چى به‌سه‌ر جه‌سته‌ى ئافره‌تدا ده‌هێنێت؟
به‌كارهێنانى پڕۆتین مه‌ترسى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى گه‌نجان دروستكردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/02/2019‌ :: 2075‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌كارهێنانى پڕۆتین بۆ له‌شجوانى له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ رووى له‌زیادبوون كردووه‌، به‌پێى وته‌ى پسپۆڕانى بواره‌كه‌ مه‌ترسى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى زۆربه‌ى ئه‌و گه‌نجانه‌ دروستكردووه‌ تا هەندێک جار گەیشتووەتە حاڵەتی مردن، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش ده‌ڵێت: "ناتوانین قه‌ده‌غه‌ى بكه‌ین، به‌ڵام پێمان باشنییه‌ به‌كاربهێنرێت".


له‌باره‌ى هۆكارى تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسیداره‌كان له‌ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى پڕۆتینه‌وه‌، زرنگ سالار، راهێنه‌رى له‌شجوانى بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكییه‌كان ناچنه‌ چوارچێوه‌ى ده‌رمانه‌وه‌، به‌ڵكو پاڵپشتى خۆراكین، كاتێك یاریزانێك دێته‌ لامان رێكخستنى خواردنى بۆ داده‌نێین، ئه‌گه‌ر له‌به‌رنامه‌ى خواردنه‌كه‌دا كه‌موكورتى بۆ دروستبوو به‌م ماددانه‌ پڕى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وانیش (وه‌ى پڕۆتین، ئه‌ماینۆ ئه‌سید، كریاتین، گلوتامین، ئێچ ئێم بى، لاكتیكى ئارجنین، تیستۆیوسته‌ره‌كان، مه‌ڵتى ڤیتامین، ئۆمیگاى 3 و 6 و 9، ئه‌مینۆى پاوده‌ره‌كان) هەموویان له‌سه‌ر یه‌ك سه‌رچاوه‌ وه‌رده‌گیرێن ئه‌ویش شیره‌".

ئه‌و مامۆستایه‌ى بوارى له‌شجوانى وتیشى: "به‌داخه‌وه‌ بازرگانى ده‌ستێكى خراپى له‌م كاره‌دا هه‌یه‌، به‌حوكمى ئه‌وه‌ى خه‌ڵكانێك ئه‌م مه‌وادانه‌ ده‌هێنن، له‌ پێكهاته‌ و شێوازى به‌كارهێنان و ئاستى كه‌میه‌ته‌كه‌ى نازانن، له‌شى یاریزانێكى له‌شجوانى ده‌بێت هه‌موو رۆژێك له‌ هه‌ر كیلۆگرامێك له‌ قورسایى له‌شى 2 گرام پڕۆتین وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر یاریزانێك 70 كیلۆگرام كێشى بێت ده‌بێت 140 گرام پڕۆتین وه‌ربگرێت، ئه‌و كاته‌ى له‌ خه‌و هه‌ڵده‌سێت تا كاتى نوستن پێویسته‌ 140 گرام پڕۆتین له‌ خواردنه‌كه‌یدا وه‌ربگرێت، به‌ڵام كاتێك سه‌یرى خواردنه‌كه‌ى ده‌كه‌ین بۆ نموونه‌ 90 گرام پڕۆتینى وه‌رگرتووه‌ 50 گرامى ترى ده‌وێت تا بگات به‌ ئاستى خۆى، له‌م حاڵه‌ته‌دا په‌نا بۆ وه‌ى پڕۆتین یان ئایزۆیه‌ك ده‌بات، دوو عه‌یاره‌ به‌كارده‌هێنێت له‌ دوو كاتى جیاوازدا كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان 25 گرامى تێدایه‌، ئه‌م 50 گرامه‌ پڕكراوه‌ى كه‌موكورتییه‌كانى سیستمى خواردنه‌كه‌یه‌تى".

ناوبراو باسى له‌وه‌شكرد: یاریزانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ پڕۆتینى پێ ناده‌ین، چونكه‌ ده‌بێت به‌ لۆد بۆ سه‌ر گورچیله‌ و جگه‌رى، كه‌سێك فشاری دڵ و شه‌كره‌ى هه‌بێت و ده‌رمانى نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان به‌كاربهێنێت، یاخود جگه‌ره‌ و كحول و نێرگه‌له‌ به‌كاربهێنێت ئێمه‌ لێى ده‌كشێینه‌وه‌، ئه‌م مه‌وادانه‌ له‌گه‌ڵ پڕۆتینه‌كان دژ به‌ یه‌كن، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى ستاندار و زانستى به‌كاربێت كێشه‌ دروست ناكات.

له‌ وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى چۆن كه‌سێك كوالێتی باشى پڕۆتینه‌كان بناسێته‌وه‌؟ زرنگ سالار وتى: "ئه‌و شوێنه‌ى گره‌نتى هه‌یه‌ و پڕۆتین ده‌دات به‌ یاریزانێك ده‌ڵێت، هه‌ر كێشه‌یه‌كى وه‌ك قژ هه‌ڵوه‌رین و زیپكه‌ و قورسایى خستنه‌سه‌ر گورچیله‌كان دروستبوو بیهێنه‌ره‌وه‌ و پاره‌كه‌ت پێ ده‌درێته‌وه‌، كه‌ كه‌سێك زه‌مانى ئه‌مه‌ى كرد له‌ڕووى كوالێتى و به‌هاى خۆراكى كێشه‌ى تێدا نییه‌، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكانێك به‌ناوى ئه‌وروپاوه‌ ده‌یهێنن و دواجار ده‌رئه‌نجامى خراپى لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

ئه‌وه‌شى وت: "له‌ ئه‌نجامى خراپ به‌كارهێنانى ده‌بێته‌ هۆى زه‌خت له‌سه‌ر گورچیله‌كان و جگه‌ر، یاریزان هه‌یه‌ گورچیله‌ى له‌ده‌ستداوه‌ یان سست بووه‌، یاخود ئه‌نزایمه‌كان تێك ده‌دات، یان ده‌بێته‌ هۆى وه‌رینى قژ و دروستبوونى زیپكه‌، یاخود گه‌وره‌ بوونى سنگى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، ده‌بێت یاریزانێك شه‌ش مانگ یارى كردبێت پاشان پێى بدرێت، سه‌دان كه‌سمان هه‌یه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر جه‌سته‌ى دروست بووه‌، سپێرمى كه‌مى كردووه‌ و منداڵى نابێت، پێش ئه‌وه‌ى ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ بكه‌ین كه‌سێك هاته‌ لام سپێرمه‌كانى بۆ 30 هه‌زار كه‌م بوو بووه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بێت 110 بۆ 600 ملیۆن سپێرم له‌ یه‌ك ئاوهاتنه‌وه‌دا هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ سیستمى به‌رگرى دابه‌زاندووه‌. تا سپێرم-یش كه‌م بێت منداڵ بوون كه‌متر ده‌بێت ئه‌گه‌ر بشبێت منداڵه‌كه‌ به‌ كه‌م ئه‌ندامى له‌دایكده‌بێت".

به‌پێى وته‌ى ئه‌و راهێنه‌رەى بوارى له‌شجوانى، ئه‌وانه‌ى باسكران ره‌گه‌زى مێینه‌ش ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كەی ئەوەیە كۆمه‌ڵێك مه‌واد بۆ به‌هێز بوونى پیاو هه‌یه‌ و به‌ ئافره‌تیش ده‌وترێت به‌كارى بهێنێت تا به‌هێزى  بكات، به‌ڵام رێكخستنى هۆرمۆنه‌كانى تێكده‌دات و هه‌موو گیانى ده‌بێت به‌ موو، هاوكات هێلكه‌كانى ده‌پوكێنێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵكمان لایه‌ كه‌ خۆى دكتۆره‌ و هه‌ڵیانخه‌ڵه‌تاندووه‌، پێیان وتووه‌ ئه‌م پڕۆتینه‌ به‌كاربهێنه‌ زۆر باشه‌، به‌ڵام داواتر شه‌ش مانگ له‌ژێر چاسه‌ردا بووه‌". 

وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هۆشدارى له‌ به‌كارهێنانى پڕۆتینەکان ده‌دات به‌پێى ئاگادارى پزیشك و پسپۆڕى بواره‌كه‌، د. خاڵس قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: په‌یامێك ئاڕاسته‌ى هاووڵاتییان ده‌كه‌ین، مردنى كه‌سێك به‌م ده‌رمانانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ خراپى به‌كارهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، رێنمایى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و پڕۆتیناتانه‌ باش نییه‌ به‌كار بهێنرێت، خه‌ڵك له‌به‌ر جوانكارى جه‌سته‌ى گوێ نادات به‌ ته‌ندروستى، ئه‌گه‌ر له‌ژێر رێنمایى پزیشك نه‌بێت زیانى گه‌وره‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ دواجار ده‌بێته‌هۆى مردنى كه‌سه‌كه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر رێژه‌ى به‌كارهێنانه‌كه‌ى زۆر بێت.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد:  ناكرێت قه‌ده‌غه‌ى هێنانى بكرێت، ته‌نیا رێنمایى ده‌ده‌ین، هۆڵه‌كانى له‌شجوانیش چاودێرى ته‌ندروستییان له‌سه‌رە.

له‌ رێگه‌ى پشكنینى كوالێتى كۆنتڕۆڵه‌وه‌ پڕۆتینه‌كان ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌  د.گۆران رۆژبه‌یانى به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنتڕۆڵى جۆرى ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكیه‌كان كرد، ناوبراو باسى له‌وه‌كرد: به‌پێى رێنماییه‌كان رێگه‌ به‌هێنانى پڕۆتین ده‌درێت، هه‌موو كۆمپانیایه‌كى ده‌رمان ده‌توانێت هاورده‌ى بكات، ئێمه‌ ته‌نیا رێگریمان له‌و مه‌وادانه‌ كردووه‌ كه‌ زیانى هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ى لیژنه‌كانمانه‌وه‌ چه‌ندین شوێنمان داخستووه‌، رێگه‌مان نه‌داوه‌ چه‌ند جۆرێكیان هاورده‌ى كوردستان بكرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رى كۆنتڕۆڵى جۆرى ده‌رمان و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان ئه‌وه‌شى وت: "له‌ پێگه‌ى فه‌رمى خۆمان ناوى ئه‌و مه‌واد و كۆمپانیایانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌یهێننه‌ هه‌رێم و ئه‌و جۆره‌شى كه‌ رێگه‌ى پێ ده‌درێت ده‌خرێته‌ڕوو".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure