"دروستكردنى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ ناوى هه‌ڵه‌بجه‌-وه‌ ده‌چێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2019‌ :: 1412‌ جار بینراوە
تابلۆى ئۆتۆمبێلى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم فه‌رمانى ده‌ركردووه‌ به‌ دروستكردنى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌-وه‌ ده‌شڵێت :"ئه‌و كۆمپانیایه‌ى تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كانى پارێزگاكانى هه‌ولێر و سلێمانى دروستده‌كات هه‌ڵده‌ستێت به‌ دروستكردنى تابلۆى ئۆتۆمبێله‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌-ش".


كاوه‌ عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند :"دواى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ندى به‌ فه‌رمانێك رازامه‌ندى ده‌ربڕى به‌ پێدانى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ دوو رۆژى رابردوودا له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ فه‌رمانى دروستكردنى تابلۆى ئۆتۆمبێل به‌ناوى هه‌ڵه‌بجه‌-وه‌ ده‌رچووه‌. هاوكات له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ناوخۆش له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت كۆبووینه‌ته‌وه‌".

وتیشى :"له‌ ئێستادا سه‌رقاڵى دابینكردنى پارچه‌ زه‌وییه‌كین بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ى هه‌ڵده‌ستێت به‌ دروستكردنى تابلۆكان بۆ ئه‌وه‌ى بینایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆیان دروستبكه‌، داواشمان له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ پارچه‌ زه‌وییه‌كى پێویست بۆ ئه‌و كۆمپانیایه‌ دابینبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كارگه‌ی دروستكردنی تابلۆكه‌ی تێیدا ده‌ستبه‌كار ببێت".

جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو :"به‌ گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كانمان ئه‌و كۆمپانیایه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا دروستكردنى تابلۆى ئۆتۆمبێلى پارێزگاكانى هه‌ولێر و سلێمانى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌ستبه‌كار ده‌بێت".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure