284 هه‌زار په‌نابه‌ری فه‌ڵه‌ستینی و توركی و سوری و ئێرانی له‌ كوردستانن

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
 
ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت: زیاتر له‌ 284 هه‌زار په‌نابه‌ری وڵاتان له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێن. 


فه‌لاح مسته‌فا، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم دوای به‌شداریكردنی له‌ كۆنفڕانسی فراوانكردنی بواری پاراستنی مافی په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق رایگه‌یاند: به‌پێی دواین راپۆرتی ناوه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌ ئێستادا له‌ هه‌رێمی كوردستان 284 هه‌زارو 132 په‌نابه‌ر نیشته‌جێن. 

سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم وتیشی: "به‌پێی راپۆرته‌كه‌ 249 هه‌زارو 639 په‌نابه‌ری سوری، 20 هه‌زارو 575 په‌نابه‌ری توركی، 13هه‌زارو 162 په‌نابه‌ری ئێرانی و 756 په‌نابه‌ری فه‌له‌ستینی هه‌ن".

مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: 63%ی ئاواره‌و په‌نابه‌ره‌كان له‌ شارو ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێم ده‌ژین و ته‌نها له‌ 37%ی په‌نابه‌ران له‌ناو كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین كه‌ ژماره‌یان 38 كه‌مپه‌. 
 
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده‌ به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كانی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری پرس و كێشه‌ی په‌ناخوازان، جه‌ختیش له‌سه‌ر مسۆگه‌ركردنی ماف و پێداویستییه‌كانی په‌نابه‌ران كه‌ له‌ هه‌رێم نیشته‌جێن ده‌كاته‌وه‌. 
 
ناوبراو روونیشیكرده‌وه‌: بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان به‌ ئاسانی هاوكاری په‌نابه‌ران بكه‌ن، ئه‌و هاوكاریانه‌ی كه‌ له‌ فیشخابووره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌رێم هیچ باجێكیان لێوه‌رنه‌گیراوه‌و له‌ رووی رێكاره‌كانیشه‌وه‌ ئاسانكاری ته‌واویان بۆ كراوه‌.   

له‌ دوای راپه‌ڕینی 1991 و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم گه‌رچی خه‌ڵكی كوردستان به‌هۆی زوڵم و زۆردارییه‌كانی رژێمی به‌عس په‌ناهه‌نده‌ی وڵاتانی ئێران و چه‌ند وڵاتێكی تری ئه‌وروپی بوون، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌نابه‌رێكی زۆری كوردانی رۆژئاواو باكوورو چه‌ند شوێنێكی تر روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد. 

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رووی داراییه‌وه‌ ئه‌وكات توانای دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی نه‌بوو، به‌ڵام له‌ رێگه‌ی وڵاتان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كانه‌وه‌ توانی هاوكاری بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌. 

له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی داعشیش له‌ ساڵی 2014 زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن و 800 هه‌زار ئاواره‌ی شاره‌كانی عێراق روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ ئێستاشدا نزیكه‌ی 900 هه‌زار له‌و ئاوارانه‌  له‌ شاره‌كانی هه‌رێم نیشته‌جێن.  
 
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure