به‌خشینى كاڵاى ئوردنى له‌ باج زیان به‌ بازرگانى هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / ئابوری :: 09/02/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى زریان محەمەد

دوای ئەوەی هه‌ردوو حکومەتی عێراق و ئودرون، رێکكەوتن باج لەسەر 371 ماددە لە نێوانیاندا لابرێت، نیگەرانی بەشێک لە کۆمپانیاکانی کوردستانی لێکەوتۆتەوە و بازرگانان رایدەگەیەنن كاریگه‌رى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر کاری بازرگانی هه‌رێم ده‌بێت.

ھاوبیر بورھان، خاوەنی کۆمپانیایه‌كى بازرگانییه‌ و له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌كات بۆ دواڕۆژ وتى: "لەئێستادا ئێمە موادی خۆراکی لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی ئەوروپاوە دەھێنین، بۆ ھاوردەکردنی ئەو ماددانەش کرێی زۆری لێدەدەین و گومرگی زۆریش بە حکومەت ده‌ده‌ین، ئه‌گەر ئەو ماددانەی لە ئوردنەوە دێنە عێراق و باجى له‌سه‌ر نه‌بێت بەدڵنیایەوە ئێمە تووشى زیانێکی زۆر دەبین".

وتیشی: "پێویستە حکومەتی ھەرێم لەوبڕیارەدا ئاگای لە بازرگانان بێت، چونکە ئه‌گەر وابڕوات کاری بازرگانی له‌ ده‌روازه‌كانى كوردستانه‌وه‌ خاودەبێتەوە و ئێمەش تووشی زیان دەبین و ئەوکاتە ناتوانین بەرھەمی دیکەی ھاوردەبکەین، بەمەش رێژەی گومرگ لە خاڵە گومرگییەکان کەمدەبێتەوە".

بەپێی رێککەوتنه‌كه‌ى به‌غدا و عه‌ممان، بڕیاردراوە بە ھەڵگرتنی باج لەسەر 371 ماددە کە ھاوردەى عێراق دەکرێن.

نه‌ك ته‌نها كه‌لوپه‌لى هاورده‌، به‌ڵكو مه‌ترسى هه‌یه‌ هه‌ڵگرتنى باج له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ زیان به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆش بگه‌یه‌نێت.

ژووری بازرگانی و پیشەسازی داواده‌كات ئەو بەرھەمانەی لەناوخۆدا بەرھەم دێن، پێویسته‌ له‌ باجدا نه‌به‌خشرێن، به‌وپێیه‌ى زیانى گه‌وره‌ به‌ به‌رهه‌مى ناوخۆیی ده‌گه‌یه‌نێت.

سەلام عه‌بدوڵا، وتەبێژی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: پێمانوایە ئه‌و ماددانەی له‌ لیستى ئه‌و كاڵایانه‌یه‌ى له‌ ئوردونه‌وه‌ هاورده‌كرێت و لە ناوخۆدا بەرھەم دەھێنرێت نابێت ببه‌خشرێن، به‌ڵكو ده‌بێت باجى زیادبكرێت، چونکە ئێمە گرنگی بە زیادبونی بەرھەمی ناوخۆیی دەدەین.

وتیشى: "ئەو بەرھەمانەش کە لەعێراقدا بەرھەم ناھێنرێت، ئەوە کارێکی باشە کە لەباج ئەبەخشرێن و قازانجی بۆ ھاووڵاتیان دەبێت، کە لەڕووی نرخەوە ھەرزانتر کاڵایان بەدەستدەگات".

لابردنى باج هه‌م سود و هه‌م زیانیشى هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى شاره‌زایه‌كى ئابورى باسیده‌كات و ئاماژه‌شده‌دات كه‌ پێویسته‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵدا بێت

یوسف شەریف، شارەزای ئابووری بە دواڕۆژی وت "به‌خشینى 371 ماددە لە گومرگ لەكاتی هاوردەی بۆ عێراق، هەم سودی ئابووری هەیە و هەم كاریگەری خراپیش لەسەر ئابووری هەیە، ئەگەر حكومەتی عێراق كۆنتڕۆڵی نەكات".

وتیشی: "سەبارەت بەو بەرهەمە ئوردونیانەی كە هاوشێوەیان لە عێراقدا نیە یاخود ئەو بەرهەمانەی وەك كەرەستەی سەرەتایی بۆ پیشەسازی بەكاردەهێندرێت لە عێراق ئەوە سود و گرنگی تایبەتی ئابووری هەیە، بەڵام بۆ ئه‌و بەرهەمانەی كە هاوشێوەیان هەیە لە عێراقدا هه‌یه‌، ئەگەر حكومەتی به‌غدا بە زیاكردنی گومرگ سنورداریان نەكات، ئەوا  كێبڕكێى بەرهەمی ناوخۆ دەكەن و كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو سێكتەرانەی كە هاوشێوەی بەرهەمیان هەیە".

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure