په‌رله‌مانتارێكى كورد: لە سەرەتای مانگی داھاتووه‌وه‌ مووچەی فەرمانبەران چارەسەردەکرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 09/02/2019‌ :: 22560‌ جار بینراوە
جەمال کۆچەر

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
لە بودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراقدا، مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە مسۆگەرکراوە و مانگانە بڕی 68 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگرييان پێده‌درێت، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی دواڕۆژدا راشیدەگەیەنێت: لە بودجەی ئه‌مساڵ بە گشتی مانگانە 648 ملیار دینار دەگاتە هەرێم و مووچەی فەرمانبەرانیش لەکاتی خۆیدا دەدرێت.


دواڕۆژ: ئایا بودجەی ئەمساڵی عێراق باشتر دەبێت لە بودجەی ساڵانی پێشتر؟ بەتایبەت پێش ساڵانی 2014 و جیاوازیيەکان چیە؟
جەمال کۆچەر
: دوو بەراوردمان ھەیە، ئەوەی پێش ساڵی 2014 و دوای ئەو ساڵە، بە بۆچونی ئێمە بودجەی 2019 ھەندێک کاری باشی تێدایە کە لە بودجەکانی ساڵانی رابردوو بەدینەدەکراون، جیاوازییەکەی ئەوە بوو ئەو پارەیەی دادەنرا دوو شتی تێدابوو، یەکەم ئەوکاتەی لە سەدا 17 بوو، بودجەی پلاندانان بوو، بەڵام بودجەی ئەمجارە لەسەر 133 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و ناوی پێشمەرگە و مووچەی فەرمانبەران بە ئاشکرایی تێدا ھاتووە و ئەو سزایانەی لە سەر ھەرێم بوون نامێنن.

دواڕۆژ: لە بودجەی 2019 بەشی ھەرێم چەندە؟
جەمال کۆچەر
: دوو حاڵەتمان ھەیە، ئەگەر ھەرێمی کوردستان پابەندبێت و ئەگەر پابەندنەبێت، ئەگەر پابەندبێت نزیکەی نۆ بۆ 10 دەرگامان ھەیە، دەرگای یەکەم لە بەرامبەر 250 ھەزار بەرمیل باشیەکەی لەوەدایە نەوتی ھەرێم بە نرخی نەوتی عێراق دەفرۆشرێت کە ئێستا نزیکەی شەش بۆ حەوت دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت، دەرگای دووەم دەرگای فەرمانبەرانی ھەرێمە کە ئێستا 682 هەزار و 21 فەرمانبەرمان هەیە، لە بودجەی ئەمساڵ مووچەکەیان وەکو فەرمانبەرانی ناوچەکانی تری عێراقی لێکراوە، ئەگەر نرخی نەوت بۆ 20 دۆلار-یش دابەزێت ئەوان مووچەی خۆیان وەردەگرن. دەرگای سێیەم دەرگای پێشمەرگەیە کە یەکەمین جارە پارە بۆ پێشمەرگە دیاریدەکرێت. بۆ فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە بڕی 454 ملیار دینار رەوانە دەکرێت و بۆ پێشمەرگەش 68 ملیار دینار، جگە لەوەش مانگانە بڕی 128 ملیار دینار بۆ خانەنشینان تەرخانکراوە. بەگشتی لە ساڵی 2019-دا بڕی 10 تیلیۆن و 844 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەکرێت، ئەگەر حکومەتی هەرێمیش پابەندبێت بە رێککەوتنەکانەوە ئەوا دەرگای ترمان دەبێت.

دواڕۆژ: ئەگەر پابەندنەبێت چ کاریگەرییەکی لەسەر ھەرێم دەبێت؟
جەمال کۆچەر
: ئەگەر ھەرێم پابەندنەبێت، تاکە دەرگا کە لە ھەرێم دادەخرێت ئەوەی بەرامبەر نەوتە، بەڵام مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە لەگەڵ حاڵەتەکانی فریاکەوتن و قەرزەکان لەکاتی خۆیدا دێت و نابڕێت، جگە لەوەش توانیومانە 13 ملیار دیناری تر بۆ ھەرێم بێنین لە دەرەوەی بودجە.

دواڕۆژ: نوێنەرانی کورد و ئەندامانی لیژنەی دارایی توانیویانە لەسەر یاسای بودجە شەڕبکەن لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان؟
جەمال کۆچەر
: شەڕی ئەمجارە کە جێگای دڵخوشیە ھەموو فراکسیونەکان پەیمانیاندا سێ ھێڵی سورمان هەبێت، یەکەم مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە ناکرێت ببێتە کارتێکی فشار لە نێوان حکومەتەکاندا، واتا بەغدا بودجەی نەبڕێت بۆ ئەوەی وەکو فشار دژی هەرێم بەکاریبێنێت، یان ھەرێم مووچەی ھاووڵاتیان نەدات لە بەرامبەر ھەندێک مەرج و تێکەڵ بکرێت لەگەڵ بابەتی حیزبی، دووەم دەبێت رێژە لابدرێت، ئەو رێژەیەی دانراوە رێژەی سزادان بووە کە بریتییە لە 12.67، سێیەمیش ئەگەر ھەرێم پابەندنەبێت بە هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ بەغدا، ئەوا مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە راناگیرێت.

دواڕۆژ: ھەوڵتان نەداوە سەرژمێرییەکی نوێ بۆ عێراق و ھەرێم ئەنجامبدرێت؟
جەمال کۆچەر
: بەڵێ لە بودجەی 2019-دا هاتووە و پارەشی بۆ تەرخانکراوە کە سەرژمێرییەکی گشتی ئەنجامبدرێت، چونکە کۆمەڵێک کێشەمان ھەیە ئەگەر ئەنجامنەدرێت ئەو کێشانە چارەسەرناکرێن، وەکو ماددەی 140 و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، گرنگە عێراق سەرژمێرییەک ئەنجامبدات لەبەر بابەتی ئەمنی چونکە چەندین ھاووڵاتی لە عێراق نێشتەجێکراون و خۆیان عێراقی نین لە ئێران و تورکیا و سوریاوە ھاتوون.

دواڕۆژ: ئەگەر ئەو سەرژمێرییە ئەنجامبدرێت بەشە بودجەی ھەرێم زیادناکرێت؟
جەمال کۆچەر
: ئەوە لەسەر ژمارەی دانیشتوانی ھەرێم دەمێنێت، بەپێ ئەو سەرژمێرییەی ساڵی 2018 کە وەزارەتی نەخشەدانانی عێراق پێیداوین، لە جیاتی 12.67 پشکی هەرێم دەبێتە 13.9، ئەگەر سەیری وەزارەتی بازرگانیش بکەین لەسەر پسوڵەی خۆراک ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان لە ھەرسێ پارێزگاکانی ھەرێم دابەشی سەرژمێری گشتی عێراقمان کردوە و ئێمە لە سەدا 14-ین، بۆیە لەگەڵ ئەوەداین سەرژمێری ئەنجامبدرێت لەبەر مادەی 140 و بەشە بودجەی هەرێمیش، چونکە لە بودجەدا دیاريکراوە ئەگەر حکومەتی عێراق بودجە کەمبنرێت ئەوا زیادیدەکات و ئەگەر زیادیشی ناردبێت دەبێت هەرێم بیگێڕێتەوە بۆ بەغدا.

دواڕۆژ: ئەو بەشە بودجەیەی بۆ ھەرێم دانرابوو کە لەسەدا 12.67 بوو، لەسەر چ بنەمایەک دانراوە؟
جەمال کۆچەر
: عەبادی گەڕاوەتەوە بۆ سەرژمێری ساڵی 1975 کە لەوکاتەدا ئەنجامدراوە و ھەرێم 12.67 بووە، ئێمە داوامانکرد کە ئەگەر سەرژمێرییەکی نوێمان ھەبێت کە هی ساڵی 2018-یە بۆچی بۆ ئەوەی کۆن دەگەڕێنەوە؟ ئەگەر دەمانبەنەوە ساڵی 1975 ئێوەش سەرژمێرییەکانی خۆتان وەکو سوننە و شیعە لەسەر ھی ئەوکاتە هەژماربکەن، بۆیە ئەوان لە رووی سیاسیەوە زەرەرمەند دەبن و وتیان ئەم رێژەیە لادەدەین.

دواڕۆژ: کەی بودجە بەتەواوی پەسەنددەکرێت؟
جەمال کۆچەر
: بودجەی ساڵی 2019 تەواوبووە و تەنیا ئەوە ماوە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوبکرێتەوە.

دواڕۆژ: ھەولێر لەگەڵ بەغدا چی بکات لەبەرامبەر ئەو بەشەی بۆ ھەرێم دیاریکراوە؟
جەمال کۆچەر
: بە بووچۆنی من دەبێت ھەرێم نەرمی بنوێنێت لەگەڵ بەغدا و ھەنگاوی چارەسەر بنێت، چونکە توانیومانە ئەمجارە رازی بکەین نزیکەی پێنج ملیار دۆلار بێبەرامبەر بداتە ھەرێم، بەڵێنمانداوە ئەگەر ئەوان پابەندبن بە بودجەی 2019 ئەوا ئێمەش هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەرێم و بەغدا دەدەین بۆ ئەوەی لە 2020 بەشداری بودجە بین و ھەموو کێشەکانی نەوت و دەروازە سنوریەکان چارەسەربکرێن، لەبەرئەوە دەبێت ھەرێم جددی بێت لەو ھەنگاوە و ئەگەر وانەکات لە ساڵی داھاتوو کێشەمان بۆ دروستدەبێت لەگەڵ بەغدا.

دواڕۆژ: حکومەتی ھەرێم لەناوخۆ چی بکات؟
جەمال کۆچەر
: بێگومان ئەو قەیرانانەی کە ھەرێمی کوردستانی گرتووتەوە دروستکراون نەک قەیرانی راستی، بۆ نموونە بایۆمەتری ئەنجامدراوە ھەزاران بندیوان دەرکەوتوون، دەبێت قوناغی دووەمیش دەستپێبکات و ئەوەی دوو مووچەی هەیە بکرێتە یەک مووچە، پێویستە کارتی زیرەکیش دروستبکرێت و ھەر کەسێک لەو دەزگایەی دەوامی تێدادەکات مانگانە لەوێ ئامادەبوون و نەھاتنی بنووسرێت و پارەکەیشی لەسەر ئەو بنەمایە پێبدرێت.

دواڕۆژ: ئەگەر بەشێکین لە عێراق بۆچی بەشمان لەو پارەیە نییە کە لە بانکی مەرکەزی دایە؟
جەمال کۆچەر
: ئێمە دوو کێشەمان ھەیە، یەکەم ئەزموونێکی شکستخواردومان هەیە لەگەڵ بانکی مەرکەزی عێراق، خۆم لەگەڵ عەلی عەلاق دانیشتووم، لقی بانکی مەرکەزی لە ھەولێر ھەبوو، لە قەیرانی 2015 لەوکاتە گەرمەی شەڕی داعش بوو و بەغداش پارەی نەدەنارد، یەدەکێکی بانکیان ھەبوو لە ھەولێر، ھەرێم ناچاربوو ئەو پارەیەی دەرکرد بێگەڕانەوە بۆ مەرجەکانی بەغدا، ئەمە وایکرد ئەو لقە دابخرێت. جگە لەوەش حکومەتەکانی پێش ئێستای ھەرێم وەرەقەی فشاریان بەکاردەھێنا، دەبێت لە خولی نوێی پەرلەمان ھەنگاو بەوشێوەیە بنێین کە ئێمە بەشێکین لە عێراق، ئەگەر توانیمان ئەوە دیاریبکەین کە بەشێکین لە عێراق، ئەوکاتە دەتوانین داوابکەین چ شتێک بۆ عێراق ھەیە دەبێت بۆ ئێمەش ھەبێت.

دواڕۆژ: چ مژدەیەکتان بۆ فەرمانبەرانی ھەرێم ھەیە؟
جەمال کۆچەر
: بە فەرمانبەرانی ھەرێم رادەگەیەنم لە سەرەتای مانگی داھاتوو مووچەی فەرمانبەران چارەسەردەکرێت، ھەرێمی کوردستان بە بەغدایان وتبوو ئەگەر مانگانە 600 ملیار دینارمان بۆ بنێرن ئێمە ھەموو کێشەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران چارەسەردەکەین، ئەوەی لەم بودجەیەدا بۆ ھەرێم دێت 648 ملیار دیناری مانگانەیە، بۆیە مژدە بە ھاووڵاتیان دەدەین مووچەکانیان چاک دەبێت، ئەوەش ئەگەر ھەرێم ھەنگاوی جددی بنێت و بندیوارەکان لە ناو لیستەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەربکات.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure