فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانى پاشه‌كه‌وته‌كانیانن
حكومه‌ت نزیكه‌ى 10 ملیار دۆلارى فه‌رمانبه‌ران قه‌رزاره‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/02/2019‌ :: 21120‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

حكومەتی هەرێم نزیكەی 10 ملیار دۆلاری پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران قەرزارە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت: "تائێستا روون نییە كە حكومەت بچێتە ژێرباری دانەوەی". 

بەپێی بڕیاری ژمارە 64ی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرواری (3ی شوباتی 2016)ەوه‌ پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبه‌ران خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، دوای سێ ساڵ لە بەردەوامی جێبەجێكردنی بڕیارەكە تائێستا-ش پاشەكەوت لە مووچەی فەرمانبەران دەكرێت.

له‌ئێستاشدا پاش تێپه‌ڕبونى سێ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌دا و پاش ئاسایشى بوونه‌وه‌ى رێژه‌یى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان حكومه‌ته‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند فه‌رمانبه‌ران چاوه‌ڕوانن چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌ى مانگانه‌یان بكرێت.

نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو (ئایا حكومەت پاشەكەوتی مووچە دەداتەوە؟) پرسیارێكه‌ و رۆژانه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ده‌وترێته‌وه‌ و زۆر جاریش نائومێدانه‌ تاوتوێده‌كرێت به‌تایبه‌تیش كه‌ بڕه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ دواڕۆژ وتی: "كۆی بڕی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كە لای حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار، تائێستا روون نییە كە حكومەت بچێتە ژێرباری دانەوەی".

لەبارەی چارەنوسی ئەو چەند مانگەی لەماوەی قەیرانی دارایدا مووچە نەدراوە بە فەرمانبەران ئەو پەرلەمانتارە وتی: "ئه‌وه‌ ماوەتەوە بۆ گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا، چونكە دەبێت حكومەتی ناوەند پابەندبێت بەوەی 317 ملیار دینار بۆ سێ مانگ بدات بە هەرێمی كوردستان".

جه‌وده‌ت ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: چوار ساڵە یاسای بودجەی هەرێم نەهاتووەتە پەرلەمان، بۆیە ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن حكومەت بڕی ئەو پارەیەی كە وەك پاشەكەوت لە مووچەی فەرمانبەران بڕیویەتی قەرزی بانكە ناوخۆیی و كۆمپانیاكانی پێدابێتەوە.

به‌پێى ئاماژه‌كانى پاش په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى گشتى عێراق هیچ بیانوویەك نەماوە بەدەست حكومەتی هەرێمەوە بۆ نەدانەوە و لانەبردنی پاشەكەوتی مووچە، جگە لەوە داهاتە ناوخۆییەكان، بەو بودجەیەی لە بەغداوە دەنێردرێت دەتوانرێت بەبێ پاشەكەوت مووچەی فەرمانبەران دابەشبكرێت.

ئاوات عەلی، فه‌رمانبه‌ر لە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ دواڕۆژ وتى: "پێش بڕیاری پاشەكەوت مووچەكەم 630 هەزار دینار بوو، پاش بڕیارەكە مانگانە 210 هەزار دینارم لێبڕدراوە، بەڵام لە دوای بڕیاری كەمكردنەوەی پاشەكەوت لە ساڵی 2018دا مانگانە 100 هەزارم لێبراوە".

بەپێی وتەی خۆی لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا تائێستا زیاتر لە شەش ملیۆن دینار لە مووچەكەی بڕدراوە و لای حكومەتە، ئەو بێهیوایه‌ له‌وه‌ى پاره‌كه‌ى پێبدرێته‌وه‌، به‌وه‌ش رازییه‌ له‌برى خزمه‌تگوزارییه‌ حكومییه‌كان به‌كاربهێنرێت، یاخود لەبری چوار ملیۆن دیناری پێشینەی هاوسەرگیری بەكاربهێنرێت كە لە چەند ساڵی رابردوو وەریگرتووە.

پاشه‌كه‌وت به‌ته‌نها كاریگه‌رى له‌سه‌ر دۆخى فه‌رمانبه‌ران نه‌بووه‌، به‌ڵكو دۆخى بازار و جموجوڵ و هاورده‌ و هه‌نارده‌ى شمه‌ك و كه‌رته‌ جیاوازه‌كانى تر به‌و پرسه‌ روویان له‌ لاوازى كردووه‌، شاره‌زایه‌كیش هۆكارى سه‌ره‌كى گرفته‌كه‌ بۆ قه‌یرانى ئیداره‌دانى ئابورى و نه‌بونى دادپه‌روه‌رى ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

ئەیوب ئەنوەر سماقەیی، پسپۆڕێكی ئابووری بۆ دواڕۆژ وتى: "حكومەتی هەرێم شتێكی نییە بەناوی قەیرانی دارایی، بەڵكو قەیرانی ئیدارەدانی ئابوری هەیە، لەبەرئەوەی ناتوانێت بە دادپەروەری و شەفافیەت داهاتەكان دابەشبكات، دەتوانێت پاشەكەوتی مووچە بداتەوە و نه‌شیهێڵێت، بەڵام پەیوەستە به‌ لایەنی سیاسی و ئیدارییەوە، كاریگەریی خراپی پاشەكەوتی مووچە لەسەر ئابوری هەرێم تا 10 ساڵی تر بەردەوام دەبێت".

وتیشی: "شتێك نییە بەوەی حكومەت پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبه‌ران نەداتەوە، دەبێت بیداتەوە، بەپێی یاسا كابینەكانی داهاتوو ئیجبارن بە دانەوەی، لە هەر شتێكی تر ئەو پارەیە بەكاربهێنێت به‌هاى نییه‌، تەنانەت ئەگەر لە پڕۆژەی وەبەرهێناندا بخرێتەگەڕ، لەبەرئەوەی وەها راگەیەندراوە كە سیستمێكی ئازاد یان نیمچە سەرمایەدارییە، بەڵام لەراستیدا فەوزایە".

ئه‌و پسپۆڕه‌ چاره‌سه‌رى دۆخه‌كه‌ ئاشكراده‌كات و ده‌ڵێت: باشترە پاشەكەوتەكە بدرێتەوە بە فەرمانبەران، بۆ ئەوەی پارە بێتە بازاڕەوە و چالاكی ئابووری دروستبێت، دواتر حكومەت دەتوانێت بە باج و غەرامە داهاتی دەستبكەوێت و قەرزی كۆمپانیاكانی پێبداتەوە، هەروەها پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی پێبەگەڕبخاتەوە.

پ: ك. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure