به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایى: پاره‌ى پێویست بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ ئاماده‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 39157‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، ئاریان عه‌لى

دواى ئه‌وه‌ى به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ هۆكارى دواكه‌وتنى مووچه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ نه‌بوونى پاره‌ى نه‌ختینه‌ له‌ بانكه‌كاندا، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایى ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: پاره‌ى پێویست له‌ بانكه‌كاندا دانراوه‌.

بڕیاربوو (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ى شوباتى 2019) به‌ مووچه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى 11ى ساڵى 2018 ده‌ستپێبكات، به‌ڵام مووچه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ دواكه‌وت.

ده‌رباره‌ى هۆكاره‌كه‌شى پێشتر جەبار یاوەر، ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی نەبوونی پاره‌ى نه‌ختینه‌ (سیولە) لە بانکی هەرێم ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشنەکراوە.

به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ گه‌نجینه‌كانى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى دارایى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پاره‌ى پێویست له‌به‌رده‌ستدایه‌ و له‌ شه‌وى رابردوه‌وه‌ پاره‌ى مووچه‌ى دیوان و لیواكانى وه‌زاره‌ت گه‌یشتوونه‌ته‌ بانكه‌كان و ته‌نانه‌ت پاره‌كه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ بانكه‌كانى سلێمانى و گه‌رمیان و دهۆك.

ئه‌وه‌شى وت: "ته‌نانه‌ت بڕى پێویستى پاره‌ بۆ مووچه‌ى یه‌كه‌كانى 70 و 80 له‌ بانكه‌كان دانراوه‌" كه‌ بڕیاره‌ سبه‌ى مووچه‌ى ئه‌و یه‌كانه‌ دابه‌شبكرێت.

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ دواڕۆژی وت: سبه‌ى مووچه‌ی یه‌كه‌كانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ دابه‌شدەكرێت.

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ رۆژی دواتر كه‌ ده‌كاته‌ پێنجشه‌ممه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شده‌كرێت.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure