لەبارەی پۆستی وەزارەتی داد پارتی چی بە یەكێتی وتووە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/02/2019‌ :: 4655‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال


وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: بۆ وەرگرتنی وەزارەتی دادی عێراق لەلایەن یەكێتییەوە، پارتی پێی راگەیاندوون كە ئەو وەزارەتە بە "ئارەزوو"ی یەكێتی چارەسەر دەبێت، پەرلەمانتارێكی یەكێتیش ناوی كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە ئاشكرا دەكات.


ماوەی زیاتر لە چوار مانگە یەكلایبونەوەی وەزارەتی دادی عێراق بووەتە كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی، بەرپرسانی پارتی دەیانوت: لەبەرئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری هەیە، وەزارەتی داد مافی پارتییە، یەكێتیش دەیوت لەبەرئەوەی دووەم فراكسیۆنی زۆرینەن لەپەرلەمانی عێراق كە 21 كورسییان هەیە، ئەو وەزارەتە مافی خۆیانە.

سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و لەوەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بەیەكلاییبونەوەی وەزارەتی دادی عێراق بۆ حیزبەكەی، رایگەیاند "لەلایەن پارتییەوە ئاگاداركراینەوە كە ئەو مەسەلەیە بەئارەزووی ئێوە واتە (یەكێتی) چارەسەر دەبێت".

یەكێتی سەرەتا خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی بۆ پۆستی وەزارەتی داد كاندید كردبوو، دواتر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سیڤی (دادوەر رزگار محەمەد ئەمین) كە دادوەرێكی شاری سلێمانی بوو بۆ ئەو پۆستە رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرد، لەدوا پێشهاتیشدا عادل عەبدولمەهدی ناوی دادوەر (ئەركان بیبانی) كە دادوەرێكی شاری كەركوكە بۆ ئەو پۆستە رەوانەی پەرلەمان كردووە.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: لەبەرئەوەی سەرۆك وەزیران ناوی دادوەر (ئەركان بیبانی) وەك دوا سیڤی بۆ وەزارەتی داد رەوانەی پەرلەمان كردووە، بۆیە ئەو كاندیدەش دەبێتە كاندیدی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد.

سەعدی پیرە لەكۆنگرە رۆژنامەوانیییەكەدا رایگەیاند: تا یەك دوو رۆژی دیكە رەشنووسی رێككەوتننامەی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی كۆتایی دێت.

ئەگەر رێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر وەزارەتی داد كۆتایی بێت، بەهۆی پشووی پەرلەمانی عێراقەوە، دەنگدان بۆ وەزارەتی داد دەكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو.

دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: لەم هەفتەیەدا كە رەشنووسی رێككەوتنی سیاسی پارتی و یەكێتی دروستدەكرێت، ئاماژەكانی وەزارەتی دادیش دەردەكەوێت، چونكە هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە، بۆیە دەبێت یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكە رێككەوتن بكەن، ئیدی یەكلاییبوونەوەی ئاسان دەبێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure