سینه‌ما كۆنه‌كانى سلێمانى له‌نێوان یاده‌وه‌رى و له‌ناوچووندا

هەواڵ / که‌لتور :: 09/02/2019‌ :: 267‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سامان قوبادى

دڵشاد و  سیروان و  ره‌شید، دیارتیرین سینه‌ما كۆنه‌كانى شارى سلێمانى-ن، بێجگه‌ له‌ سینه‌ما سیروان (كه‌ ئه‌ویش 2 ساڵه‌ كراوه‌ به‌ شوێنى فرۆشتنى جلوبه‌رگ) له‌ئێستادا هیچ سینه‌مایه‌كى كۆن له‌م شاره‌دا نه‌ماوه‌ و كراون به‌ شوێنى بازرگانى. سینه‌ماكارانیش ده‌ڵێن: "ده‌بوایه‌ حكومه‌ت سینه‌ماكانى بكڕیایه‌ته‌وه‌ و پارێزگاریى لێ بكردنایه‌، به‌ڵام بێخه‌مه‌ و به‌ هانامانه‌وه‌ نایه‌ت".


به‌پێى چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى مێژوویى، ساڵى 1910 بۆ یه‌كه‌مجار سینه‌ما هێنراوه‌ته‌ شارى سلێمانى، له‌ خانه‌كه‌ى شێخ ئه‌حمه‌د له‌ سابوونه‌كه‌ران به‌ شه‌وان فیلمى نمایش كردووه‌ و به‌ (پیل) كارى كردووه‌، پاشان له‌ سه‌ره‌تاى ساڵانى چله‌كان سینه‌ما سه‌ڵاحه‌دین كراوه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌مین فیلمیش به‌ناوى "گه‌ڕانه‌وه‌ى فرانك جیمس" نمایش كراوه‌، چه‌ند ساڵێك دواتر هه‌ریه‌ك له‌ سینه‌ماكانى گۆیژه‌ و سیروان و دڵشاد و ره‌شید كرانه‌وه‌، كه‌ تا چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ئێستا فیلمیان تێدا نمایش كراوه‌.

هاوڕێ قادر-ى سینه‌ماكار ده‌ڵێت: "له‌كۆتایى حه‌فتاكاندا زیاتر فیلمى هیندى نمایش ده‌كران، وه‌ك سه‌نگام و شه‌علا و چه‌ند فیلمێكى تر، نرخى بلیتیش 20 فلس بوو، جاران چون بۆ سینه‌ما وه‌ك نه‌ریتى هه‌فتانه‌ى لێهاتبوو، ته‌نانه‌ت به‌شه‌ویش له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانماندا ده‌چووین بۆ بینینى فیلم".

كاوه‌ قادر به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى سینه‌ماى سلێمانى  بۆ دواڕۆژ وتى: "به‌هۆى ئاڵوگۆڕى جوگرافیاى ناو شارى سلێمانى و بینا هه‌ڵچنین، سینه‌ما كۆنه‌كان له‌ناوچوون، ته‌نیا سینه‌ما سیروان ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش بێسه‌روبه‌ر و وێرانه‌، سینه‌ما تازه‌كان-یش له‌دواى 2009 كراونه‌ته‌وه‌ وه‌ك سیتى سینه‌ما و سینه‌ما دڵشاد كه‌ برایه‌ ره‌ندگه‌له‌رى دواتر ئه‌ویش داخرا، پاشان سینه‌ما سالم. ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و شاره‌وانى رێگه‌یان نه‌دایه‌ كۆمه‌ڵێك سیمبولى دیارى ئه‌م شاره‌ له‌ناو ببرێن، به‌ڵكو ئه‌و سینه‌مایانه‌ له‌ خاوه‌نه‌كانییان بكڕرانایه‌ته‌وه‌ و نۆژه‌ن بكرانایه‌ته‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ماى سلێمانى وتیشى: "ده‌وڵه‌ت عه‌قڵیه‌تێكى بازرگانیى په‌یداكردووه‌، كه‌رتى تایبه‌تیش بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ موڵكى خه‌ڵكه‌ و سامانێكى نه‌ته‌وه‌یی و كلتورییه‌، بۆیه‌ به‌ ئاره‌زووى خۆى تێكیداوه‌، وه‌ك ده‌یبینین سلێمانى وه‌كو جاران نه‌ماوه‌، پێشتر خاوه‌نى سینه‌ما سیروان داواى كرد له‌ شوێنێكى تر زه‌وى پێ بدرێت، پاشان سینه‌ما سیروان بدات به‌ حكومه‌ت و نه‌یڕووخێنێ، به‌ڵام كه‌س به‌هانایه‌وه‌ نه‌چوو، به‌داخه‌وه‌ وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى و حكومه‌ت گوێمان لێ ناگرێت".

جگه‌ له‌ پشتگوێخستن، هۆكارێكى ترى نه‌مانى سینه‌ماكان بۆ پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆجیا و فیلمى دوو ره‌هه‌ندى و سێ ره‌هه‌ندى، هه‌روه‌ها بوونى چه‌ندین كه‌ناڵى جۆراوجۆر بۆ نمایشكردنى فیلم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

هاوڕێ قادر-ى سینه‌ماكار پێیوایه‌: "بابه‌ته‌كه‌ ته‌نیا نه‌مانى بیناى سینه‌ماكان نییه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك له‌ كه‌سایه‌تى و ئایدا جوانه‌كانمانه‌، فیكر رۆشنبیرى و مێژوومان بوون به‌ ئۆرجیناڵ، له‌به‌رئه‌وه‌ى قه‌در و رێز  بۆ مێژووى خۆمان دانانێین. ده‌كرا سینه‌ماكان بڕووخێنرانایه‌ و له‌ شوێنیان سینه‌ماى نوێ دروست بكرایه‌، یاخود بكرایه‌ به‌ هۆڵى شانۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كرا مرۆڤه‌كان لێى تاوانبارن".

هاوڕێ ده‌ڵێت: "حكومه‌ت خه‌مى خۆى نییه‌، چ جاى ئه‌وه‌ى خه‌مى سینه‌ماكانى هه‌بێت! هونه‌رمه‌ندان و سینه‌ماكاران و ئه‌و كه‌سانه‌ى جوانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌بینن لێى بێده‌نگ نین، به‌ڵام ده‌نگ و هاواره‌كانیشمان ناگاته‌ شوێنى خۆی، چونكه‌ حكومه‌تى هه‌رێم گوێمان لێ ناگرێت".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure