ئێران به‌ڵێنى به‌ره‌سمى ناساندنى مه‌رزێكى هه‌رێم ده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: 08/02/2019‌ :: 808‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌رپرسانى ئێران به‌ڵێنى به‌ ره‌سمى ناساندنى مه‌رزى پشته‌ ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى قائیمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ باسیده‌كات و ده‌شڵێت: كاروباره‌كانى ئاماده‌كردنى مه‌رزه‌كه‌ به‌ باشى به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
 
نوخشه‌ ناسیح، قائیمقامی قه‌زای ناوه‌ندی پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 8ى شوباتى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى لاى خۆمانه‌وه‌ كاروباره‌ ئیدارییه‌كانى تایبه‌ت به‌ نێوده‌وڵه‌تیكردنى مه‌رزى پشته‌-مان كۆتایى پێهێنا و له‌لایه‌ن شاندێكى حكومه‌تى عێراقیشه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆكرا، دوێنێ له‌سه‌ر داواى قایمقامى (سه‌لاسى باوه‌جان) سه‌ردانى ئه‌و دیوى مه‌رزه‌كه‌مان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا قسه‌وباسمان له‌ خێرا جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى ناو مه‌رزه‌كه‌ كرد.

وتیشى: "خۆشبه‌ختانه‌ پڕۆژه‌كانى راكێشانی تۆڕی ئاو و كاره‌با و رێگاوبانه‌كان له‌ دیوى ئێرانه‌وه‌ به‌ باشى به‌ڕێوه‌ده‌چن ‌و دواى كۆتایى هاتن به‌و پڕۆژانه‌ لایه‌نى ئێرانى به‌ڵێنى ئه‌وه‌یان پێداوین كه‌ به‌ فه‌رمى مه‌رزى پشته‌ بناسێنرێت و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و گه‌شتیاریى تیادا جێبه‌جێبكرێت".

مه‌رزه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناحییه‌ى به‌مۆى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ سه‌لاسی باوه‌جانی‌ له‌ رۆژ‌هه‌ڵاتی كوردستان.
 
قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌: لایه‌نى ئێرانى له‌وه‌ دڵنیایانكردونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ر كارێك خزمه‌ت به‌ هاوڵاتیانى هه‌ردوولا بكات ئه‌نجامى بده‌ن به‌ تایبه‌ت له‌ڕووى به‌ فه‌رمى ناساندنى مه‌رزه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان.  

مه‌رزه‌كه‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ 700 ئۆتۆمبێل و 80 بازرگان كاری تێدا ده‌كه‌ن و داهاتی ساڵانه‌ی نزیكه‌ی 20 ملیار دینار ده‌بێت.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure