سلێمانی: 10 ساڵە داوای كردنەوەی یانەی شەوانە دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 06/02/2019‌ :: 1150‌ جار بینراوە
شاری سلێمانی

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشكرایدەكات: ماوەی 10 ساڵە داوای كردنەوەی مۆڵەتی یانەی شەوانە كراوە و تازەترینیشیان لەماوەی رابردوودا بووە كە دوو داواكراوە، بەڵام ئەوان مۆڵەتیان پێنادەن.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی (ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 6ی شوباتی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا داواكاری بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە پێشكەشكراوە، بەڵام ئاماری وردیان سەبارەت بەژمارەی داواكان نییە، لەماوەی نزیكیشدا دوو داوای دیكە هەبوون، بەڵام دابونەریتی كوردی رێگە بەكردنەوەی ئەو جۆرە یانەیە نادات هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپی.

شوانی روونیكردەوە: یانەی شەوانە بەمانا گەشتیارییەكەی واتە شوێنی دانسی كوڕان و كچان و رەنگە كاری سێكسیش بكرێت، بەڵام لەسلێمانی ئەو شوێنانەی كە تەنها كوڕان بۆی دەچن لە رێستۆرانتی دیكە جیاوازترە و ئەوانەی خزمەت دەكەن ئافرەتن و لایف میوزیكی تێدا پێشكەشدەكرێت.

ناوبراو دەڵێت: "خەڵك بەو شوێنانە دەڵێن (یانەی شەوانە)، بەڵام وەكو گەشتوگوزار تەنیا مۆڵەتی خواردن و خواردنەوەمان پێداون، چونكە تائێستا یانەی شەوانە نەكراوەتەوە".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure