پێنج ساڵە بەبێ دایك و باوك لەناو نەخۆشخانەدا دەژی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 34896‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵ و نیو، لەساتی لەدایكبونيەوە تاوەكو ئێستا لەنێو نەخۆشخانەیەكی كەركوكدا ژیان بەسەردەبات، چونكه‌ دایكی ئامادەنەبووە بەخێویبكات. بەهۆی نەبوونی خانەی بەخێوكردنی منداڵانی كچانیشه‌وه‌ دادگا بڕیاریداوە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا.


ئیمان، ئەو ناوەیە كە لەلایەن كارمەندانی نەخۆشخانەی ئازادیەوە لەو منداڵە نراوە كە هەرگیز ژیانی دەرەوەی نەخۆشخانەكەی نەبینیوە.

چیرۆكەكەی لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە كچێكی تەمەن 16 ساڵان سكی بەمنداڵێك پڕدەبێت بەر لەوەی هاوسەرگیری بكات، لەبەردەم پۆلیسیشدا ئەو تاوانە دەخاتە ئەستۆی باوك و مامێكی كە سكەكەی لەوانە بەوپێیەی لە تەمەنی 10 ساڵانەوە بە بەردەوامی دەستدرێژیان كردووەتە سەری.

دوای لەدایكبونی (ئیمان) دایكی ئامادەنابێت بیگرێـتە خۆی و بەخێویبكات، بەناچاری منداڵەكەی لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە و پەرستار و كارمەندەكان ئەركی بەخێوكردنی دەگرنەئەستۆ هەتا ئەمڕۆ كە تەمەنی گەیشتووەتە پێنج ساڵ و نیو.

دادگای كەركوك لەبەرامبەر ئەو تاوانەدا كە لەكاتی خۆیدا رای گشتی هەژاند، سزای لەسێدارەدانی بۆ باوك و مامەكەی دەرکرد، بەهۆی تانەدان لەبڕیارەكەیش تاوەكو ئێستا یەكلایینەكراوەتەوە. بەڵام دوای چەند مانگێك لە دەرچوونی سزاكە باوكەكە لەزینداندا گیانی لەدەستدا.

سرود ئەحمەد، سەرۆكی رێكخراوی هیوای عێراقی لە كەركوك بەدواڕۆژی وت: "سەدان خێزان خۆیان ناونوسكردووە و ئامادەییان دەربڕیوە ئەو منداڵە بگرنەخۆیان بۆ ئەوەی وەكو هەر منداڵێكی ئاسایی دیكە بژی، بەڵام بەربەستێكی یاسایی رێگرە لەبەردەم بەخشینی لەلایەن دادگاوە".

لەبارەی بەربەستە یاساییەكەیشەوە رونیكردەوە: لەلایەن دادگای تاوانەكانی كەركوكەوە دوو تۆمەتبار لەدۆسێكەدا سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە و تانە لە بڕیارەكەی دادگایش دراوە، وەڵامی دادگای تەمیزیش نزیكەی ساڵێكی پێدەچێت، ئەمەیش وایكردوە دۆسێكە یەكلایینەبێتەوە بۆیە دادوەر ناتوانێت بیبەخشێت.

چەند جارێك خێزانی خۆبەخش داوایانكردووە ئەو منداڵە لە نەخۆشخانە بهێننە دەرەوە و بەخێویبكەن تا ئەوكاتەی دادگا داوایدەكاتەوە، بەڵام دادوەر قبوڵی نەكردووە.

لەئێستادا دادگای كەركوك بڕیاریداوە منداڵەكە چیتر لە نەخۆشخانەدا نەمێنێتەوە و بخرێتە خانەی چاودێریيەوە بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیارە ببرێتە شاری بەغدا، چونكە خانەی بەخێوكردنی منداڵانی بێسەرپەرشتیارانی تایبەت بە رەگەزی مێ لەشارەكەدا نییە.

جوان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ و منداڵ و ژنان لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدواڕۆژی وت: "دۆسيەكەی ئیمان جیاوازترە لە دۆسيەی ئەو منداڵانەی دەدۆزرێنەوە، چونكە ئەم ناسنامەی خانەوادەكەی دیارە و پێویست دەكات دایكی بەنوسراوی فەرمی دەستبەرداری بێت یاخود وەریبگرێتەوە بۆ ئەوەی لەم ژیانەی ئێستای رزگاری بكات".

وتیشی: "لەم چەند ساڵەدا گەلێك هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی دادگا بەخێزانێكی ببەخشێت، تەنانەت داواشمانكردووە رەوانەی خانەی بەخێوكردنی منداڵانی سلێمانی بكات بەڵام دادگا هەردوو پێشنیارەكەی رەتكردوینەتەوە".

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure