سبەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2019‌ :: 795‌ جار بینراوە
یەکێتی نیشتمانی کوردستان

دواڕۆژ، هۆگر کەمال

بڕیارە پێشنیوەڕۆی سبەینێ شەممە 9ی شوباتی 2019، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی چەند پرسێک کۆببێتەوە.

سەعدی پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بە دواڕۆژی وت :"سبەینێ مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی کۆدەبینەوە"، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشكرابكات.

بەپێی زانیارییەکانی دواڕۆژ، کۆبوونەوەی سبەینێی یەکێتی لەبارەی ئەو رەشنووسەیە کە لیژنەکانیان لەگەڵ پارتی ئامادەی دەکەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی نوێی نێوانیان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی سبەینێ گفتوگۆ لەبارەی ئەو پۆستانە دەکات کە بە مافی خۆی دەزانێت و گفتوگۆی دیاریکردنی کاندیدەکانیان دەكەن، بەتایبەتی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دەیانەوێت کاتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی و دواتر کاتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان دیاری بکەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پۆستەکان و دیاریکردنی کەسەکان بکەن بۆی، بەتایبەت لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی لە نێوان (بێگەرد تاڵەبانی، رێواس فایەق)، یەکێکیان بە دەنگدان دیاری بکەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.

لە کۆبوونەوەی پێشووی نێوان یەکێتی و پارتی، بڕیاریاندا رەشنووسێک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن ئامادەبکەن، هاوکات بڕیاریشیاندا رۆژی 18ی شوبات پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەجیا کۆببنەوە.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure