هونه‌رمه‌ندێكی تووشبوو به‌ شێرپەنجە چیرۆكی چاكبوونەوەی دەگێڕێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/02/2019‌ :: 2082‌ جار بینراوە
هونەرمەند عومەر دڵپاك

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

"ئیرادەی مرۆڤ لەهەموو چارەسەرێك بۆ باشبوونی نەخۆشی شێرپەنجە گرنگترە"، ئەوە قسەی هونەرمەندی ناسراو عومەر دڵپاكە لە دوای سێ ساڵ لەوەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە، چاكبووه‌تەوە.


رۆژی یەكشەممەی رابردوو، رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، ئەمڕۆش (7ی شوباتی 2019) یادی 10 ساڵەی سەنتەری ژیانەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە لەشاری سلێمانی كرایەوە.

"ئیرادەی مرۆڤ بۆ شێرپەنجە گرنگە"
هونەرمەند عومەر دڵپاك ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی وەرگرتووە، بەڵام توانیویەتی بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ بێت.

عومەر دڵپاك بۆ دواڕۆژی ده‌لگێڕێته‌وه‌ "دوو خاڵی سەرەكی بووه‌تەهۆی چارەسەربوونی لەو نەخۆشییە كە یەكێكیان دڵسۆزی پزیشك و كارمەندانانە لەنەخۆشخانەی هیوا و سەنتەری ژیانەوە، پاشان ئیرادەی خۆی، چونكە ئیرادەی مرۆڤ لەهەموو چارەسەرێك گرنگترە، هەمیشە باوەڕی بە خۆی هەبووە كە دەبێت چاك ببێتەوە".

دڵپاك ئاماژەی بەوەكرد: لە ساڵی 2013ەوە تا كۆتایی ساڵی 2017 چارەسەری وەرگرتووە و باشبووەته‌وه‌، بەڵام ئێستا بە چەند مانگێك پشكنینی خوێن وەردەگرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەتەندروستی.

تەمەنی 12 ساڵە و ساڵێكە تووشبووە
محەمەد فازیڵ مێرمنداڵێكی تەمەن 12 ساڵە و ماوەی ساڵێكە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، ئەو لەم ماوەیەی رابردوودا نەشتەرگەری بۆ سەری كراوەو بەمەبەستی ئەنجامدانی تیشك سەردانی سەنتەری ژیانەوەی كردبوو، محەمەد خۆی وتەنی "ئێستا لەچارەسەر بەردەوامە و هیوادارە بتوانێت بەتەواوی چاك ببێتەوە".

"شێرپەنجە مانای مردن نییە"
د.شكار عوسمان، بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە بەدواڕۆژی راگەیاند: لە 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە شەش هەزار نەخۆش لەسەنتەرەكەیان چارەسەریان وەرگرتووە، ساڵی رابردووش هەزار و 522 نەخۆش چارەسەریان وەرگرتووە كە ئەگەر ئەو چارەسەرانە بە پارە هەژمار بكرێن زیاتر لە 4 ملیۆن دۆلار پارە بۆ نەخۆشەكان گەڕاوەتەوە.

زۆرجار لای خەڵك وا باوە كە هەر كەسێك تووشی شێرپەنجە ببێت مانای وایە گیان لەدەستدەدات، بەڵام ئەو پزیشكە دەڵێت: "ئەگەر ئەو نەخۆشییە زوو دیاریبكرێت دەتوانم بڵێم نەخۆشی شێرپەنجە یەكسان نییە بەمردن، نەخۆشییەكە لە قۆناغەكانی سفر، 1، 2، 98% چاك دەبنەوە، شێرپەنجەی خوێنیش 100% چارەسەری هەیە".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure