بۆچی کێلی گۆڕی منداڵەکانی بە ناوی سێوانەوە کراون؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/02/2019‌ :: 48554‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌ختیار شه‌ریف 


كاتێك سه‌ردانی گۆڕستانه‌كان ده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت سه‌رجه‌م گۆڕه‌كان به‌ناوی خۆیان و باوكیان یان نازناویان ناسێنراون به‌ڵام، كێلی گۆڕی سێ منداڵه‌كه‌ى  چه‌مچه‌ماڵ  له‌ روداوێكدا له‌گه‌ڵ دایكیان سوتان له‌برى ناوى باوكیان به‌ ناوى دایكانه‌وه‌ نوسراوه‌.
  

ئێواره‌ی( 16ی كانوونی یه‌كه‌می 2018) به‌هۆی ئاگرێكی گوماناوییه‌وه‌ له‌ماڵێكی گه‌ڕه‌كی ئاسووده‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سێ منداڵ به‌ناوه‌كانی (دارین – لارین و ده‌وه‌ن)، كه‌ ته‌مه‌نیان 5 ساڵ و 3 ساڵ و 6 مانگدابوو گیانیان له‌ده‌ستدا و دایكیشیان  دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌مانه‌وه‌ی له‌نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌به‌یانی 24ی هه‌مان مانگ گیانی له‌ده‌ستدا.

 

دوای 40 رۆژ له‌مه‌رگی سێوه‌ كه‌سوكاریان گۆڕه‌كانیان هه‌ڵده‌به‌ستن و منداڵه‌كانیش كه‌ له‌ته‌نیشت دایكیان نێژراون نازناوی دایكیان پێ دراوه‌.

شوان قادر برای سێوه‌ ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 9ی شوباتی 2019) به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ناونانی منداڵه‌كان به‌ناوی دایكیان بیرۆكه‌ی خۆمان بوو، تا نازناوی دایكیان هه‌ڵبگرن و خه‌ڵكیش به‌و ناوه‌وه‌ بیانناسێته‌وه‌.

وتیشى: "ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسایه‌ و ئێمه‌ لاریمان نیه‌، ته‌نانه‌ت وه‌فاتنامه‌كانیان به‌ناوی باوكیانه‌وه‌یه‌  ئه‌وه‌شی به‌ده‌ست ئێمه‌یه‌ ناونانیانه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌كانیان به‌و ناوه‌وه‌ ناومان ناون و هیچ كێشه‌یه‌كی یاسایی و شه‌رعی نیه‌".


زۆربه‌ى ئه‌و گۆڕانه‌ى كه‌ به‌پێى یاسای و رێساكانى ئاینى ئیسلام  له‌هه‌رێمى كوردستان بونیان هه‌یه‌ ناوى مردوو له‌گه‌ڵ باوكى ده‌نوسرێت به‌ڵام به‌ وته‌ى مامۆستایانى ئاینى ده‌قێك نییه‌ كه‌ رێگربێت له‌وه‌ى پێچه‌وانه‌كه‌ى بكرێت. 

عه‌بدولوه‌هاب سه‌نگاوی  سه‌رۆكی لقی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتی یه‌كێتی زانایانی ئاینی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی یاسای باری شارستانی ره‌چه‌ڵه‌كی منداڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ باوانی، ته‌نانه‌ت له‌ ناسنامه‌ی باری شارستانی و دادگاكانیش هه‌ر به‌و ناوه‌وه‌ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ده‌قێكی ئاینی نه‌هاتووه‌ كه‌  باس له‌وه‌ بكات ناوی سه‌ر كێلی گۆره‌كان به‌ناوی باوك یان دایك بێت، بۆیه‌ هیچ كێشه‌یه‌كی شه‌رعی نیه‌.


هاوكات  سامی ساتی پارێزه‌ر  به‌ دواڕۆژى وت: "راسته‌ به‌پێی یاسابه‌ركاره‌كانى عێراق ره‌چه‌ڵه‌كی منداڵ بۆ باوكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕوویی یاساییه‌وه‌ زۆرئاساییه‌ به‌ناوی دایك یان هه‌ر نازناوێكی دیكه‌وه‌ بناسێنرێت، چونكه‌ هیچ ده‌قێكی یاسایی نیه‌ رێگر بێت له‌وه‌ی ناوی منداڵ له‌سه‌ر كێلی گۆڕ چۆن بنووسرێت، خه‌ڵك خۆی ئازاده‌ چۆن ناو ده‌نووسێت ، به‌ناوی ته‌وابێت یاخود نازناو و یان به‌ناوی دایكه‌وه‌ بێت".

داڕشتنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure