به‌رپرسێكى یه‌كێتى: سورین له‌سه‌ر وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تى داد

هەواڵ / کوردستان :: 08/02/2019‌ :: 313‌ جار بینراوە
وه‌زیرانى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى له‌مه‌راسیمى سوێندخواردن فۆتۆ: ئه‌رشیف

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى به‌غداى یه‌كێتى جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ سوورن له‌سه‌ر وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زاره‌تى داد و پێشیوایه‌ ئه‌وه‌ مافى خۆیانه‌، ده‌شڵێت "سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان باش ده‌زانن هیچ پڕۆسه‌یه‌ك به‌بێ یه‌كێتى سه‌ركه‌وتوو نابێت".

پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى به‌غداى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌ دواڕۆژى وت: "یه‌كێتى سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى خۆى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق و هه‌ر (خالید شوانى) كاندیدمانه‌، ئه‌و قسانه‌شى لێره‌وله‌وێ ده‌كرێت له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى سازشبكات له‌ هه‌ڵوێستى خۆى دووره‌ له‌ راستییه‌وه‌".
 
وتیشى: "وه‌رگرتنى وه‌زاره‌تێك له‌ حكومه‌تى عێراق مافى یه‌كێتییه‌، چونكه‌ خاوه‌نى 21 كورسى په‌رله‌مانین، یه‌كێتى خاوه‌نى پێگه‌یه‌كى به‌هێزه‌ له‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كێتى بتوانێت پشتیوانى له‌ كابینه‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى بكات و حكومه‌تێكى به‌هێز بێت و بتوانێت رۆڵى خۆى بگێڕێت له‌و حكومه‌ته‌دا بۆ سه‌رخستنى پێویسته‌ یه‌كێتى وجودێكى به‌هێزى تێدا هه‌بێت".

یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى وه‌زاره‌تى داد له‌ به‌غدا به‌هۆى ناكۆكى هه‌ردولایه‌نى یه‌كێتى و پارتى تائێستا به‌ هه‌ڵواسراوى ماوه‌ته‌وه‌.

یه‌كێتى هیچ تائێستا هیچ پۆستێكى وه‌زارى له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى پێنه‌دراوه‌ و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ مافى خۆى ده‌زانێت، پارتیش كه‌ براوه‌ى یه‌كه‌مى لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانه‌ و دوو پۆستى وه‌زارى هه‌یه‌ داواى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ش ده‌كات.

تاڵه‌بانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "ئێمه‌ له‌ گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆسته‌ بدرێت به‌ یه‌كێتى".

باسى له‌وه‌شكرد: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى باشه‌ و پاڵپشتى له‌ حكومه‌ته‌كه‌یى و پرۆسه‌ى سیاسى ده‌كه‌ین، هه‌موو لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌زانن پێگه‌ى یه‌كێتى چه‌ند به‌هێزه‌ له‌ به‌غدا، ده‌شزانن هیچ پرۆسه‌یه‌ك به‌بێ یه‌كێتى سه‌ركه‌وتوو نابێت، بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كێتى ئیستحقاقى خۆى وه‌ربگرێت".

پ: س. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure