دابه‌شكردنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تێك دواكه‌وت

هەواڵ / کوردستان :: 05/02/2019‌ :: 45948‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، کۆچەر عەلی 

ئەگەرچی بەپێی ئەو بەرنامەیەی لە وەزارەتی دارایی دانراوه‌ دەبوایە ئه‌مڕۆ مووچەی مانگی 11ی 2018ی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاره‌ى نه‌ختینه‌ مووچە دابەشنەکراوە وه‌ك ئه‌وه‌ى به‌رپرسێكى وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌یڵێت.

جەبار یاوەر، ئەمنیداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ى شوباتى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی نەبوونی پاره‌ى نه‌ختینه‌ (سيولە) لە بانکی هەرێم ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشنەکراوە.

وتیشی: "سبه‌ى کێشەی نەبوونی سيولە چارەسەردەکرێت و دەستدەکرێت بە دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە".

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ یه‌كێك له‌ خه‌زێنه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی وت: سبه‌ى مووچه‌ی یه‌كه‌كانی 70 و 80ی پێشمه‌رگه‌ دابه‌شدەكرێت.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد كه‌ رۆژی دواتر كه‌ ده‌كاته‌ پێنجشه‌ممه‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ دابه‌شده‌كرێت.

به‌ڵام پاش دواكه‌وتنى مووچه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، پێده‌چێت مووچه‌ى ئه‌و یه‌كه‌ و وه‌زاره‌ته‌ش دوابكه‌وێت. دواڕۆژ له‌ هه‌وڵى وه‌رگرتنى زانیارى زیاتردا ده‌بێت و له‌كاتى گه‌یشتنى هه‌ر زانیارییه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاویده‌كاته‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure