دواڕۆژ ورده‌كارى رووداوه‌كه‌ى رێگه‌ى عه‌ربه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 131228‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

پاشنیوه‌ڕۆ له‌ سلێمانییه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى كامرییه‌وه‌ دوو برا به‌ناوه‌كانى (هه‌ردى، هۆگر) له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیان به‌ڕێده‌كه‌ون بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌، تا بچنه‌ پرسه‌ى ئامۆژنیان، به‌ڵام ناگه‌نه‌ شووێنى پرسه‌كه‌ و تووشى رووداوى هاتووچۆ ده‌بن و شەش کەس لە خێزانەکەیان گیان لەدەستدەدات.


دوێنێ هه‌ینى 8ى شوباتى 2019، رووداوێكى هاتووچۆ له‌ نێوان دوو ئۆتۆمبێلى جۆرى (تیۆتا كامرى و تیۆتا لاندكرۆزه‌ر) له‌نزیك گوندى باریكه‌، له‌سه‌ر رێگه‌ى سه‌ره‌كى عه‌ربه‌ت – سلێمانى روویدا، به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و چوار كه‌سیش برینداربوون.

ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ناو ئۆتۆمبێلى كامرییه‌كه‌دا بوون، دوو برا و هاوسه‌ر و منداڵه‌كانیان بوون كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ (هۆگر حسێن سه‌عید) و هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌ناوى (رۆشنا ئه‌كره‌م) و منداڵێكیان به‌ناوى (لیا) كه‌ ته‌مه‌نى حه‌وت ساڵ بووه‌، له‌گه‌ڵ (شانۆ مه‌حمود) و منداڵه‌كانى به‌ناوه‌كانى (نالى هه‌ردى) و (ئه‌ستێره‌ هه‌ردى) كۆچى دواییان كرد، واته‌ له‌و ئۆتۆمبێله‌دا حه‌وت كه‌سى تێدا بوو، ته‌نها (هه‌ردى حسێن سه‌عید) له‌ ژیاندا ماوه‌ و ئه‌ویش برینداره‌.

رائید كاروان محه‌مه‌د، وته‌بێژى هاتووچۆى سلێمانى، سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى رووداوه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى وت "ئۆتۆمبێلە كامرییه‌كه‌ تیژڕه‌و بووه‌ و له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (تیۆتا كرۆلا) به‌یه‌كیانداداوه‌ و كرۆلاكه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ و رۆشتووه‌ و دواتر كامرییه‌كه‌ له‌ ده‌ستى وه‌رگرتووه‌ و له‌ ئاڕاسته‌ى خۆى ده‌رچووه‌ و چۆته‌سه‌ر سایده‌كه‌ى دیكه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (تیۆتا لاندكرۆزه‌ر) به‌یه‌كیانداداوه‌ و ئه‌و رووداوه‌ى لێكه‌وتووەته‌وه‌".

وتیشى "تیمه‌كانى هاتووچۆ كه‌شفى رووداوه‌كه‌یان كردووه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ به‌هۆى تیژڕه‌وى و له‌ده‌ستدانى كۆنتڕۆڵ و گۆڕینى ئاڕاسته‌ى شه‌قامه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێله‌ كامرییه‌كه‌وه‌ رووداوه‌كه‌ روویداوه‌".

كاروان محه‌مه‌د، باسى له‌وه‌شكرد "به‌هۆى رووداوه‌كه‌وە شه‌ش كه‌سى ناو كامرییه‌كه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و كه‌سێكیشیان بریندار بووه‌، هه‌روه‌ها له‌ ئۆتۆمبێلى لاندكرۆزه‌ره‌كه‌ش سێ كه‌س برینداربوون".

دواى رووداوه‌كه‌ برینداره‌كان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌شى فریاكه‌وتنى نه‌خۆشخانه‌ى شۆڕش له‌ سلێمانى و له‌ ئێستاشدا سێ بریندارى ناو لاندكرۆزه‌ره‌كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ى شار له‌ژێر چاودێرى پزیشكدان.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 9ى شوبات، پرسه‌ى سه‌رجه‌م ئه‌و كۆچكردووانه‌ له‌ مزكه‌وتى مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى موده‌ڕیس له‌ شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، دواڕۆژ بۆ زانینى چۆنیه‌تى رووداوه‌كه‌ لێدوانى كه‌سوكاره‌كه‌یانى وه‌رگرت.

حسێن سه‌عید، باوكى هۆگر و هه‌ردى سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌، به‌ دواڕۆژى وت "هاوسه‌رى برایه‌كم كۆچى دوایى كردبوو پرسه‌كه‌ى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌ بوو، هه‌ردى و هۆگرى كوڕیشم وتیان دێین، له‌ پاشنیوه‌ڕۆ به‌ڕێكه‌وتبوون به‌ ئۆتۆمبێلێكى جۆرى كامرى".

وتیشى "ئێمه‌ له‌ پرسه‌كه‌ بووین، به‌ڵام هێشتا كوڕه‌كانم نه‌گه‌یشتبوون ته‌له‌فۆنم بۆ هات له‌لایه‌ن شۆفێرى ئه‌مبوڵانسه‌كه‌وه‌ پێیوتم كه‌ ئه‌و رووداوه‌ روویداوه‌".

باوكى ئه‌و كوڕه‌ كۆچكردووه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا "كوڕه‌كه‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ ده‌ستى وه‌رگرتبوو په‌ڕیبووه‌ سایدى ئه‌وبه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌و لاندكرۆزه‌ره‌ به‌یه‌كیاندا دابوو، به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ش كه‌سمان كۆچى دوایى كردووه‌".

به‌ وته‌ى باوكى، هۆگر ته‌مه‌نى 32 ساڵ بووه‌ و له‌ سه‌مونخانه‌یه‌ك كارى كردووه‌ له‌ یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى سلێمانى و خێزانه‌كه‌شى ژنى ماڵه‌وه‌ بووه‌ و ته‌مه‌نى 29 ساڵ بووه‌ و سێ منداڵیان هه‌بووه‌، به‌ڵام كاتێك بۆ ئه‌و پرسه‌یه‌ رۆشتوون ته‌نها منداڵه‌ گه‌وره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌ و دوو منداڵى دووانه‌یان له‌ ماڵى خه‌زورى هۆگر به‌جێهێشتووه‌.

هۆگر حسێن و  رۆشنا ئه‌كره‌مى خێزانى، لیاى كچیان له‌گه‌ڵ خۆیان بردبوو، دوو كوڕى دووانه‌ى په‌پووله‌ ئاسایان له‌پاش خۆیان جێهێشتووه‌ به‌ ناوه‌كانى (محه‌مه‌د، باران )، كه‌ ته‌مه‌نیان ته‌نیا چوار ساڵه‌.

هه‌ردى حسێن فه‌رمانبه‌رى بانكە و له‌ رووداوه‌كه‌ رزگارى بووه‌، ئه‌گه‌رچى برینداربووەو برینه‌كه‌شى زیاتر ده‌موچاو و په‌راسوه‌كانى گرتبۆوه‌، به‌ڵام له‌ نه‌خۆشخانه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ مزگه‌وت له‌ پرسه‌ى ئازیزه‌كانى وه‌ستابوو، له‌كاتى بانگى عه‌سردا دواى نوێژكردن ویستمان رووداوه‌كه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه‌، به‌ سیمیایه‌كى برینداره‌وه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى وت: "تواناى قسه‌كردنم نيیه‌".

شانۆ مه‌حمود هاوسه‌رى هه‌ردى حسێن، فه‌رمابنه‌رى بانك بووه‌ و له‌گه‌ڵ خۆى دوو په‌پوله‌ى به‌ناوه‌كانى (نالى و ئه‌ستێره‌) برد و ته‌نها ئه‌و دوو منداڵه‌شیان هه‌بوو.

حسێن سه‌عید، رونیشیكرده‌وه‌ "هۆكارى ئه‌و رووداوانه‌ تیژڕه‌وییه‌ و قه‌زاوقه‌ده‌ریشى تێدایه‌"، داواشى له‌ شۆفێران كرد تیژڕه‌و نه‌بنو بۆ ئه‌وه‌ى رووداوى له‌و جۆره‌ى لێنه‌كه‌وێته‌وه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ پرسه‌كه‌دا ئاماده‌بوون باسیان له‌ باشى هۆگر حێسن ده‌كرد و به‌ كوڕێكى ئیشكه‌ر و خۆشه‌ویستى ناو خه‌ڵك وه‌سفیان ده‌كرد، یه‌كێك له‌ هاوڕێكانیشى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه‌ سێ رۆژ به‌ر له‌ رووداوه‌كه‌ هۆگر ته‌زبیحێكى به‌ دیارى پێداوه‌، ئه‌و باسى له‌وه‌شكرد زۆر حه‌زى له‌ ئۆتۆمبێلى جۆرى (نیسان ناڤارا) بوو، هه‌میشه‌ دەیوت ده‌یكڕم، به‌ڵام مه‌رگ رێگه‌ى نه‌دا.

ئه‌كره‌م فایه‌ق، خه‌زورى هۆگر و باوكى رۆشناى كۆچكردوو به‌ چاوى پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ له‌ پرسه‌كه‌دا وه‌ستابوو، كاتێك ویستم قسه‌ى له‌گه‌ڵ بكه‌م به‌ قوڕگى پڕ له‌ گریانه‌وه‌ وتى: "هیچم بۆ ناوترێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌، بڕوا حسێن براى هه‌ردى و هۆگر، بۆ دواڕۆژ باسى له‌وه‌كرد "ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ كاكه‌ هۆگرى برام بووه‌ و له‌ده‌ستى وه‌رگرتووه‌ و تووشى ئه‌م رووداوه‌ بووه‌".

هۆگر حسێن، قوربانى ئه‌و رووداوه‌ سێ براى هه‌یه‌ به‌ناوه‌كانى (هه‌ردى، باوان، بڕوا).

زانا دلێر كه‌ ئامۆزاى هۆگرى كۆچكردووه‌، به‌ دواڕۆژى وت "ئێمه‌ له‌ پرسه‌ى دایكم بووین له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ى تازه‌ كاتێك هه‌واڵه‌كه‌مان پێڕاگه‌یه‌نرا هه‌موومان پرسه‌كه‌مان جێهێشتوو چووینه‌ نه‌خۆشخانه‌".

ئه‌م رووداوه‌ هاوخه‌میه‌كى زۆرى له‌ناو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دروستكرد، به‌ جۆرێك دوێنێ هه‌ینى خه‌ڵك به‌ وشه‌كانیان شیوه‌نیان بۆ گیانله‌ده‌ستدانى شه‌ش كه‌س ده‌رده‌بڕى.

به‌پێى ئامارێكى ره‌سمى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆى پارێزگاى سلێمانى له‌ ساڵی 2018 دا هه‌زار و 11 رووداوى هاتووچۆ روویانداوه‌، به‌هۆیانه‌وه‌ (224) كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و سێ هه‌زار و 489 كه‌سیش بریندار بوون.

به‌ وته‌ى رائید كاروان محه‌مه‌د، وته‌بێژى هاتووچۆى سلێمانى، ئه‌و رووداوانه‌ به‌هۆی (تیژڕه‌وی، بێ ئاگایی، مه‌ی نۆشین، پابه‌ندنه‌بوون، ماوه‌ی سه‌لامه‌تی، گۆڕینی ساید، كه‌مته‌رخه‌می‌و چه‌ند هۆكارێكی دیكه‌وه‌) روویانداوه‌.

له‌ هه‌رێمى كوردستان رێكخراوه‌كانى هاتووچۆ و شاره‌زایانى ئه‌و بواره‌ و هاوڵاتیان رووداوه‌كانى هاتووچۆ به‌هۆى تیژڕه‌ویى و خراپى رێگاوبانه‌كانه‌وه‌ به‌ "ئه‌نفال"ى رۆژانه‌ ناوده‌بن و هاوڵاتیانیش ناویان له‌ به‌شێكى شه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى رێگاى نێوان شاره‌كان ناوه‌ "رێگاى مه‌رگ"، به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌م هه‌موو قوربانیه‌ تا ئێستا حكومه‌ت كه‌مته‌رخه‌مه‌ و دواى هه‌شت كابینه‌ نه‌توانراوه‌ گرفته‌كانى هاتووچۆ چاره‌سه‌ربكرێن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure