشیارەی گوڵ دەڵێن: گەنجانی سەروو 20 ساڵ كڕیاری سەرەكی گوڵی سوورن بۆ خۆشەویستەكانیان، دوای ئەوانیش هەندێك لە هاوسەرەكان لەو رۆژەدا گوڵی سوور بۆ یەكدی دەكڕن.

دیار ئەحمەد، گەنجێكی 22 ساڵە و خوێندكاری زانكۆی سلێمانییە و ئەمساڵ لەدوا قۆناغی خوێندنەكەیەتی، ئەو گەنجە باڵای مامناوەندە نزیكەی دوو ساڵە خۆشەویستی هەیە، لەئێستاوە خۆی بۆ ئەو رۆژە ئامادەكردووە كە جگە لە گوڵی سوور، سوپرایزێكیش بۆ خۆشەویستەكەی پێشكەش بكات.

دیار وتی: "لەكافێیەك شوێنێكم ئامادەكردووە و دەمەوێت ئەو رۆژە لەگەڵ خۆشەویستەكەم بەسەر ببەم، بێگومان گوڵی سوور و دیاری دیكەشی پێشكەش دەكەم، دڵنیام ئەویش بەهەمان شێوەیە".

گوڵ پێشكەشی خۆشەویستەكەی دەكات 
مەرج نییە ئەو كەسانەی لەو رۆژەدا گوڵی سوور پێشكەشی یەكتر دەكەن، هەر گەنج بن و بەنیاز بن لەداهاتوودا بڕۆنە ژیانی هاوسەرییەوە، بەڵكو ئەو كەسانەش كە جیابوونەتەوە و لەگەڵ كەسی دیكە خۆشەویستن، ئەو رۆژە بەنیازن پێكەوە بن.

جوان تاریق، ژنە فەرمانبەرێكی تەمەن 30 ساڵە و ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە هاوسەرەكەی جیابۆتەوە و منداڵیشی نەبووە، ئەو بەوتەی خۆی، زیاتر لە ساڵێكە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كەسێكی دیكەی ناسیوە كە خێزانی نییە و ئێستا خۆشەویستی یەكدین.  

ئەو ژنە دەڵێت: "ئەگەر هیچ گرفتێك نەیەتە پێشەوە، لەڕۆژی ڤالانتاین لەگەڵ خۆشەویستەكەم یەكتر دەبینین و دەمانەوێت كاتێكی خۆش ببەینە سەر، چونكە ئەو رۆژە زۆر گرنگە لای هەردووكمان".

هونەرمەندانیش لەڤالانتاین-دا ئاهەنگ دەگێڕن
لەشاری سلێمانی زۆربەی هۆتێل و کافتریا و رێستۆرانتەكان لە شەوی ڤالانتایندا ئاهەنگی تایبەت ساز دەكەن، ئالان عومەر، رێكخەری ئاهەنگەكانی یەكێك لە هۆتێلە پێنج ئەستێرەكانی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بۆ شەوی ڤالانتاین لە زۆربەی هۆتێلەکانی شاری سلێمانی ئاهەنگ ساز دەکرێت و ئەمانیش ئامادەکارییان کردووە.

 

هاوکات هۆتێل گراند ملینیۆم شاری جوان لەشاری سلێمانی ساڵانە لەو بۆنەیەدا لە هۆڵ و رێستۆرانت و کافێکانی ئاهەنگ و بۆنەی تایبەت بەو رۆژە سازدەکات.

 

پ: س.م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure