دیداری نێرگزی گەشتیاری لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

هەواڵ / کوردستان :: 10/02/2019‌ :: 340‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال

بۆ یەكەمجار بڕیارە لەم مانگەدا دیدارێكی گەشتیاری لەسلێمانی ئەنجامبدرێت و تێیدا چەندین وەبەرهێن و كۆمپانیای گەورەی بواری گەشتوگوزاری چەند وڵاتێك بەشدار دەبن.

ئارام شوانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ى شوباتى 2019) بە دواڕۆژی وت: بۆ یەكەمینجار یەكەم دیداری گەشتیاری لە سلێمانی، لە رۆژی 21ی شوباتی 2019 لە هۆتێل گراند ملینیۆم، لەنێوان كۆمپانیا گەشتیارییەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق و ئێران و هۆڵەندا و لوبنان بەڕێوەدەچێت.

وتیشی: "دیدارەكە بە ناونیشانی (دیداری نێرگزی گەشتیاری) دەبێت، كە تێیدا وەربەهێنەكانی بواری گەشتیاری ناوخۆ و ئەو وڵاتانە بەشداردەبن، بۆ ئەوەی ئاگاداری بواری گەشتیاری سلێمانی بن و هانیشیان دەدەین وەبەرهێنان لەبواری گەشتیاری لە شارەكەمان ئەنجام بدەن".

ئارام شوانی، ئاماژەی بەوەشدا: دەمانەوێت پەیوەندییەكی زیاتر و تۆكمەتر دروستبكەین له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گەشتیارییەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراق، هەروەها ئێران و لوبنان و هۆڵەندا، بۆ ئەوەی بتوانن گروپاتی گەشتیاری زیاتر بهێننە سلێمانی و جوڵەی گەشتیاری زیاتر بۆ ئەم شارە دروستبكەن و بەهۆیەوە خاوەنكاران و خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەكان سوودێكی زیاتر وەربگرن.

وتەبێژی گەشتیاری سلێمانی رونیشیكردەوە: دیدارەكە بیرۆكەی گەشتوگوزاری سلێمانییە و بە هاوكاری وەبەرهێنەرانی بواری گەشتیاری شارەكە بەڕێوەدەچێت.

 پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە