ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ى نێچیرڤان بارزانى و عه‌بدولمه‌هدى ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2019‌ :: 1872‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌دایه‌، په‌رله‌مانتارێكیش گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانى ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، بۆ دواڕۆژ ئاشكراده‌كات.


دانا شه‌هید جه‌زا په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، سه‌باره‌ت به‌ ته‌وه‌رى گفتوگۆكانى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، بۆ دواڕۆژ وتى: "دیارترین ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆسیه‌ى بودجه‌ و پشكى هه‌رێم و پێشمه‌رگه‌ و دۆسیه‌ى كه‌ركوك و پشكی ده‌رمان و شایسته‌ى جوتیاران و په‌یوه‌ندییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ ناوه‌ند ده‌بێت".

ئاشكراشیكرد: پرسى گه‌ڕانه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ هه‌ندێك ناوچه‌ى كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ئه‌و خاڵانه‌ش نه‌رمى نواندنیش هه‌یه‌ له‌سه‌رى له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌، بڕیارێكى له‌و جۆره‌ش هه‌یه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و سنوورانه‌ى ده‌ره‌وه‌ى كه‌ركوك بۆ پاراستنى كه‌ركوك له‌ هه‌ندێك سه‌نگه‌ردا، له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، له‌ هه‌ندێك شوێن پێكه‌وه‌بن.

له‌باره‌ى ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى، دانا جه‌زا روونیشیكرده‌وه‌: پرسى ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ حكومه‌تى عێراق و خودى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ چۆن ته‌واوده‌كرێت، به‌ڵێ راسته‌ وه‌زاره‌تێك ماوه‌ پشكى كورده‌، به‌ڵام زیاتر ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌ بڕیارى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى.

وتیشى: "به‌ بۆچوونى من ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتیش كاریگه‌رییه‌كى  باشى ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ كه‌ بتوانێت ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش كۆتایى پێبهێنرێت، به‌ڵام دواجار هه‌ر ده‌بێت عادل عه‌بدولمه‌هدى خۆى بڕیارى لێبدات".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure