بڕیاری قەدەغەی كاری ته‌كسی له‌لایه‌ن هێزه‌ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ گۆڕانكارى تێداده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2019‌ :: 13269‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، تێبینی خاوەن شۆفێرەكانی تەكسییان گەیاندووه‌تە وەزارەتی ناوخۆ، لەهەندێك خاڵدا بڕگەی دیكەی بۆ زیاد دەكرێت و لەهەندێك خاڵی دیكەشدا ئەگەر بەركەوتەی یاسایی هەبێت چارەسەر دەكرێت.


رۆژی یەكشەممەی رابردوو وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا قەدەغەی كاركردنی هێزە ئەمنییەكان لەكاری شۆفێری تەكسی بكات، ئەوەش نیگەرانی و خۆپیشاندانی ژمارەیەك شۆفێری تەكسی و خاوه‌ن پێشانگاكانی لەسلێمانی لێكەوتەوە. 

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی (ئەمڕۆ 7ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: تێبینی یاسایی و پیشەیی و هونەری خاوەن شۆفێرەكانی تەكسییان گەیاندە وەزارەتی ناوخۆ و ئەوانیش بەڵێنیانداوە ئەو بڕیار و رێنماییانە كە لەبەر بەرژەوەندی گشتی دەركراون، ئەو خاڵانەش لەبڕیارەكەیان جێدەكەنەوە تا زۆرترین دەرفەتی كاركردن بۆ خەڵك دروست ببێت.

پارێزگاری سلێمانی وتیشی: "ئەو بڕیارەی كە دەرچووە بۆ رێكخستنی كەرتی گواستنەوەیە، نەك بۆ تێكدانی، چاوەڕوانی دوا ڤێرژنی ئەو بڕیارەین بگاتە دەستمان بۆ جێبەجێكردنی"، هەروەها وتیشی "لەهەندێك خاڵدا بڕگەی دیكەی بۆ زیاد دەكرێت و لەهەندێك خاڵی دیكەشدا ئەگەر بەركەوتەی یاسایی هەبێت چارەسەر دەكرێت".  

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure