سەركردەیەكی یەكێتی: به‌ر له‌ كۆبوونەوەی 18ی شوبات پێویسته‌ رێككەوتنی سیاسی واژوبكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/02/2019‌ :: 346‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان دەبێت رێككەوتنی سیاسی نێوان حیزبەكەی و پارتی واژووبكرێت و ده‌شڵێت: رەنگە پێویست بە كۆبوونەوەی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان)یش بكات.

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 9ی شوباتی 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ كۆبوونەوەی 18ی شوباتی 2019ی واژووكردنی رێككەوتننامە سیاسییەكەی نێوان ئەوان و پارتی گرنگە، بۆیە ئەگەر ئەو رێككەوتنە واژوو نەكرێت، كۆبوونەوەكەش ناكرێت.

ئەو سەركردەیە، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتیشى: "تەواوبوون و واژووكردنی رێككەوتنەكە بەشێوەی كردار دوو تا سێ رۆژی دەوێت، چونكە لای یەكێتی بابەتەكان روونن، بەڵام ئەگەر پارتی بیەوێت تاوتوێی زۆرتری بكات".

لێدوانی ئەو سەركردەیەی یەكێتی لەكاتێكدایە، ئێستا مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ تاوتوێی حكومەتی نوێی هەرێم و پارێزگای كەركوك لەكۆبوونەوەدایە. 

لەكۆبوونەوەی هەفتەی رابردووى پارتی و یەكێتیش بڕیاردرا رۆژی 18ی شوبات كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك بكرێت.

سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت دیاریكردنی "كات" بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان موقەدەس نییە و وتی: "هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە رۆژی  18ی مانگ كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام ئەگەر رێككەوتنەكە واژونەكرێت كۆبوونەوەش ناكرێت، رێككەوتنەكە سیاسییەكەش ئێستا لە قۆناغی داڕشتنی بنەماكانیدایه‌، چونكە رێككەوتنەكە باسی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی دادی عێراقیش دەكات".

باسی له‌وه‌شكرد: بۆ كۆبوونەوەی 18ی شوبات رەنگە پێویستە بە كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان حیزبەكەیان و پارتی و گۆڕانیش بكات، بۆیە دەبێت پێش 18ی شوبات ئەو كارانە تەواوبكرێن.

ئاشكرایكرد: ئەوان لەسەرەتاوە بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان كێشەیان نەبووە، چونكە ئەوە زیاتر دەكەوێتە لای پارتی بۆ یەكلاییكردنەوەیان، بەڵام یەكێتی داوای دوو پۆستی سیادی و چوار تا پێنج وەزارەتی دیكەی كردووە.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure