دواڕۆژ پشکەکانی پارتی و یه‌كێتى و گۆڕان لە سێ سەرۆکایەتییەکە بڵاودەکاتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 06/02/2019‌ :: 21368‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتى و گۆڕان و پارتى پشكه‌كانى خۆیان دیاریكردووه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا گفتووگۆو ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ورده‌كارى دابه‌شكردنه‌كه‌ نه‌كراوه‌.


پارتى دیموكراتى كوردستان ژماره‌ و ناوى ئه‌و پۆستانه‌ى دیاریكردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ كابینه‌ى داهاتوو لاى بێت، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌یاخستووەته‌ به‌رده‌م شاندى یه‌كێتى و گۆڕان و چاوه‌ڕێن تاوه‌كو بزانن لایه‌نه‌كان داواى چ پۆستێك ده‌كه‌ن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، پارتى جگه‌ له‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و حكومه‌ت و جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، ڤیتۆى له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى (سامانه‌ سروشتییه‌كان و ناوخۆ و خوێندنى باڵا و ئەوقاف و ته‌ندروستى، فه‌رمانگه‌ى ده‌ره‌وه‌، ده‌سته‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا ) داناوه‌ و نایه‌وێت بیدات به‌ هیچ لایه‌نێك.

دواڕۆژ زانیویه‌تى، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان جگه‌ له‌وه‌ى داواى ژماره‌یه‌ك پۆستى به‌ڕێوبه‌رى گشتیى و بڕیكارى وه‌زیر و ڕاوێژكارى كردووه‌، له‌سه‌ ئاستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و حكومه‌ت و په‌رله‌مان، له‌ هه‌مانكاتدا داواى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و هه‌رێم و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و په‌روه‌رده‌ و پلاندانان و یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌تى سیادییه‌كانى له‌وانه‌ دارایى و پێشمه‌رگه‌ كردووه‌، له‌گه‌ڵ دوو نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك بریكارى وه‌زیرى كردوه‌.

هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا یه‌كێتی له‌سه‌ر ورده‌كارى پۆسته‌كان له‌گه‌ڵ پارتى گفتووگۆى نه‌كردووه‌، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و پڕۆژانه‌ى ئاماده‌كراون له‌لایه‌ن ئه‌و حزبه‌وه‌ داواى پۆستى (جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى ناوخۆ و دارایى و پلاندانان و كشتوكاڵ و خوێندنى باڵاو ڕۆشنبیرى و ته‌ندروستى و لاوان و شاره‌وانى و گه‌شت و گوزار، سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆكى سندوقى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و بریكارى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانیان) كردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردووى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتی و گۆڕان، داواى كردووه‌ له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا پێویسته‌ كاندیده‌كانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم یه‌كلابكرێته‌وه‌، دواتر بچنه‌ سه‌ر ورده‌كارى پشكى لایه‌نه‌كان له‌ حكومه‌ت.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوو، له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ڕابردوو شاندى باڵاى نێوانیان هه‌ردوولا پێشنیازى جیاوازیان هه‌یه‌ له‌ باره‌ى دیاریكردنى كاندیده‌كان بۆ پۆستە وزارییه‌كان و پۆستى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان، له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دواى ئه‌وه‌ى ناوى پۆسته‌كان بۆ یه‌كێتى یه‌كلاده‌كرێته‌وه‌، ئینجا یه‌كێتى ده‌ستده‌كات به‌ ڕاده‌ستكردنى ناوى كاندیده‌كان".

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان، یه‌كێتى بۆ ئه‌مه‌ دوو پێشنیازى هه‌یه‌، پێشنیازى یه‌كه‌م ئه‌وه‌ى بۆ هه‌ر پۆستێك زیاتر له‌ دوو كه‌س كاندید بكرێت بدرێته‌ په‌رله‌مان، دواتر ئه‌ندامانى په‌رله‌مان سه‌رپشك بێت له‌ هه‌ڵبژاردنى كه‌سه‌كان، پێشنیازى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ر پۆستێك دوو كه‌س له‌ مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كلابكرێته‌وه‌ پاشان بدرێته‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنى یه‌كێك له‌وانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌ر پۆستێك كاندیدێك دیاریبكرێت، پاشان سه‌رۆكى حكومه‌ت ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ربدات و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌شى هه‌بێت داواى گۆڕینى ئه‌و كه‌سه‌ بكات كه‌ پێشكه‌شكراوه‌.

دواڕۆژ ئەوەشی زانیوه، یه‌كێتی نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یە به‌ر له‌ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان ناوى كاندیده‌كان دیاریبكرێت، نه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدایه‌ ڤیتۆ به‌رامبه‌ر كاندیده‌كان له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ته‌وه‌ به‌كاربهێنرێت له‌كاتى ڕاده‌ستكردنى ناوى كاندیده‌كان.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ وتی: "یه‌كێتى له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتووى مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌كردایه‌تى كاندیده‌كانى خۆى بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان حكومه‌تى داهاتوو پێشكه‌شده‌كات".

وتیشى: "تاوه‌كو 18ى شوبات یه‌كێتى كه‌سێك بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان پێشكه‌شده‌كات".


(دوێنێ سێشه‌ممه‌ 5ى شوبات) مه‌حمود محەمه‌د، وته‌بێژى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی ڕایگه‌یاند:  تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ورده‌كارى پۆسته‌كانى حكومه‌ت گفتووگۆ نه‌كراوه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌وێته‌ دواى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و له‌ ڕۆژانى داهاتوو گفتووگۆى زیاتری له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌كرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure