هەرێم: لە یەک ساڵدا 4 ملیۆن و 82 هه‌زار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە

هەواڵ / کوردستان :: 09/02/2019‌ :: 424‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی


به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر ئاشكرایده‌كات: ساڵی 2018 چوار ملیۆن و 82 هه‌زار هاوڵاتی به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان كردووه ‌و بڕی 21 ملیار دیناریشیان له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌رگرتووه‌.


به‌پێی شیكارییه‌كی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ دواڕۆژ نێردراوه،‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 126 هه‌زار هاوڵاتی نیشته‌جێن ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ئاواره ‌و په‌نابه‌ر كه‌ به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ 50%ی ئه‌و ئاوارانه‌ی روویان له‌ هه‌رێم كردووه،‌ له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن.

هه‌ر به‌پێی شیكارییه‌كه‌ ساڵی رابردوو زیاتر له‌ سێ ملیۆن كه‌س له‌ هه‌ولێر خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستییان لەڕێگه‌ی 375 نه‌خۆشخانه ‌و داموده‌زگای ته‌ندروستی له‌ كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت پێشكه‌شكراوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: له‌ساڵی رابردوودا چوار ملیۆن و 82 هه‌زار هاوڵاتی به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری پزیشكی سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌و فه‌رمانگه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان له‌ كه‌رتی گشتی و تایبه‌ت كردووه‌و چاره‌سه‌ری پێویستیان وه‌رگرتووه‌. 

له‌به‌شێكی تری شیكارییه‌كه‌دا هاتووە: له‌ساڵی 2018دا 65 ملیارو 599 ملیۆن دینار بۆ كه‌رتی ته‌ندروستی خه‌رج كراوه‌، به‌جۆرێك 46 ملیارو 878 ملیار له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق دابینكراوه‌و 26 ملیار دیناریش له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم دابینكراوه‌و بڕی یه‌ك ملیاریش له‌ گواستنه‌وه‌ی نێوان پارێزگاكان دابینكراوه‌، هه‌رچی رێكخراوه‌ خێرخوزاییه‌كانیشه‌ بەبڕی 128 ملیۆن دینار دەرمان و پێداویستی ته‌ندروستییان پێشكه‌ش به‌ ته‌ندروستی هه‌ولێر كردووه‌.

به‌پێی شیكارییه‌كه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك له‌ماوه‌ی ئه‌و سا‌ڵه‌دا سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی كردبێت ته‌نها هه‌زارو 600 دیناری داوه‌ته‌ حكومه‌ت، له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌ت بایی 85 هه‌زار دینار خه‌رجی چاره‌سه‌رییه‌ پزیشكییه‌كانی پێشكه‌ش به‌ هاوڵاتیان كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ نه‌شته‌رگه‌ریش 23 هه‌زار نه‌شته‌رگه‌ری نیمچه‌ تایبه‌ت له‌ دوای ده‌وام به‌ بڕی پێنج ملیارو 339 ملیۆن و 342هه‌زار دینار ئه‌نجامدراوه‌ به‌راورد به‌ نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان بڕی زیاتر له‌ 11 ملیار دینار بۆ هاوڵاتیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

روونیشكراوه‌ته‌وه‌: ساڵی پار كۆی گشتی بڕی 21 ملیار دینار داهات له‌ رێگه‌ی رێكخراوه‌ خێرخوازییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕه‌ش له‌ كڕینی ئامێرو نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نۆشخانه‌و كه‌رته‌ ته‌ندروستییه‌كان خه‌رج كراوه‌ته‌وه.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە