دوایین زانیاری لەبارەی دانیشتنەکەی 18ی شوباتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/02/2019‌ :: 441‌ جار بینراوە
وێنە : ئەرشیف

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لیستی برایەتی ئاشکرایدەکات، هێشتا وردەکاری دانیشتنەکەی 18ی شوباتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان پێنەگەیشتووە، عەرەب و تورکمانیش رەتیدەکەنەوە بەشداری لەدانیشتنەکە بکەن بەو پێیەی لەشاری هەولێر ئەنجامدەدرێت.

رۆژی 5ی شوبات مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەکۆبوونەوەی هاوبەشی نێوانیان بڕیاریاندا رۆژی 18ی ئەم مانگە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەشاری هەولێر کۆببێتەوە کە هاوکات دەبێت لەگەڵ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان.

محەمەد کەمال ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی لیستی برایەتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدواڕۆژی راگەیاند: بەپێی رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتی پێویستە وردەکاری و تەوەرەکانی دانیشتنەکە لەلایەن لیژنەیەکەوە ئامادە بکرێت و رادەستی سەرۆکایەتی ئەنجومەن بکرێت.


وتیشی: "هێشتا کارنامەی دانیشتنەکە نەگەیشتووەتە دەستیان تاوەکو بەرچاو ڕوونییان لەبارەی دانیشتنەکەوە هەبێت".


ئەوەشی خستەڕوو: کە بەئامادەبوونی 21 ئەندام رێژەی یاسایی دانیشتنی ئەنجومەن تەواو دەبێت، لیستی برایەتیش بەتەنها دەتوانێت ئەو رێژەیە ئامادە بکات.
لیستی برایەتی لە 26 ئەندام پێکدێت، توركمان ٩ و عەرەبیش 6 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە پێکدەهێنن.


لەدوای رووداوەکانی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017وە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و 14 ئەندامی لیستی برایەتی شارەکەیان بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە و نەگەڕاونەتەوە.
بەهۆی رێکنەکەوتنی لیستی برایەتی لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، پۆستی پارێزگار لەدەستی کورد نەماوە و لەلایەن جێگری پارێزگارەوە کە کەسێکی عەرەبە، پۆستەكە پڕ کراوەتەوە.


خەلیل حەدیدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە کوتلەی عەرەبی بەدواڕۆژی وت: "دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەدەرەوەی کەرکوک نایاساییە و کوتلەی عەرەبی تێیدا بەشدار نابێت".


وتیشی: "باشتر وایە کورد پێش یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگار و گەڕانەوەی پێشمەرگە، بگەڕێنەوە بۆ کەرکوک و ئەنجومەنی پارێزگا کارا بکەنەوە و لەگەڵ پێکهاتەکان پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەین".

کوتلەی عەرەبی کە زیاتر لەساڵێکە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستدایە و بەهۆی پەکخستنی ئەنجومەنیشەوە دەسەڵاتی رەهای هەیە، مەرجی سەرەکی بۆ دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ کورددا نەگەڕانەوەی پیشمەرگە و ئاسایش و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیانە لەگرتووخانەکانی هەرێم.

نەجات حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەکوتلەی تورکمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهیچ شێوەیەک ئامادە نابین لەدانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک گەر لە هەولێر بێت یاخود لەبەغدا، چونکە پێمانوایە ئەو ئەنجومەنە پێویستە لەکەرکوک چارەسەری کێشەکانی بکات.

لەماوەی رابردوودا دادگای کەتنی کەرکوک بڕیاریدا بە سزادانی رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەکالەت بە شەش مانگ زیندانی، بەشێوەی غیابی.
ئەمەش کێشەی بۆ خەرجکردنی موچەی ئەنجومەنەکان و راییکردنی مامەڵە داراییەکان دروستکردووە، حکومەتی عێراقیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتی جەمال مەولود سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەن پێکهێناوە.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure