راپۆرتێكى سه‌ربازى: روسیا ئاماده‌كارى بۆ جه‌نگى گه‌وره‌ ده‌كات

هەواڵ / جیهان :: 08/02/2019‌ :: 467‌ جار بینراوە
"ئاماژه‌یه‌ بۆ ئاماده‌كارى گواستنه‌وه‌ له‌ بارى ئاشتییانه‌وه‌ بۆ بارى شه‌ڕ"

دواڕۆژ

په‌یمانگاى سویدى بۆ توێژینه‌وه‌ سه‌ربازى و به‌رگرییه‌كان له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانى روسیا ده‌كات و ده‌ڵێت: سه‌رجه‌م ئاماژه‌ و جموجوڵه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئاماده‌كارى سوپاى روسیا بۆ جه‌نگێكى دیاریكراو.

به‌پێى شیكارانى ناو راپۆرته‌ سویدییه‌كه‌، روسیا به‌رده‌وام گرنگى گه‌وره‌یداوه‌ به‌ چاره‌سه‌رى ناكۆكییه‌كان به‌ رێگاى ئاشتییانه‌ و له‌ڕێى وتوێژه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا كارى پێشینه‌ى روسیا گۆڕاوه‌ و زیاتر گرنگى به‌ راهێنانى سه‌ربازى به‌ سوپاكه‌ى ده‌دات ئه‌مه‌ش نیازى سه‌ربازى بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى ئاینده‌ نیشانده‌دات.

ده‌شڵێن: دیارترین نمونه‌ى گۆڕانكارى له‌ كارى پێشینه‌ى روسیا ئه‌نجامدانى مانۆڕ و راهێنانى سه‌ربازییه‌ وه‌ك (رۆژئاوا 2017) كه‌ له‌ ناوچه‌كانى رۆژئاواى روسیا ئه‌نجامدرا و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار سه‌ربازى روسى به‌شدارییان كرد، سه‌ره‌ڕاى مانۆڕ و راهێنانى سه‌ربازى له‌ژێر ناوى (رۆژهه‌ڵات 2018) كه‌ گه‌وره‌تر بوو و زیاتر له‌ 300 هه‌زار سه‌رباز به‌شدارییان كرد.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌: سوپاى روسیا گه‌شه‌ به‌ تواناكانى شه‌ڕكه‌رى به‌رگرى و هێرشبه‌رى ده‌دات، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئاماده‌كارى گواستنه‌وه‌ له‌ بارى ئاشتییانه‌وه‌ بۆ بارى شه‌ڕ.

راپۆرته‌كه‌ رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ئاماده‌كارییه‌كان و راهێنانه‌ سه‌ربازییه‌كان ڤلادیمیر پوتین، سه‌رۆكى روسیا به‌شدارى تێداده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ به‌ رسته‌یه‌ك كۆتایى هاتووه‌: "ئه‌نجامدانى راهێنانى مه‌عنه‌وى و رۆشنبیرى و عه‌قڵى سه‌ربازان ناوبه‌ناو گرنگه‌ بۆ به‌ به‌رزى هێشتنه‌وه‌ى ئاماده‌ییان، به‌ڵام ئاماده‌كارى ماسولكه‌یى ماناكه‌ى جیاوازه‌".

وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure