"به‌غدادى له‌ كوده‌تایه‌كى چه‌كداره‌كانى رزگارى ده‌بێت"

هەواڵ / جیهان :: 08/02/2019‌ :: 266‌ جار بینراوە
ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، خه‌لیفه‌ى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ناسراو به‌ (داعش)

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، خه‌لیفه‌ى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ كوده‌تایه‌كى چه‌كداره‌ بیانییه‌كانى رێكخراوه‌كه‌ى رزگاریده‌بێت و به‌رپرسێكى هه‌واڵگری-یش ده‌ڵێت "له‌میانى ئه‌نجامدانى كوده‌تاكه‌دا شه‌ڕ و پێكدادان رویداوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س كوژراون".

به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ى گاردیانى بریتانی-یه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، "باوه‌ڕده‌كرێت روداوى ئه‌نجامدانى كوده‌تاكه‌ به‌سه‌ر ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، خه‌لیفه‌ى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى ناسراو به‌ (داعش) له‌ رۆژى 10ى كانونى دووه‌مى 2019، له‌ گوندێك له‌ نزیك ناوه‌چه‌ى هیجان رویدابێت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر دۆڵى روبارى فوڕات".

هاوكات سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌ ناوخۆییه‌كانى سوریا زانیارى زیاتریان له‌باره‌ى ورده‌كارى روداوه‌كه‌وه‌ ئاشكرا كردووه‌ و ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو "كوده‌تاكه‌ له‌لایه‌ن چه‌كداره‌ بیانییه‌كانى داعش-ه‌وه‌ كراوه‌، به‌مه‌به‌ستى لابردنى به‌غدادى، به‌ڵام به‌هۆیه‌وه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان ئه‌و چه‌كدارانه‌ و سه‌رۆكى پاسه‌وانه‌كانى به‌غدادى رویداوه‌، له‌ ئه‌نجامدا خه‌لیفه‌ى داعش ناچاربووه‌ رابكات بۆ یه‌كێك له‌ بیابانه‌ نزیكه‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌".

رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زارى سه‌رچاوه‌كانییه‌وه‌ ئه‌وه‌شى ئاشكرا كردووه‌ "به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕ و پێكدادانه‌ى كه‌ له‌نێوان كوده‌تاچییه‌كان و پاسه‌وانه‌كانى به‌غدادى رویداوه‌، ئه‌بو معاز ئه‌ل-جه‌زائیرى، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و 500 چه‌كداره‌ى داعش كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا ماون كوژراوه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ خه‌ڵاتى داناوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ بكوژى جه‌زائیرى بدۆزێته‌وه‌".

هاوكات به‌رپرسێكى هه‌واڵگرى كه‌ نایه‌وێت ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ و ئاگاداره‌ له‌ روداوه‌كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت :"راسته‌وخۆ له‌دواى روداوه‌كه‌  زانیارى رودانى كوده‌تاكه‌مان پێگه‌یشت. له‌و روداوه‌دا ته‌قه‌ رویداوه‌ و دوو كه‌سیش كوژراون. له‌لایه‌ن چه‌كداره‌ بیانییه‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ به‌شێكیان زۆر جێگه‌ى متمانه‌ بوون".

به‌رپرسانى عێراق و بریتانیا و ئه‌مریكا پشتڕاستى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ تا ئێستاش به‌غدادى له‌نێو چه‌كداره‌كانیدایە له‌ سوریا، به‌تایبه‌تیش ئه‌و چه‌كدارانه‌ى كه‌ پاش شكستى داعش دووباره‌ یه‌كیان گرتووه‌ته‌وه‌. هاوكات به‌غدادى پاش تێپه‌ڕینى چوار ساڵ به‌سه‌ر برینداربوونى له‌ هێرشێكى ئاسمانیدا دۆخى ته‌ندروستى ناجێگیره‌.

له‌ ئێستادا له‌كۆى ئه‌و 70 هه‌زار سه‌ربازەى كه‌ له‌ ساڵى 2013 كه‌ له‌ هه‌موو وڵاتانى دونیاوه‌ رویانكرده‌ سوریا به‌ ئامانجى دروستكردنى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له‌ عێراق و شام ناسراو به‌ (داعش) ته‌نیا 500 چه‌كدار ماون كه‌ هاوشانى خێزانه‌كانیان له‌و وڵاته‌دا ده‌جه‌نگن، له‌ ئێستاشدا له‌لایه‌ن هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و حه‌شدى شه‌عبى-یه‌وه‌ له‌سه‌ر سنورى عێراق سوریا گیرییان خواردووه‌ و گه‌مارۆ دراون.

ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure