عه‌بدولكه‌ریم قاسم.. نێچیره‌كه‌ى كوده‌تاى شوبات

هەواڵ / عێراق :: 09/02/2019‌ :: 994‌ جار بینراوە
عه‌بدولكه‌ریم قاسم

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

عه‌بدولكه‌ریم قاسم، ناوى ته‌واوى (عه‌بدولكه‌ریم قاسم محه‌مه‌د به‌كر عوسمان فوزه‌یلى زوبیدى)یه‌، له‌ 21ى كانونى یه‌كه‌مى ساڵى 1914 له‌ دایكبووه‌، له‌ به‌روارى 9ى شوباتى ساڵى 1963. له‌ كوده‌تاكه‌ى حزبى به‌عسدا كوژرا.

به‌ یه‌كه‌مین سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكى عێراقى ده‌ژمێردرێت دواى ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى، ئه‌فسه‌رێكى سه‌ربازی بووه‌، پێش ئه‌وه‌ى ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق.

قاسم له‌ گه‌ڕه‌كى مه‌هدییه‌ى شارى به‌غدا پایته‌خت و له‌ خێزانێكى هه‌ژار و له‌ باوكێكى سوننى و دایكێكى شیعه‌ له‌دایكبووه‌، كوڕه‌ جوتیارێكى عێراقییه‌، یه‌كه‌مین جار له‌ قه‌زاى سوێره‌ له‌ پارێزگاى واسیت، رۆشتۆته‌ به‌رخوێندن، دواى ئه‌وه‌ى باوكى له‌به‌ر هه‌ژارى به‌غداى پایته‌ختى به‌جێهێشتووه‌، دواتر سه‌ره‌تایى و ناوه‌ندى له‌ به‌غدا ته‌واوكردووه.

پاش ئه‌وه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌ قه‌زاى شامییه‌ مامۆستایه‌تى ده‌كات، ساڵى 1932 قاسم ده‌چێته‌ كۆلێژى سه‌بازى، دواى دوو ساڵ و له‌ ساڵى 1934 به‌ پله‌ى ملازمى دووه‌م ئه‌و كۆلێژه‌ ته‌واوده‌كات، له‌ ژیانى سه‌ربازیى خۆیدا تا پله‌ى زه‌عیم روكن (عه‌مید روكنى ئێستا) پله‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌بڕێت، له‌ ساڵى 1941دا كۆلێژى ئه‌ركانیش ته‌واوده‌كات، ساڵى 1955 پله‌ى موقه‌ده‌م روكن وه‌رده‌گرێت، دواتریش ده‌كرێت فه‌رمانده‌ى لیواى 21ى پیاده‌، له‌ جه‌نگى فه‌له‌ستیندا به‌شداریكردووه‌، ئه‌وكاته‌ى له‌ ئه‌ركى سه‌ربازیدا بووه‌، سه‌رپه‌رشتى گروپێكى رێكخراوى نێهنى كردووه‌، به‌ناوى (مه‌نسور) یان (مه‌نسورییه‌)، دواتر له‌گه‌ڵ رێكخراوى ئه‌فسه‌رانى ئازادیخوازدا تێكه‌ڵیكرد.

عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ عه‌بدولسه‌لام عارف رێبه‌رایه‌تى شوڕشى 14ى ته‌مموزیان كرد، كه‌ توانییان سیسته‌مى پاشایه‌تى له‌ عێراق بڕووخێنن و سیسته‌مى كۆماریى له‌ عێراق رابگه‌یه‌نن، دواى ئه‌وه‌ى بووه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئاڵۆزى و پشێوییه‌كى سیاسى به‌رچاوى هه‌بوو، حزبه‌كان له‌سه‌ر چوونه‌ ده‌سه‌ڵات كێبڕكێ و ململانێیان ده‌كرد، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا كه‌مترین زیندانى سیاسى هه‌بوو، ئازادى سیاسى به‌رقه‌رابووه‌، سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، زۆر دژى یه‌كێتى وڵاتانى عه‌ره‌بى بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش واى له‌ جه‌مال عه‌بدولناسر كردووه‌ پاڵپشتى نه‌یاره‌كانى بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى 1959 دواى یه‌ك ساڵ له‌ گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات  كوده‌تاى به‌سه‌ردا بكه‌ن، له‌ ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا قاسم چه‌كى له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان داماڵى كه‌ ئه‌وكات به‌ناوى به‌رگرى جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو.

پاش ئه‌وه‌ى سیسته‌مى پاشایه‌تى عێراق رووخا، له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى قاسمدا ده‌ستورى ساڵى 1958ى كاتى دانرا، سیسته‌مى ده‌ره‌به‌گایه‌تى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، یاساى چاكسازى كشتوكاڵى ده‌ركرد، هه‌روه‌ك یاساى ژماره‌ (60)ى ساڵى 1961ى ده‌ركرد، كه‌ به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ ناوچه‌ى وه‌به‌رهێنانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌ بیانییه‌كانى دیاریكرد، به‌وپێیه‌ش زیاتر له‌ 99%ى ئه‌و زه‌وییانه‌ى به‌ بیانییه‌كان درابوو وه‌رگرته‌وه‌، هاوكات زۆرینه‌ى خانوو و شوێنه‌كانى نیشته‌جێبوونى حكومه‌تى به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تدا دابه‌شكرد، له‌ هه‌موو پارێزگاكاندا گه‌ڕه‌كى نیشته‌جێبوونى بۆ ئه‌فسه‌رانى سوپاى دروستكرد.

ئه‌ندامانى رێكخراوى ئه‌فسه‌رانى ئازادیخواز، دواى شوڕشى 1958 سه‌رجه‌م پۆسته‌ باڵاكانى حكومه‌تى ئه‌وكاته‌ى كۆمارى نوێى عێراقیان له‌ناو خۆیاندا به‌پێى به‌شداریكردن و رێبه‌رایه‌تیكردنى شۆڕشه‌كه‌ دابه‌شكرد، عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌ چه‌كداره‌كان و وه‌زیرى به‌رگرى به‌ وه‌كاله‌ت، كه‌ به‌رزترین و زۆرترین ده‌سه‌ڵاتى هه‌بوو، هاوكات فه‌ریق (نه‌جیب روبه‌یعى) وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌روه‌رى (مجلس السیاده‌) دانرا تا ئه‌وكاته‌ى سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵده‌بژێردێت، هه‌روه‌ها عه‌قید روكن عه‌بدولسه‌لام عارف بووه‌، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرى ناوخۆ به‌وه‌كاله‌ت.

سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى قاسمدا
له‌وماویه‌دا عه‌بدولكه‌ریم قاسم ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ده‌ست، عێراق له‌ چوارده‌وره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ى دوركه‌وته‌وه‌، پاڵپشتى یه‌كێتى وڵاتانى عه‌ره‌بى نه‌ده‌كرد، به‌هۆى هه‌ژموونى زۆرى كاره‌كته‌ره‌كانى حزبى شیوعى له‌ حكومه‌ته‌كه‌یدا، عێراق له‌ رووى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ پشى له‌ خۆرئاوا كرد، به‌ ئاراسته‌ى نزیكبوونه‌وه‌ له‌ بلۆكى رۆژهه‌ڵات، په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى سۆڤیه‌تدا به‌هێزكرد، رێككه‌وتنى ستراتیژى هاوبه‌شى له‌گه‌ڵى به‌ست، ترسناكترین بڕیارى عێراق له‌و سه‌رده‌مه‌ى قاسم، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌ندامێتى عێراق بوو له‌ كۆمكارى عه‌ره‌بى، پاساوى ئه‌و بڕیاره‌ى ئه‌وه‌بوو، كه‌ باوه‌ڕى به‌ نزیكبوونه‌وه‌ و هاوكارى پڕۆژه‌ى یه‌كێتى عه‌ره‌بى نییه‌، ئه‌وه‌ش عێراقى خسته‌ گۆشه‌گیرییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چوارده‌ورى خۆى جگه‌له‌ ئێران، ئه‌وكات باوه‌ڕى وابوو كوه‌یت بخرێته‌وه‌ سه‌ر عێراق، چونكه‌ درێژكراوه‌ى خاكى رافیده‌ینه‌ و یه‌كێك بووه‌ له‌ ئیماره‌ته‌كانى سه‌ر به‌ ویلایه‌تى به‌سره‌ له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى عوسمانییه‌كاندا.

له‌سه‌ركار لابردن و كوشتنى
له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى قاسمدا 18 هه‌وڵى پیلانگێڕى و كوده‌تا دراوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ قاسم شانازى به‌وه‌وه‌ده‌كرد له‌ هه‌موویان رزگارى بووه‌.
به‌ڵام له‌ 8ى شوباتى ساڵى 1963 هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌بدولسه‌لام عارف و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر، ده‌ستیاندایه‌ جوڵانه‌وه‌ و كوده‌تایه‌كى گه‌وره‌ و پلان بۆداڕێژراو دژى عه‌بدولكه‌ریم قاسم.

لە هەشتی مانگ تاوەكو رۆژى دواتر شەڕ لەنێوان كودەتاچیەكان و قاسم و لایەنگرانی بەردەوام بوو، نیوه‌ڕۆى رۆژى دووه‌م قاسم كاتێك زانى له‌ كوده‌تاى هاوه‌ڵانى رزگارى نابێت به‌هیواى مانه‌وه‌ى له‌ ژیاندا خۆى راده‌ستى كوده‌تاچییه‌كان كرد.

نیوه‌ڕۆى 9ى شوباتى 1963 عه‌بدولكه‌ریم قاسم و ئه‌فسه‌رانى یاوه‌رى كه‌ بریتى بوون له‌ هەریەك لە (فازڵ مەهداوی سەرۆكی دادگای میللەت و عەقید روكن تەها شێخ ئەحمەد بەرپرسی حەرەكاتی وەزارەتی بەرگری و مولازم كەنعان حەدادی پاسەوانی شەخسی عەبدولكەریم) به‌ دیلى گوازرانه‌وه‌ بۆ بارەگای رادیۆ و تەلەفزیۆنی عێراق، پاشان به‌ ئاماده‌بوونى هه‌ریه‌ك له‌ (عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەكر و عەلی ساڵح سەعدی و ساڵح مەهدی عەماش) پاش دادگاییه‌كی به‌په‌له‌ی رواڵه‌تییانه‌ی به‌عسییه‌كان گولـله‌باران كران و به‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتى عەبدولكەریم قاسم دوای چوار ساڵ و شەش مانگ و پازدە رۆژ كۆتایی هات.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure