سه‌ركردایه‌تیه‌كى یه‌كێتى: به‌ ده‌نگدان كاندیدى سه‌رۆكى په‌رله‌مان یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 07/02/2019‌ :: 412‌ جار بینراوە
لۆگۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئاشكرايده‌كات: پێش رۆژى 18ى شوبات حیزبه‌كه‌یان كۆده‌بێته‌وه‌ و به‌ ده‌نگدان بڕیار له‌باره‌ى كاندیدێكیان ده‌ده‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان.


مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 7ى شوباتى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت پێش 18ى شوبات ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كۆببینه‌وه‌ و گفتوگۆى سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان بكه‌ین". وتیشى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ى سه‌رجه‌م پرسه‌كان و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌گه‌ڵ پارتى ده‌یكه‌ین، هه‌روه‌ها قسه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ چ پۆستێكمان به‌رده‌كه‌وێت و كێى بۆ دابنرێت".

مسته‌فا چاوڕه‌ش، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتى ده‌بێت، بۆیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ ده‌نگدان ئه‌و پۆسته‌ له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌ یه‌كلایى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆیان كاندید ده‌كه‌ن.

له‌ ئێستادا پارتى و یه‌كێتى له‌ رێگه‌ى لیژنه‌كانیانه‌وه‌ سه‌رقاڵى نووسینه‌وه‌ى ره‌شنووسى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ن كه‌ به‌نیازن پێش 18ى شوبات ئه‌نجامى بده‌ن له‌باره‌ى پرسى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان و كاراكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت و پرسى كه‌ركوك و به‌غدا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ ناكۆكى ئێستاى یه‌كێتى و پارتى زیاتر له‌ دوو بابه‌تدا زه‌قبۆته‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوكه‌ كه‌ یه‌كێتى داواى پۆستى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش ده‌كات و پارتیش به‌ روونى وتویه‌تى: "یان ده‌بێت ئه‌و ئه‌نجومه‌نە بكه‌ینه‌ به‌شێك له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، یاخود نایده‌ین به‌ هیچ لایه‌نێك"، هه‌روه‌ها پارتى ده‌یه‌وێت كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك به‌ سه‌رۆكایه‌تى رێبوار تاڵه‌بانى رۆژى 18ى شوبات له‌ هه‌ولێر بكرێت، یه‌كێتیش داواده‌كات له‌ كه‌ركوك بكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردووى نێوان پارتى و یه‌كێتى، بڕیاریاندا رۆژى 18ى شوبات په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه‌، هه‌ر له‌و رۆژه‌شدا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك كۆببێته‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure