ئاسیا جه‌بار.. نووسه‌رى "سوور ره‌نگى به‌ربه‌یانه‌"

هەواڵ / که‌لتور :: 08/02/2019‌ :: 149‌ جار بینراوە

تاگ :: رۆشنبیرى

دواڕۆژ
ئاسیا جه‌بار، خانمه‌ ئه‌كادیمى و نووسه‌ر و رۆماننووس و ده‌رهێنه‌ر و شانۆكار و چالاكوان و به‌رگریكارى مافى ژنان، له‌دایكبووى ساڵى 1936ى جه‌زائیره‌ و به‌ یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین رۆماننووسه‌كانى وڵاته‌كه‌ى و ته‌نانه‌ت باكورى ئه‌فریقا داده‌نرێت.


ئه‌م ژنه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ى جه‌زائیر له‌ وڵاته‌كه‌ى خۆیدا خوێندوویه‌تى ساڵى 1956 بۆ خوێندن ده‌چێته‌ زانكۆى سۆربۆن-ى فره‌نسا و دواتریش بڕوانامه‌ى دكتۆرا له‌ زانكۆى مۆنبلیێ له‌ پاریس به‌ده‌ستدێنێت.

ئاسیا یه‌كه‌م ژنه‌ له‌ وڵاتى جه‌زائیر و جیهانى عه‌ره‌بییشدا بووبێته‌ ئه‌ندامى ئه‌كادیمیاى زمانى فره‌نسى كه‌ به‌رزترین دامه‌زراوه‌ى فره‌نسیى تایبه‌ت به‌ كه‌له‌پوورى زمانى ئه‌و وڵاته‌یه‌.

یه‌كه‌م رۆمانى ساڵى 1957 به‌ناونیشانى (تینوێتى) بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م رۆمانى ژنه‌نووسه‌رێكى جه‌زائیریه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بڵاوكرابێته‌وه‌. ساڵى دواتر رۆمانێكى به‌ناوى (په‌نجه‌ره‌ى ئارامى) به‌چاپگه‌یاندووه‌ و له‌ حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابردوودا كارى ده‌رهێنانى بۆ دوو فیلمى دۆكیۆمێنتارى كردووه‌ دواتریش چه‌ندین رۆمانى نووسیووه‌ كه‌ یه‌كێكیان به‌ناونیشانى (شوێنێك له‌ ماڵى باوكمدا نییه‌) بوو. دواتر و له‌ ساڵى 1962 رۆمانى (منداڵانى جیهانى نوێ) و ساڵى 1967یش رۆمانى (كڵاوكوڕه‌ ساویلكه‌كان)ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م دوو رۆمانه‌ى دواییان تایبه‌تن به‌ رۆڵى ژنان و نه‌هامه‌تییه‌كانیان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى جه‌زائیریدا. ساڵى 1969 شانۆگه‌ریى (سوور ره‌نگى به‌ربه‌یانه‌)ى به‌رهه‌مهێناوه‌. ساڵى 1980یش رۆمانى (ژنانى جه‌زائیر له‌ فریوخانه‌كه‌یاندا)ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

ناوه‌رۆكى كۆى به‌رهه‌مه‌كانى ئه‌م ژنه‌ نووسه‌ره‌ له‌ دێڕێكدا كورت ده‌بنه‌وه‌: نایه‌كسانى له‌نێوان دوو ره‌گه‌زه‌كه‌ له‌ جه‌زائیر. بۆیه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر باسكردنێكى ره‌وشى ژنان له‌و وڵاته‌دا ده‌بێت ئاوڕى جدیى له‌ به‌رهه‌مه‌كانى ئاسیا جه‌بار بدرێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت خۆیشى له‌به‌ر باوكسالارى نه‌یتوانیووه‌ به‌ ناوى خۆیه‌وه‌ بنووسێت كه‌ ناوى راسته‌قینه‌ى (فاتمه‌ زه‌هرا ئیملان) بووه‌. 

ئاسیا جه‌بار له‌ماوه‌ى ژیانیدا، فره‌نسا و ئیتالیا و ئه‌مریكا و به‌لجیكا گه‌ڕاوه‌ و چه‌ندین خه‌ڵاتى نێوده‌وڵه‌تیى وه‌رگرتووه‌. له‌ ساڵى 2009 دا پاڵێوراوى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئه‌ده‌ب بووه‌.

چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ 7ى شوباتى 2015 له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى پاریس كۆچى دوایى كردووه‌ و له‌سه‌ر وه‌سێتى خۆى ته‌رمه‌كه‌ى براوه‌ته‌وه‌ بۆ زێدى خۆى. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure