فورین پۆلسى: دواى 100 رۆژ له‌ پێكهێنانى، حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌لدولمه‌هدى له‌ مه‌ترسیدایه‌

هەواڵ / عێراق :: 07/02/2019‌ :: 256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


گۆڤارى فۆرین پۆلسى ئه‌مریكى ده‌ڵێت: سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ قه‌ڵاچۆكردنى گه‌نده‌ڵى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ دابینكردنى ئاو و كاره‌با و ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى كاركردن بۆ گه‌نجان رووبه‌ڕووى ئاڵنگارى زۆر بووه‌ته‌وه‌.

سیمۆنا فولتین، رۆژنامه‌نوسى سه‌ربه‌خۆ، كه‌ له‌ به‌غدا كارده‌كات، له‌ وتارێكدا، كه‌ ئه‌مڕۆ 7 ى شوبات لەگۆڤارى فۆرین پۆلسى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌: كارنامه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى گه‌وره‌ و باش و گرنگه‌ بۆ عێراق، به‌وپێیه‌ى كارده‌كات بۆ دامركاندنه‌وه‌ى توڕه‌ییه‌كانى شه‌قام، كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ گه‌وره‌ترین خۆپیشانداندا هاتنه‌سه‌ر شه‌قام.

فولتین نوسیویه‌تى: سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ پڕۆسه‌ى سیاسى بگێڕێته‌وه‌، به‌ڵینیدابوو كه‌ خۆى وه‌زیرانى كابینه‌كه‌ى هه‌ڵبژێرێت، نه‌ک حیزبه‌ سیاسیه‌كان بۆى دیارى بكه‌ن.

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌ "دواى 100 رۆژ له‌ راگه‌یاندنى كابینه‌كه‌ى، ئه‌جیندا ئیسڵآحییه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ره‌و پووكانه‌وه‌ ده‌چێت، ئه‌گه‌رچى سه‌ره‌تا توانى ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌كانى به‌ئازادى هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام هێشتا چه‌ند وه‌زاره‌تێكى به‌ چۆڵى ماوه‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر كاندیده‌كانى یه‌كتر ناكۆكن، هه‌روه‌ك بودجه‌كه‌شى رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆر بووه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ته‌رخانێكى ئه‌وتۆ بۆ دابینكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و په‌ره‌پێدانى كه‌رتى كشتوكاڵ و پیشه‌سازیی و بنیاتنانه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانى ژێرده‌ستى داعش تێدا نیه‌.

ئه‌و نوسه‌ره‌ پێیوایه‌: سه‌ره‌ڕاى ئاماژه‌ دڵخۆشكه‌ره‌كان، به‌ڵام دواكه‌وتنى له‌ ته‌واوكردنى كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ى، عه‌بدولمه‌هدى ورده‌ ورده‌ متمانه‌ى به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت و هاوڵاتیان به‌ "لاواز" ناوى ده‌به‌ن و به‌ بێتواناى ده‌زانن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان.

ئا: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure