باندێكى بازرگانیكردن به‌ شوێنه‌واره‌وه‌ ده‌ستگیركران

هەواڵ / عێراق :: 05/02/2019‌ :: 302‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: گروپێكى شه‌ش كه‌سى له‌ به‌غداى پایته‌خت ده‌ستگیرکراون كه‌ چه‌ند پارچه‌ شوێنه‌وارێكیان پێبووه‌. 

سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش عێراق زیاتر له‌ هه‌زار پارچه‌ شوێنه‌وارى دزراوى له‌ ئوردن وه‌رگرته‌وه‌.

لیوا سه‌عد معه‌ن، وته‌بێژى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ى شوباتی 2019) رایگه‌یاند: مه‌فره‌زه‌كانى هه‌واڵگرى تاوانى رێكخراوى سه‌ر به‌ ئاژانسى هه‌واڵگرى و لێكۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، گروپێكى شه‌ش كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ بازرگانیان بە شوێنه‌وارەوە كردووه‌.

روونیشیكردووەته‌وه‌: ئه‌و گروپه‌ به‌تاوانه‌كه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، ئەوەش دواى ئه‌وه‌ى بۆسه‌یه‌كى تۆكمه‌یان بۆ دانراوه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى به‌غداى پایته‌خت و هه‌موو رێوشوێنێكى یاسایى له‌ به‌رامبه‌ریان گیراوه‌ته‌به‌ر.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ رۆژى شه‌ممه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق 1300 پارچه‌ى شوێنه‌وارى عێراقى له‌ هاوتا ئوردنییه‌كه‌ى وه‌رگرته‌وه‌.

نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشکرایکرد: سه‌رۆك وه‌زیران له‌ رێوڕه‌سمێكدا 1300 پارچه‌ شوێنه‌وارى دانسقه‌ى عێراقى له‌ هاوتا ئوردنییه‌كى وه‌رگرته‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئوردن گه‌ڕاندبوویانه‌وه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌ى نووسینگه‌كه‌ى، عه‌بدولمه‌هدى سوپاسى خۆى ئاراسته‌ى عومه‌ر رزاز، سه‌رۆك وه‌زیرانى ئوردن كردوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئوردن ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌واره‌ دزراوانه‌دا گرتووه‌، دواتریش گه‌ڕاندویانه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌، له‌ رێوڕسمه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق جه‌ختیكردووەته‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌واره‌ دانسقانه‌ ئه‌گه‌رچى عێراقیین، به‌ڵام موڵكى هه‌موو مرۆڤایه‌تین گه‌ڕاندنه‌وه‌شیان قازانجێكه‌ بۆ عێراق و ئوردن.

پ: ن. ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure