گەنجانی قەزایەک لەبەر نەبوونی پارک لەگۆڕستانەکان کاتەکانیان بەسەردەبەن

هەواڵ / کوردستان :: 11/02/2019‌ :: 948‌ جار بینراوە

تاگ :: پرۆژە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

پاركی گشتی سەیدسادق ماوەی شەش ساڵە داخراوە و لەشوێنی حەوانەی مرۆڤەوە بووەتە جێگای حەوانەوەی ئاژەڵەكانی ئەو سنورە.

پاركی گشتی سەیدسادق، دەكەوێتە گەڕەكی بەختیاری قەزای سەیدسادق و تاكە پاركی گشتی قەزاكەیە و لەساڵی 2010 بە بڕی دوو ملیار دینار لەسەر ڕووبەری 25 دۆنم زەوی دروستكراوە، بەپێی گرێبەستێك بۆ ماوەی 20 ساڵ دراوەتە بەڵێندەرێك بە كرێی ساڵانەی 46 ملیۆن دینار، بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێندەرە پابەند نەبووە بەو گرێبەستەوە و 186 ملیۆن دینار قەرزاری شارەوانییە و پاركەكەش بەداخراویی ماوەتەوە و بووەتە جێگەی پشوودانی ئاژەڵانی سەیدسادق.

سالار محمەد، یەكێك لە گەنجانی قەزای سەیدسادق ئەوەی بە دواڕۆژ ڕاگەیاند: وەك گەنجانی سەیدسادق نیگەرانن كە تەنها پاركێكی گشتییان شك ئەبرد بۆ بەسەربردنی كاتەكانیان، بەڵام زیاد لە شەش ساڵە داخراوە بەڕووماندا و بووەتە جێگەی هاتنە ژوورەوەی ئاژەڵ، بۆیە ئەمە وایكردووە كە گەنجان ڕوو لە گۆڕستانی سەیدسادق و چەند شوێنێكی تر بكەن بۆ بەسەر بردنی كاتەكانیان لەجیاتی ئەوەی بێنە ئەم پاركە گشتییەوە.

نەبەرد حەسەن، سەرۆكی شارەوانی سەیدسادق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: پاركی گشتی سەیدسادق لەساڵی 2010وە بەگوێرەی گرێبەستێك دراوەتە بەڵێندەرێك بۆ ماوەی 20 ساڵ بە كرێی ساڵانەی 46 ملیۆن دینار، سەرەتا بەڵێندەرەكە بۆماوەی دوو ساڵ دەستی بە كاركردن كرد لە پاركەكەدا تا ڕادەیەك هاووڵاتیان ڕوویان لەپاركەكە دەكرد، بەڵام دواتر ئەو بەڵێندەرە ئامادە نەبوو پابەند بێت بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد: لە ساڵی 2014 نامەی ئاگاداركردنەوەمان ئاڕاستەی ئەو بەڵێندەرە كرد كە ئەو بڕی پارەیەی لایەتی ڕادەستی شارەوانی بكات و كەموكورتییەكانی پاركەكە چاك بكاتەوە، بەڵام پێوەی پابەند نەبوو، بۆیە ئەم دۆخە هەربەم جۆرە مایەوە تا بە تەواوی لە ساڵی 2014 پاركەكە داخرا، ئێمەش لە ساڵی 2016  لە دادگا بە رەسمی سكاڵامان لەسەر ئەو بەڵێندەرە تۆماركرد و پاش چەند دانیشتنێك دادگا بڕیاریدا بە پێدانی 186 ملیۆن دینار لەلایەن ئەو بەڵێندەرەوە بە سەرۆكایەتی شارەوانی، بەڵام تائێستا بەو بڕیارەشەوە پابەند نەبووە.

سەرۆكی شارەوانی ئەوەشی وت: "داوامان لە دادگا كردوە ئەو گرێبەستەی لەنێوان ئێمە و ئەو بەڵێندەرەدا هەیە هەڵبوەشێتەوە و قەرەبووی زیانەكانی پاركەكەش بكەوێتە ئەستۆی بەڵێندەرەكەوە، بۆیە چاوەڕێی دانیشتنی داهاتووی دادگا دەكەین بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی خۆی بدات بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكە".

دواڕۆژ پەیوەندیكرد بەو بەڵێندەرەی كە پاركی گشتی سەیدسادقی وەرگرتووە، بەڵام بە بیانووی ئەوەی هێشتا دۆسیەكە لە دادگایە و پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە، ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك بدات.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure